داهێنەر و زانای گەورەی بواری پرۆگرام سازی (‏James Gosling‏) کە بە باوکی زمانی جافا ‏دادەنرێت ، لە ‏ساڵی (1955) لە دایک بووە لە شارۆچکەیەك نزیک لە شاری (‏Alberta‏)ی کەنەدا و خۆشی هەر بەڕەگەز کەنەدییە .‏

جەیمس گۆسلینگ لە ساڵی 1977 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی کۆمپیوتەردا لە زانکۆی کالجاری ‏لە ‏کەنەدا بەدەست هێناوە ، دواتر لە ساڵی 1983 داو لە زانکۆی (‏Carnegie Mellon‏) لە ئەمریکا ‏بڕوانامەی دکتۆراشی ‏هەر لە زانستی کۆمپیوتەردا بەدەست هێناوە ، وە نامەی دکتۆراکەی بە ناونیشانی ‏‏(‏The Algebraic Manipulation of Constraints ‏) بووە کە زانای ئەمریکی بەڕەگەز هندی (‏Raj Reddy‏) سەرپەرشتی ‏نامەی ‏دکتۆراکەی کردوە .‏

james_gosling_by_haniforep-d6ftdgs

کەوابێت جەیمس بە تەواوی کەسێکی ئاکادیمی بووە و تێکەڵ بوونی بەو ژینکە زانستیە ئاکادیمیە باڵایە‏ وای لێکردوە ‏دەرفەتی ئەوەی پێ ببەخشێت ببێت بە داهێنەرێك کە ئێستا تەواوی پرۆگرام ‏سازان قەرزاری ئەون ‏بەهۆی داهێنانەکەیەوە کە چەندە کارئاسانی کردوە بۆیان .‏

جەیمس لە سەروبەندی نووسینی نامەی دکتۆراکەیدا لەساڵی 1981 دا کۆدی یەکەم دەرچووی لە ‏بەرنامەی ئیدیتەری ئایماکس (‏gosmacs‏) بە زمانی (سی) نووسیووە .‏

جەیمس پاش بەدەست هێنانی دکتۆراکەی و پێش ئەوەی بچێتە کۆمپانیای (‏Sun‏) هەر لە هەمان زانکۆ ‏کە تێیدا دەیخوێند بۆ دکتۆرا بیرۆکەی فرە جێبەجێکاری لەسەر بنەمای کۆدەکانی یونێکس بنیات نا .‏

لە ساڵی 1984 وە هەتا ساڵی 2010 جەیمس لە کۆمپانیای (‏Sun Microsystems‏) کاری کردوە لە بواری ‏پرۆگرام سازیدا و هەر لەو کۆمپانیایەش تەواوی بەهرەکانی دەرکەوتن و زۆربەی بیرۆکەکانی جێبەجێ ‏کرد تا دوا ساتی مانەوەی لەو کۆمپانیایە بە کەسێکی گرنگ و تایبەت لە کۆمپانیادا دادەنرا , کاتێك لە ساڵی 2010 دا کۆمپانیاکە بوو بە بەشێك لە کۆمپانیای ئۆراکڵ ئیتر (‏James Gosling‏) ‏دەستی لە کارکێشایەوەو ماوەیەك دواتر ڕوی کردە کۆمپانیای گۆگڵ .‏

James Gosling

چۆن بووە داهێنەری زمانی جاڤا ؟

لە مانگی چواری 1991 دا جەیمس و دوو کەسی تر دەستیان کرد بە بنیات نانی پرۆژەیەک بۆ بنیات ‏نانی زمانێکی نوێ ی پرۆگرام داڕێژی ئەم زمانەش لە هەناوی کۆدەکانی (سی)ەوە سەرچاوەی دەگرت و ‏سەرەتا بە ناوی (‏Green Talk‏) پرۆژەکە دەستی پێکرد و پاشگری فایل لەم زمانەدا (‏gt‏) بوو پاش ‏چوار مانگ لە کارکردن لەسەر پرۆژەکەو بەدەست هێنانی ئەنجامێکی سەرەتایی لە کارەکەیاندا توانیان ‏یەکەم بەرنامە کە بەم زمانە بەرهەم هێنرابوو بەگەربخەن ، بەڵام ساڵێ دواتر گۆڕانکاری لە ناوی زمانەکەدا ‏کراو بەناوی (‏Oak‏) بڵاوکرایەوە کە پاشگرەکەشی هەمان ناو بوو .‏

بەم شێوەیە (‏James Gosling‏) ڕۆژ بەڕۆژ لە کارکردن بەردەوام بوو لەسەر ئەم زمانە نوێیە کە ‏یاریدەدەرێکی زۆر باشی ئامێرە ئەلیکترۆنیە بچوکەکانیش بوو هەتا بتوانێت بەرنامەی بچوکی لەسەر ‏بەگەڕبخرێت کە بەم زمانە داڕێژرابوون هەر ئەمەش هۆکارێکی گەورەی سەرکەوتنی کارەکە بوو ‏سەرەڕای ئەوەی کە بۆ ڕەنبوونی کۆدەکانی ئەم زمانە نوێیە کە جەیمس و هاوڕێکانی بەرهەمیان ‏هێنابوو پرسێسەری ئامێرەکەی هیلاک نەدەکرد و بەتەواوی گونجاو بوو .

جەیمس لە ساڵی 1994 دا وەك خۆی باسی دەکات دەستی کردوە بە دیزاین و داڕشتنی فیکرەی کاری کۆدەکان لە زمانی جاڤادا هەر بۆیە ئەم کارەی بە هێمنی و بە تەنیا ڕاپەڕاندوە بێگومان لەسەر هەمان ڕەوتی زمانی پرۆگرام سازی کە بەتەواوی نزیک ببێتەوە لە زمانی (++C) ، بۆ ڕونکردنەوەی کار و توانای ‏ئەم زمانە نوێیە جەیمس لە ساڵی 1995 دا لەکۆنفرانسێکدا بە وردی باسی ئەم زمانەی کرد و بۆ ‏خەڵکی ڕونکردەوە کە کارەکەیان بە چ ئەنجامێك گەیاندوە . ‏

هەر لە هەمان ساڵدا ناوی ئەم زمانە نوێیە لە (‏Oak‏) گۆڕا بۆ (‏Jave‏) و لە سەرەتادا بەبنچینەی کۆدەکانی (C++) فرمانەکانی داڕشتەوە بە زیاد کردنی دوو پلەسی تر بۆ ناوەکەی ویستی ناوێکی نوێ ی بۆ دابنێت بەڵام دواتر پاش دەرچوونی یەکەم ڤێرژن و مەشین و کۆمپایلەر و تایبەتمەندیەکانی تری بە تەواوی گۆڕانکاری بەسەردا هات و بوو بەم زمانەی ئێستا وە هەر لەم ساڵەدا یەکەم دەرچووی خرایە ‏بەردەست بەکارهێنەران ، هاو زەمان کۆمپیوتەری (‏NeXT‏) کە لەلایەن کۆمپانیاکەی (ستیڤ ‏جۆبز)ەوە بنیات نرابوو کارکردنی ئەم زمانەی لەسەر ئاسان کرابوو هەربۆیە یاریدەدەرێکی زۆر باشی ‏بەکارهێنانی زمانەکە بوو کەلەسەر هەمان کۆمپیوتەر زۆر بەباشی کاری لەسەر دەکرا .‏

پاش ئەوەی کۆمپانیای (‏Sun Microsystems‏) فرۆشرا بە کۆمپانیای ئۆراکڵ و خرایە ژێر دەستی ئەو ‏کۆمپانیاوە جەیمس ماوەیەکی کورت لەژێر چاودێری ئەواندا کاری کردو کارەکەی بەجێهێشت و ‏ماوەیەک بە بێ دەنگی مایەوە تا لەکۆتاییدا ڕوی کردە کۆمپانیای گۆگڵ و لەوێ وەک گەشەپێدەرێک ‏دەستی بەکارکرد ، بەڵام پاش بەسەربردنی نزیکەی پێنج مانگ گۆگلیشی بەجێ هێشت .‏

‏ دواتر ڕوی کردە کۆمپانیای (‏Liquid Robotics‏) کە لەژێر ناو نیشانی بنیات نانی سۆفتوێری تایبەت ‏بەچاودێری کەش و هەواو و ئامرازەکانی ژینگەدا لە شوێنە دورەدەستەکاندا دەستی بەکار کرد و لە ‏دروستکردن و برەو پێدانی پرۆگرام ڕێژی ئەو ئامێرانەدا دەستێکی باڵای هەبوو . ‏

دواکاری جەیمس کە ئێستاش پێوەی سەرقاڵە کارکردنە لە کۆمپانیای (‏Lightbend Inc‏) ئەم ‏کۆمپانیایەش بنیات نەرو گەشەپێدەری زمانێکی تایبەتە بە پرۆگرام سازیە بەناوی (‏Scala‏) کەهەمان ‏تەکینی جاڤا بەکاردەهێنێت لە ئێستادا و پێشتر بە تەکنیکی (‏DotNet‏) کاری دەکرد ، ئەم زمانەش ‏زمانێکی نوێییە و ئێجگار بەتوانایە و تەواوی تایبەتمەندیەکانی زمانی جاڤاشی تێدایە .‏

gosling-960x623

وەك ئاشکرایە جەیمس گۆسلینگ بە باوکی زمانی پرۆگرام سازی جاڤا دەژمێررێت بەڵام لە ماوەی ساڵانی کارکردنیدا خاوەنی چەندین داهێنانی ناوازەیە کە ئێستا سوودی بۆ تەواوی مرۆڤایەتیە لێرەدا بەکورتی دەیانخەینە ڕوو :

1 – جەیمس لەگەڵ هاوکارێکیدا بەناوی (David S. H. Rosenthal) لە ساڵی 1980 کاتێك لەکۆمپانیای (Sun Microsystems) دەستی بەکارکرد لەژێر چاودێری هەمان کۆمپانیادا بۆ یەکەم جار سیستەمێکیان دروست کرد بەناوی (Network extensible Window System) کە کورتکراوەکەی (NeWS) ە ، بەڵام نازناوی (SunDew) بۆدانا ، لەم سیستەمەدا کە ڕوکارێکی وێنەیی هەبەە دەتوانرا چەند ویندۆیەک یان چەند پرۆگرامێك لەیەك کاتتدا لەکاردابێت لەیەك ڕوکاردا و هەمووی بەکاربهێنرێت لەلایەن بەکارهێنەرەوە لە نایابترین سیفەتەکانی ئەم سیستەمەش ئەوە بوو دەکرا بەهۆی ماوسەوە فرمانی ئاراستە بکرایە بۆ کۆنترۆڵکردنی ویندۆزە بەگەڕخراووەکان .

2 – بیرۆکە و بنیات نانی سیستەمێك بۆ (Satellite Data Acquisition) : خۆی ئەم پرۆژەیە لە پێناو دیاریکردنی ڕوبەرێکی دیاریکراوی زەوییە بەهۆی مانگە دەستکردەکانەوە کاتێك بە دەوری زەویدا دەسوڕێنەوە و لە سنورێکی دیاریکراودا ،سیستەمەکەی جەیمس لە ئێستادا ئێجگار بەسوودە بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی لە ڕوبەرێکی دیاریکراوی زەوی و ئاگاداربوون لە گۆڕانکاریەکانی سروشتی ئەو ناوچەیە بەهۆی ناردنی زانیاری بۆ مانگە دەستکردەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ کۆنترۆڵەری مانگە دەستکردەکە .

3 – بیرۆکەی فرە جێبەجێکاری بۆ سیستەمی یونیکس (Multiprocessor UNIX) ئەم کارە چەندین جار ڕاپەڕاندنی فرمانەکان لە سیستەمەکەدا خێراتر دەکات و بیرۆکەکە لە ئێستادا لە تەواوی سیتەمەکاندا کارایەو هۆکاری ڕاپەڕاندنی کارەکەش هەر بۆ ئەم هۆکارە دەگەڕێتەوە کە لە یەک ساتتدا سیستەمەکە توانای جێ بەجێکردنی چەندین فرمانی هەیە بەڵام لە توانایەکی دیاریکراودا کە پەیوەستە بە پرۆسێسەرەکەوە .

4 – دروستکردنی سیستەمی بەڕێوەبردن بۆ ئیمێڵ و بەڕێوەبردنی ویندۆکان .

5 – دروستکردن و بنیات نانی دەستکاریکەر بۆ نووسین و دەست بەسەراگرتنی تێکست بۆ سیستەمە جیاوازەکان و لە ئێستاشدا هەر بیرۆکەی ئەوە کە ئیدیتەری جۆری (WYSIWYG) وا پێش خراوەو سوودی لێوەردەگیرێت لەسەر بنەمای کۆدەکانی سیستەمی یونیکس.

network extensible window system

خەڵات و ڕێزلێنانەکانی :

لەساڵی 2002 دا خەڵاتی ڕێزلێنانی (Economist Innovation Award) پێ بەخشرا لەبەرانبەر بنیات نان و دیزاینکردنی زمانی پرۆگرام سازی جاڤادا هەروەها جەیمس خاوەنی بڕوانامەی ڕێزلێنانی (Order of Canada) بە پلەی (Officer)ە  لە ساڵی 2007 دا پێ بەخشراوە کە بەرزترین پلەیە کە دەدرێت بە هاوڵاتی مەدەنی کەنەدی ، لە ساڵی 2013 دا ئەندامێتی خۆی لە (Association for Computing Machinery) ڕاگەیاند کە گەورەترین یانەی ئاکادیمیە لە بواری زانستی کۆمپیوتەردا ، وە لە ساڵی 2015 دا خەڵاتی (IEEE John von Neumann Medal) پێدرا کە دەبەخشرێت بە کەسانێك لە بواری زانستی کۆمپیوتەر و ئایتیدا خزمەتێکی بێ وێنەیان کردبێت .

جەیمس بە هاوکاری دوو لە هاوکارەکانی تا ئێستا دوو کتێبی پڕ بایەخی نووسیوە دەربارەی زمانی پرۆگرام سازی جاڤا لە ساڵی 2005 دا بڵاوکراوەتەوە کە دەروازەیەکی گرنگن بۆ چوونە ناوە جیهانی پرۆگرام سازی بەزمانی جاڤا .

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

لە دایك بووی ساڵی 1986 م و لە سلێمانی نیشتەجێم بڕوانامەی (Electronics and Computer Maintenance) و ( I C D L ) م بە دەست هێناوە ، لە ئێستاشدا خویندکاری زانستی کۆمپیوتەرم (Computer science) ، لە سەرەتای ساڵی 2002 دا بۆ یەکەم جار کۆمپیوتەرم کڕی و لەو ساڵەوە بە بەردەوامی هاوڕێ ی و هاودەمێکی هەمیشەییە بۆم ، بە ماوەی پچڕ پچڕ لە کاتە جیاوازەکاندا لەگەڵ بوارەکانی ( دیزاین و پرۆگرام سازی و وێپ داڕشتن نووسینی بابەتی ئای تی ) دا سەرقاڵبووم ، وە لە ساڵانی 2009 و 2011 دا لە بواری هاردوێردا کارم کردوە .

Comments are closed.