هەندێك بەكارهێنەری فەیسبووك بە تایبەتی كوڕان، بەردەوام خەریكی تەڵە دانانەوەن بۆ كچان، زۆرجار كچان لەو تەڵانە دەردەچن و هەندێكجاریش پێوەدەبن، وەكو ئەو كچەی كە لێرە چیرۆكەكەی باس دەكەین.

ئەو كچە بۆی گێڕاینەوە و گوتی “من بەكارهێنەرێكی چالاكی فەیسبووكم، جگە لەوەی بەردەوام پۆست دەكەم، كۆمێنت بۆ هەندێك لە هاوڕێیانم و پەیجەكانیش دەنووسم. رۆژێكیان كۆمێنتێكم بۆ پەیجێك نووسی، زۆری پێنەچوو، لە مەسینجەرەوە نامەیەكم بۆ هات، زۆری پێدا هەڵگوتبووم و نووسیبووی دەمێكە بەدوای كچێكی رۆشنبیر و رۆمانسی وەكو تۆدا دەگەڕێم، چوومە نێو ئەكاونتەكەت بەراستی لە پۆستەكانت بۆم دەركەوت كە كەسێكی رۆشنفكری، هەست ناسكی، بۆیە حەز دەكەم ببینە هاوڕێ‌، كاتێك پرسیم لێی لە كوێ‌ دادەنیشی، گوتی لە ئەوروپام، چەند وێنەیەكی خۆیشی بۆ ناردم، وێنەكانی زۆر سەرنجڕاكێش بوون، زیاتر لە ئەكتەر و شتی وا دەچوو. من باوەڕم بە قسەكانی كرد”.

قسە و نامە گۆڕینەوە لە نێوان كچەكە و كوڕەكە بەردەوام بووە، تا ئەو رۆژەی كوڕەكە گوتوویەتی دەگەڕێمەوە كوردستان و مارەت دەكەم، ئیدی متمانەی كچەكە بە كوڕەكە زیاتر دەبێ‌، بەڵام كوڕەكە مەرجی هەبووە. ئەو كچە باسی مەرجەكە دەكات و دەڵێت: “پێیگوتم بەڵام بەر لەوەی بێمە لات حەز دەكەم هەندێك تاتوو بكەی و نەشتەرگەریی جوانكاریش بۆ لووتت بكەی، كرێمیش بەكاربهێنە، ئەگەر پارەشت نییە، من پارەت بۆ دەنێرم، بەڵام من گوتم كێشە نییە پارەم هەیە، حەزم نەكرد خۆم لاواز نیشان بدەم بەرامبەر ئەو.

كوڕەكە تەلەفۆنی بۆ كردمەوە، پزیشكێكی برادەرم كە پزیشكی جوانكارییە دێتە لات و كرێمەكانت بۆ دێنێ‌، منیش گوتم خۆم دەچمە لای، بەڵام ئەو گوتی عیادەی نییە، زۆرتر دەچێتە ماڵان، یان كچان دەچنە لای، منیش گوتم كێشە نییە ناونیشانی ماڵی خوشكەكەی خۆمم پێدا و هات بۆ ئەوێ‌، دوو سێ‌ كرێمی دامێ‌، بەڵام پارەیەكی زۆری لێوەرگرتم.

هەندێك وێنەی جەستەشی گرتم بۆ ئەوەی دواتر تاتووی لەسەر بكەم. دوای ماوەیەك دیسان بە كۆمەڵێك كرێمەوە گەڕایەوە و گوتی ئەوانەش بەكاربهێنە، پارەیەكی زۆرتر لە جاری پێشووی لێوەرگرتم، گوایە  كرێمەكان ئەسڵین. دوای سێ‌ رۆژ تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی دەزانی برادەرەكەی ئەوروپات مرد؟ ئیدی تەلەفۆن و چات لە نێوانمان نەما. دوای ماوەیەك هەر ئەو دكتۆرە پەیوەندی پێوەكردم و نامەی نارد كە پەیوەندیمان هەبێ‌، بەڵام من رەتمكردەوە، كەچی ئەو واز ناهێنێ‌ و دەڵێت ئەگەر پەیوەندیم لەگەڵ نەبەستی ئەو وێنانە بڵاودەكەمەوە كە بۆ تاتۆ گرتبووم”.

كچەكە ئاستی رۆشنبیری و هۆشیاریی بەرز بوو، بۆیە توانی بە رێگایەكی ئاسان خۆی لەدەست فێڵ و تەڵەكەكانی ئەو كوڕە رزگار بكات. تەلەفۆن بۆ كوڕەكە دەكات كە یەكدی ببینن، ئێمەشی ئاگادار كردەوە، كاتێك گەیشتنە لای یەكدی، هەردووكیان هێنران بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكەمان. لە كوڕەكەمان پرسی، تۆ پزیشكی؟ گوتی: نەخێر من تەنیا هەندێك شارەزاییم لە جوانكاریدا هەیە. بەڵام كچەكە هاواری بەسەردا كرد و گوتی نەخێر تۆ فێڵبازی، هەمان ئەو كەسەشی كە گوتت لە ئەوروپام، كوڕەكە نكۆڵی لەوە كرد. كچەكە لە ترسی كەسوكاری نەیوێرا سكاڵا تۆمار بكات، بۆیە بەڵێننامە بە كوڕەكە  پڕ كرایەوە كە وێنەكانی كچەكە رەش بكاتەوە و دۆسیەكەیان داخرا.

ئەگەر ئەو كچە سكاڵای تۆماركردبا، ئەوە بەپێی ماددە 456 لە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكەی دەكرا. ماددەكە دەڵێت: “سزا دەدرێت بە حەپسكردن، هەر كەسێك بە رێگای فرتوفێڵ یان ناوی درۆ یان سیفەتێكی ناڕاست كەسێك لە خشتە ببات و دەستی بگاتە ماڵ و سامانی گواستراوە و نەگواستراوەی”.

ژیلەمۆ عەبدولقادر
S:Rudaw

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

دەرچووی كۆلێژی زانست - بەشی كۆمپیوتەر م ، 4 ساڵ وەكو گرافیك دیزاینەر كارم كردوە ،بەشداری چەندین خولی نێودەولەتیم كردوە خاوەنی زیاتر له‌ ١٢ بڕوانامه‌ى نێوده‌وله‌تیم (ئەمریكى، هۆڵەندی ، نه‌رویجى ، توركی )لە بواری كۆمپیوتەر و ئینتەرنێت. سەرۆكی ڕێكخراوی تێك ئای بۆ خزمەتگوزاری تەكنەلۆژیای زانیاری... ئامانجی ئێمە پشتگیری و پاڵپشتی كردنی شارەزایانی بواری تەكنەلۆژیایە و پەرەدانە به‌ بەرهەمەكانیان.......

Comments are closed.