بێگومان لە نێوخۆماندا چەندان گەنجی بەتوانا و ئاست بەرز هەن کە ساڵانێکی زۆرە وەک سەربازێکی ون لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم و دەرەوەی هەرێمی کوردستان خزمەت بە گەلەکەیان ئەکەن ، و بۆیە پێم خۆشبوو نموونەی ژیان و سەرکەوتنەکانی کاک ئەیمەنتان بۆ بخەمە ڕوو ، تاکو ببێتە سیمبوولی گەشبینی و سەرکەوتنی تەواوی گەنجە نائومێد بوو لە خاکی وڵاتی خۆیان ، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بەڕێز ئەیمەن چەندان پرسیارمان لێ کرد دەربارەی ژیان و هەوڵدانی بۆ سەرکەوتن و پێمان خۆشە لە سیر تا پیاز هیچی لێ نەگێڕینەوە و بۆ ئێوەی خوینەری ماڵپەڕی تێک ئای باس بکەین.
تێک ئای: ئەیمەین سەبڕی کێیە؟!

–> ناوی تەواوم ئەیمەن سەبڕی ئیسماعیل ـــە لە دایکبووی ساڵی 1998 م و تەمەنم 23 ساڵە و دەرچووی کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری زانکۆی زاخۆ بەشی زانستەکانی دارایی و بانک و ئێستا پڕۆگرامەر و (فووڵ ستاک دێڤڵۆپەر)ــم.

تێک ئای: ئایا ئەیمەن لە زانکۆ وەک کاری گەشەپێدانی وێب و ئەپڵیکەیشن بلیمەت بووە؟!

–> بێگومان سوپاس بۆ خوا کە لەکۆی چوار ساڵ خوێندن و لە هەمبەریشدا کارکردن لەسەر بواری پڕۆگرامینگ و گەشەپێدانی وێب توانیم گرینگی بە خوێندنی زانکۆشم بدەم و هەر چوار ساڵەکە پلەی یەکەم داگیر بکەم لەسەر ئاستی بەشەکەم.

– تێک ئای: ئایا کەی یەکەم جاربوو ئەیمەن حەز و خولیای بۆ تەکنەلۆژیا دروست بوو؟!

–> لەوانەیە حەوت ساڵ پێش ئێستابێت کە بۆ یەکەم جار دەستم لە تەختەکلیکی کۆمپیوتەر دا بەڵام تەنانەت نەمدەزانی ئەم ئامێرە مەزنە چییە و تەنیا وەک تەلەفزیۆنێک ئەهاتە بەرچاوم کە کۆنتڕۆڵێکی گەورەی هەبێ بەڵام حەز و خولیای من بۆ ئەم بەناو تەلەفزیۆنەکراوەی ناو مێشکم وای کرد کە زیاتر لێی قووڵ ببمەوە.

– تێک ئای: باشە چۆن بوو ئاشنای ئەم بوارە بوویت و لە چیەوە دەستت پێ کرد؟!

–> دوای ناسینی ئامێرەکە و لێکجیاکردنەوەی لەگەڵ تەلەفزیۆن زانیم کە ئەمە تەلەفزیۆن نییە بەڵکو زۆر زیاتر لە بەژنی خۆی توانای خراپکردن یان بەرەوپێشبردنی مرۆڤایەتی هەیە ، بۆیە بڕیارمدا منیش ببم بە خێزانێک لەم کۆمەڵەیە و هەر لە سەرەتای ناسینی ئینتەرنێت دەستم کرد بە گەڕان و فێربوون لەناو ئەم ئامێرە و زۆر قوڕس بوو چونکە لەم کاتەی کە من دەستم پێ کرد سەرچاوەی کوردی زۆر زۆر کەم بوون و تەنانەت کۆمپیوتەرەکەش پشتگیری زمان و نوسینی کوردی نەدەکرد بۆیەش بۆ ماوەیەک سارد بوومەوە لەسەری بەڵام هەر زوو مێشکم ئاماژەی پێدام کە پێویستە ئەم ئامێرەی کە بەتەواوەتی بەبێکەڵکم ئەزانی بیکەم بە هاوڕێیەکی هەمیشەیی و گیانی بە گیانی خۆم بۆیەش دووبارە دەستم کرد بە گەڕان بەدوای سەرچاوەی ئینگلیزی و عەڕەبی لەبەر ئەوەی زمانی عەڕەبیم زۆر باش بوو توانیم زانیاری باش کۆبکەمەوە ، بەڵام بەردەوام مێشکم پرسیاری لێدەکردم کە ئەو پەڕەیەی بەردەوام بەکاری دێنم بە ناوی گۆگل چۆن دروست کراوە؟ ئایا بەڕاست من چۆن لهسەر ئەم وێنانە تێکست ئەنووسم؟ چۆن ئەتوانم کۆنتڕۆڵی ئەپڵیکەیشنەکان بکەم تەنیا بەو کۆنتڕۆڵە مەزنەی پێشم و ئەم شتە بچووکەی کە ناوم لێنابوو کەلەم کە لەڕاستیدا ماوس بوو😄 و لە درێژەی ئەم بیرکردنەوەیە دواجار ئاشنای وێب پڕۆگرامینگ بووم و ئاشناییەکی باشم پەیا کرد لەگەڵ وێب و بۆ یەکەم جار لەژیانم HTML م بەکار هێنا و زۆر دڵخۆش بووم لەگەڵی کە وەک سیحرێک ئەهاتە پێش چاوم و زۆر سەرسام ئەبووم بەخۆم و هەر ئەم سەرەتایە پێکەنیناویەش بوو کە ئەم ئەیمەینەی ئێستای دروست کرد.

تێک ئای: ههههه هەر بژی بە ڕاستی چیرۆکێکی زۆر خۆشت هەیە بەڵام درێژە بە ڕابردووی ئەیمەن نادەین و با کەمێ باسی ئێستا بکەین ، بۆچی لەتاو هەبوونی ئەو حەزە مەزنە بۆ ئەم بوارە نەچوویت بەشێک لە بەشەکانی کۆمپیوتەر بخوێنی لە زانکۆ؟ لەجیاتی بەشێک کە هەریگیز لە هیچ پێشینەیەکت لەگەڵی نەبووە؟!

–> ئەیمەن: بێگومان پرسیارێکی جوانە و هەر لە سەرەتاشەوە زۆر حەزم بە بەشەکانی کۆمپیوتەر بوو و ئەشتوانم بڵێم کە هوایەک بوو بۆ خوێندن و بەرەو پێشبردنی خۆم بەڵام دوای ماوەیەک لەخۆمەوە چیتر ئەم حەزەم نەما و زانیم کە هەڵدانی تاکە کەسی باشترە بۆم و هەر بۆیەش بۆ تەواوکردنی خوێندن و بەدەست هێنانی شەهادە پلانی خوێندنم گۆڕی و هەموو بەشەکانی ترم هەڵبژارد بێجگە لە بەشەکانی کۆمپیوتەر چونکە مێشکم وا بڕیاری دابوو.

– تێک ئای: باشە ئەیمەن هیچ دەستکەوتێکی هەیە بۆ ئەم کارانەی ئەیکا؟!

–> بێگومان دوای چەندان ساڵ کارکردن لە بواری وێب ئەپڵیکەیشن و پڕۆگرامینگ ساڵی پار واتە 2020 بەژداریم لە خەڵاتی دەزگای ڕوانگە کرد و پلەی یەکەمم بەدەست هێنا لەسەر ئاستی پڕۆگرامسازی.

– تێک ئای: ئایا ئەیمەن لە درێژەی ئەم ساڵانەدا کاری بۆ چەند شوێن کردووە؟!

–>> ئەیمەن: بێجگە لەو ئەپڵیکەیشنانەی کە فکرەی خۆم بوون و بۆ خزمەتی گەلەکەم دروستم کردوون کە ژمارەیان زیاترە لە 10 ئەپڵیکەیشن + ماڵپەڕ ، کارم بۆ زیاتر لە 40 کۆمپانیای نێوخۆیی کردووە.

– تێک ئای: ئەی باشە ئێستا ئەیمەن چ کارێک ئەکا و چ پڕۆژەیەکی هەیە؟!

–> ئەیمەن: بێگومان دوای ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی کە چەشتم لەم حەوت ساڵەی ژیانمەوە چەندان ئەزموونی جیا جیام وەرگرت و سوپاس بۆ خوا کە ئێستا خاوەنی چەندان ئەپڵیکەیشن و وێبسایتی تایبەت بە خۆمم و هەروەها بەڕێوەبەر و ڕێکخەری پێشانگای تەکنەلۆژی و سکوێریتی و ئابووریمە بەناوی بادێکس (Badinan Exhibition 2022) و هەروەها چەندان کۆرسی پڕۆگرامینگم کردۆتەوە بە زمانی کوردی بادینی و لە پلاتفۆڕمی تایبەت بەخۆم بەناوی ayman.krd ـــەوە دامناون تاکو ئەو گەنجانەی کە خولیای ئەم بوارانەیان هەیە بەهەمان ڕێگای مندا نەڕۆن و ئەم بەربەستانەیان نەکەوێتە پێش و سوپاس بۆ خوا کە 1340 قوتابیم هەیە لە ئێستادا و خۆشحاڵم کە ئەم ماندووبوونەم بەفیڕۆ ناچی ۆ لەکۆتاییدا زۆر سوپاس بۆ ماڵپەڕ و ستافی تێک ئای کە وەک هەمیشە پێشەنگ و خەمخۆری گەنجان بوون و سوپاس بۆ ئەم دەرفەتەی کە بە ئەیمەنتان بەخشی و ئەمە گەوەرەییە بۆ من و هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوە و هەموو گەنجانی وڵاتەکەم ئەخوازم.

– تێک ئای: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش بەڕێز ئەیمەن ئێمە وەک ستافی تێک ئای خۆشحاڵ و سەربەرزین بە هەبوونی گەنجانی وەک ئێوە لە وڵاتەکەماندا کە لە کۆی هەبوونی ئەم هەموو ناخۆشییەی کە لەم وڵاتەی ئێمەدا هەیە هێشتا هەر بەردەوام بوون و کڕنۆشی شکستتان بەرامبەر بەم باروودۆخە دانەداوە ، و ئێمەش وەک ستافی تێک ئای هیوای سەرکەوتن بۆ تۆ و هەموو گەنجانی وڵاتەکەمان ئەخوازین و هیوامان وایە چ زوو چ درەنگ پێکەوە بتوانن ناوی کوردستان بخەینە نێو لیستی وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکان لە بواری تەکنەلۆژیا و سوپاس بۆ بەژداریکردن لە پەڕگەی کەسایەتیەکانی تێک ئای.

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

Reverse Engineer | Pentester | Web Developer | Programmer

Comments are closed.