بەرنامەی فۆتۆشۆپ : بەرنامەیەكە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ وێنەدا بنیات
نراوە واتا كار لەسەر پێكهاتەی وێنە دەكات و هەر بەرهەمێك لەم بەرنامەیەوە كاری تێدا بكرێت بە وێنە دەدرێت لەقەڵەم ، ئەم بەرنامەیە تەنها كار لەگەڵ وێنەی دیجیتاڵیدا دەكات و ئەگەر بەو جۆرەش نەبێت خۆكارانە بەرنامەكە وەری دەگێڕێت و هەڵی دەوەشێنێت و پێك هاتەكەی بە شێوەی پێكسڵ دەخاتە بەردەست بۆنمونە ئەگەر تابلۆیەكی كێشراو ڕابكیشینە ناو بەرنامەكەوە ئەوا هەر وەك ئەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكات كە بە كامێرایەكی دیجیتاڵی وێنەكە گیرابێت .

ئەم بەرنامەیە كاتێك بەكاردێت بەكارهێنەر بیەوێت گۆرانكاریەك لە وێنەیەكدا بكات ئیتر چ جوانكاری بێت یان زیادكردن و كەم كردنی بەشێك لە وێنەكەبێت یاخود جێبەجێكردنی یەكێك لە ئەركەكانی وەك ڕونكردنەوە یان تاریك كردن یاخود گۆڕینی ڕەنگی ئەو وێنەبێت بە هەر ڕەنگێكی تر ، بەرهەمی ئەم بەرنامەیە بەچەندین پاشگری جیاواز دەپاریزرێت بەڵام ئەو پاشگرەی كە بە بەرنامەكە دووبارە گۆڕنكاری تێدا دەكرێت و وەك خۆی كاریگەری و لایەرەكانی تێدا دەپاریزرێت پاشگری (PSD) كە كورتكراوەیە بۆ (Photo Shop Document) ، ئەم بەرنامەیە لەم دواییەدا هێندە بەتوانا بوو كە كاری گرافیكی ئێجگار نایابی پێدەكرێت بەجۆرێك ئەگەر كەسێك بتوانێت شارەزایی تێدا پەیدا بكات بەتەواوی ئەوا دەتوانێت وێنەی پێ دروست بكات كە نزیك دەبێتەوە لە وێنەیەكی ڕاستی كە بە كامێرایەكی دیجیتاڵی گیرابێت .

ئەم بەرنامەیە چۆن دروست كراوە ؟ كێ بنیاتی ناوە ؟

بیرۆكەی بەرنامەی فۆتۆشۆپ لەسەرەتادا لەلایەن كەسێكەوە دارێژراوە بە ناوی (Thomas Knoll) لە ڕاستیدا لە سەرەتای ساڵی هەشتاكانەوە دا كاتێك كۆمپیوتەری ماك ڕوكارە وێنەییەكەی خستە بازاڕەوە ئەم پرۆگرامەرە كەوتە بەرهەم هێنانی بەرنامەیەك كەكار لەسەر وینە بكات و بتوانیت گۆرانكاری تێدا بكات ، سەرەتاش بەرنامەیەكی بەرهەم هێناو پیشانی براكەی دا بە ناوی (John Knoll) هەتا بیرورای خۆی لەسەر بڵێت ، كاتێك جۆنی برای بەرنامەكەی بینی پی ی باش بووە كە بەرەو پێشی ببەن بەس نەك وەك بەرهەمێكی بازرگانی بەڵكو وەك بەرنامەیەكی بەردەسی خۆیان تابتوانن كاری خۆیانی پێ بەرێ بكەن ،  ئەم دوو پرۆگرامەرە كە برای یەكن لە ئێستادا كاتێك پرسیاری ئەوەیان لێكراوە ئایا قەد بڕوایان كردوە ڕۆژیك ئەم بەرهەمە دارێژراوەیان ببێتە یەكێك لە گرنگترین بەرنامەكان ؟ سەرسامی خۆیان دەربریەوە بەو كارەو هەرگیز بڕوایان نەكردوە كە كارەكەیان تا ئەو ڕادەیە پڕ سوود بێت و ببێتە باشترین هۆكار بۆ گۆرانكاریكردن لە وێنەدا .

دەرچووەكان و ماوەی گەشەكردنی و تایبەتمەندیەكانی فۆتۆشۆپ :

تا ساڵی 1988 بەرنامەیەك نەبوو بتوانێت كار لە وێنەدا بكات بەڵام (Thomas Knoll) كە خەریكی پرۆژەیەك بوو بۆ (Image Processing) توانی دەرچوێك بۆ گۆرانكاریكردن لە وێنەدا بەشیوەیەكی تاقیكاری بەرهەم بهێنیت ئەم كارەشی بێگومان بە یارمەتی و هاوكاری براكەی بوو سەرەتا ناوی نا (Image Pro) ، بەڵام كاتێك بڵاوی كردوە بە ناوی (Display) بەرنامەكەی ناساند ، لە ساڵی 1989 دا دووبارە ئەم بەرنامەیە كەبەمەبەستی كاركردن لەوێنەی دیجیتاڵیدا بەرهەمیان هێنابوو كەوتنەوە گۆرانكاریكردن و داڕشتنەوەی كۆدەكانی ، دواتر هەر لەهەمان ساڵداو بەشێوەیەكی بازرگانی و بەسەربەخۆ لە رێگای كۆمپانیایەك بە ناوی (Barneyscan XP) دووسەد دەرچووی لە بەرنامەیەك بڵاوكردوە بە ناوی (Photoshop) وە بیگومان ئەمەش هەر ئەو ناوەیە كە ئێستا هەیەتی هاوپێچ لەگەڵ بەرنامەكەشدا لە شێوەی ڕێبەرێكدا لایەنە گرنگەكانی بەرنامەكەو فێركاریەكی سەرەتایی دانرابوو تا بەكارهێنەر بتوانێت بە بەرنامەكە ئاشنابیت و بتوانێت كاری تێدا بكات .

كاتێك كۆمپانیای ئەدۆب پەیوەندی بەم دوو پرۆگرامەرەوە كرد بەمەبەستی وەرگرتنی مافی بڵاوكردنەوەی ئەوانیش ڕازی بوون لەسەر گرێبەستەكەو بوون بە بەشێك لە كۆمپانیای ئەدۆب ، دروست لە كۆتایی ساڵی 1989 داو كاتێك نۆ مانگ بەسەر دەرچوونی یەكەم ڤێرژنی فۆتۆشۆپدا تێپەڕبوو بوو كە ناونرابوو (Adobe Photoshop 0.87) دەرچووێكی نوێ لە ژێر مەرج و ڕاسپاردەكانی كۆمپانیای ئەدۆبدا بەناوی (Adobe Photoshop 1.0) بڵاوكرایەوە لە ساڵی 1990 دا ، ئیتر لەم ڤێرژنەوە بەتەواوی بەرنامەكە لە لایەن كۆمپانیای ئەدۆبەوە سەرپەرشتی دەكراو هەردوو پرۆگرامەر (جۆن و تۆماس) بەردەوام كەسی نوێیان دەهێنایە ناو ستافەكەوە هەتا برەوەی زیاتر بدەن بە توانای بەرنامەكە .

لە ساڵی 1991 دا (Adobe Photoshop 2.0) بڵاوكرایەوە :

ئەم دەرچووە تەنها لەسەر كۆمپیوتەری ماكنتۆش بەگەڕدەخرا و چەندین ئامرازی نایاب بۆ توڵەكانی دەستەچەپی بەرنامەكە زیادكراوە تێیدا ئەم ئامارازنەش بەهۆی پێنوسێكەوە كە بۆ بەرنامەكە زیاد كرابوو بەكاردەهێنرا ، سەرباری ئەوەش بەرنامەكە بەشێوەیەك رێكخراوە كە بەهۆی ڕوكارێكی وێنەییەوە دادەمەزرێنرێت و ڕێنمایی تایبەت بە بەكارهێنانی بەرنامەكەشی هاوپێچ كراوە لەگەڵیدا ، لەم دەرچوەوە توانرا پشتیوانی (CMYK color) بەدی بهێنرێت ، مەبەست لەم چوار وشەیەش ئەو چوار ڕەنگە سەرەكیەیە كە پرێنتەرە ڕەنگاوڕنگە سەرەتاییەكان پشتیان پێ دەبەست .

وە لە ساڵی (1992) دا (Adobe Photoshop 2.5) بڵاوكرایەوە :

بۆ یەكەم جار لەم دەرچوەوە كۆمپانیای ئەدۆب پشتیوانی سیستەمی ویندۆزی كرد و توانرا هاوشێوەی كۆمپیوتەری ماكنتۆش لەسەر كۆمپیوتەری كەسی كە سیستەمی مایكرۆسۆفت ویندۆزی لەسەر بوو لەگەڵ سیستەمی (IRIX) كەلەسەر بنەمای كۆدەكانی (UNIX System) كەلە لایەن كۆمپانیای (Silicon Graphics) بەرهەم هێنرابوو دابمەزرێنرێت .

لەم دەرچووەشدا جگە لە چارەسەركردنی كێشەكانی دەرچووەكەی پێشوو چەند دوو تایبەتمەندی بۆزیادكراوە ئەوانیش :

1 – پشتیوانی لیستەڕەنگی (16-bit) دەكرد واتا كوالیتی وینەكان دوو هێندەی پێشوو ڕونتر كاری تێدا دەكرا .

2 – تەكنیكی دامەزراندنی بەرنامەكە لە ڕێگای سیدی ڕومەوە بەردەست خرا .

وە لە ساڵی (1994) دا (Adobe Photoshop 3.0) بڵاوكرایەوە :

كە لە سەرەتادا تەنها پشتیوانی كۆمپیوتەری ماكنتۆشی كرد بەڵام ماس مانگطك لە دەرچوونی ڤێرژنێكی تایبەتی بە ویندۆزیش بڵاوكردەوە ، گرنگترین داهێنان كە تێیدا كرا دەستەبەر كردنی چینەكان بوو (Layers) هەتا بتوانرێت وێنەكان لەسەر یەكتر دابنرێت و تێكەڵ یەك بكرێن .

وە لە ساڵی (1996) دا (Adobe Photoshop 4.0) بڵاوكرایەوە :

بۆ هەردوو سیستەمی ماك و ویندۆز بەردەست بوو ، گۆڕانكاری نوێ لە ڕێكخستنی لایەرەكاندا كرابوو كە ئاسانتر بوو كاركردن لەچینەكانیدا ، هاوكات تەكنیكی ئەكشن زیاد كرا بۆ گۆڕانكاریكردنی خێرا بەسەر وێنەكاندا .

وە لە ساڵی (1998) دا (Adobe Photoshop 5.0) بڵاوكرایەوە :

بەهەمان شێوەی دەرچووی پێشوو لەسەر هەردوو سیستەمی ماك و ویندۆز دادەمەزرێنراو پشتیوانی پاشگر گۆڕین بۆ وێنەكانی تێدا زیاد كرا واتا (Extinction) وێنەكان بە ئاسانی مامەڵەی پێوە دەكرا وەك گۆڕانكاریكردن تێیداو دواتر لە كاتی پاراستنیشیدا دەتوانرا بگۆڕرێت بە جۆرێكی تر ، هەروەها گەڕانەوەی هەنگاوەكانی تێدا زیاد كرا بۆ نمونە ئەگەر كەسێك چەندین فرمانی جێ بەجێكردبیت بەسەر وێنەیەكدا ئەوا هەنگاو بە هەنگاو دەتوانرا بیگەرێنینەوە بۆ سەرەتا ، لەكاتێكدا لەدەرچووەكانی پێشودا تەنها یەك هەنگاو دەگەڕێنرایەوە دواوە ، ڕەنگەكان لەم دەرچووەدا بەئاسانی دەستی بەسەردا دەگیرا چونكە كۆنترۆلێكی تایبەت بەڕەنگەكان دانرابوو ، لەبەرگرتنەوەی شوێنێك و دانانەوەی لە شوێنێكی تردا یەكێكی تر بوو لە تایبەتمەندیەكانی ئەم دەرچووە كەبە ئامرازی (Magnetic Lasso) ناسراوە .

وە لە ساڵی (1999) دا (Adobe Photoshop 5.5) بڵاوكرایەوە :

بۆماك و ویندۆز لە یەك كاتتدا و لەدوای ئەم دەرچوەوە بەردەوام لەیەك كاتتدا و بەهەمان تایبەتمەندیەوە بەرنامەكە بۆ هەردوو سیستەمەكە بڵاو دەكرایەوە ، لەم دەرچوە بەدواوە تەنها پاڵپشتی ماكنتۆش و ویندۆزی دەكرد و پشتیوانی هیچ سیستەمێكی تری نەكردوە تا ئێستا ، هەر لەم دەرچوەوە بۆ یەكەم جار پاشكۆ بەرنامەی (Image Ready) لەگەڵدا دانرا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ وێنەی جوڵاودا (gif) ، ئەم تەكینیكە زیاتر لە وێبدا گرنگی پێدراو بەرنامەكە لەم دەرچوەدا بە تەواوی یاریدەدەری وێب سازان بوو تا بتوانن وێنەكانی ناو ئەم بەرنامەیە پاش چاكسازیكردن تێیدا تێكەڵ بە تێكستەكان بكەن بۆ ئەم كارەشئامرازێك دانرا بۆ پاراستن بە تایبەتمەندی وێبەكان بە ناوی (Save for Web) ، سەرباری زیادكردنی هۆكارێك بە ناوی (Extract) بۆ دەرهێنانی پرۆژەكە بە تەكنیكی جیاواز .

وە لە ساڵی (2000) دا (Adobe Photoshop 6.0) بڵاوكرایەوە :

جگە لە چارەسەركردنی كێشەكانی دەرچووی پێشوو توانرا تایبەتمەندی بەسەر لایەرەكاندا جێ بەجێبكرێت و فلتەر بۆ لایەرەكان دابنرێت ، كۆمەڵێك گۆڕانكاریش بكرێت لە توڵەكەی لای ڕاستتدا وەك توانا پێدان بە ئامرازەكان زیاد كردنی توانای هەندێكیان ، هەروەها زیادكردنی ئامرازەكانی ئاراستە سازی (Vector Shapes) چەند شێوەیەكی جیاواز كە لەسەر وێنەكان زیاد دەكرێت بەمەبەستی جیاواز .

وە لە ساڵی (2002) دا (Adobe Photoshop 7.0) بڵاوكرایەوە :

ئەم دەرچووە سەركەوتنێكی ئێجگار گەورەی بەدەست هێناو تەواو جێگیرە لە كاردا توڵەكردارەكانی ناو بەرنامەكە بەڕادەیەك پێشكەوتوو بوو تا ئێستاش شتێكی ئەوتۆی بۆزیاد نەكراوە ، تەواوی ئەو توانایەی لە دەرچووەكانی پێشودا هەبوو لێرەدا چەندین بەرانبەر زیاد كراوەو خێرا تر كراوە لە بەكارهێناندا ، پاشگرە فایلەكان تێیدا تەواو پێشكەوتوەو تەواوی جۆرەكانی تێدا پاڵپشت كراوە ، سەرباری زیادكردنی ئامرازێك بە ناوی (Plugin) كە چەندین تایبەتمەندی و توانای زیاتر دەدات بەبەرنامەكە لە مامەڵەكردن لەگەڵ وێنەدا ، هەر لەم دەرچوەوە بۆیەكەم جار (Camera Raw plug-in) خرایە كارو یاریدەدەرێكی ئێجگار باشی بەرنامەكە بوو لە ڕوناككردنەوەو تاریك كردن و زاڵكردنی ڕەنگێك بەسەر ڕەنگێكی تردا ، تێكست نووسین لەم دەرجووەدا مامەڵەیەكی وێنەیی لەگەڵدا دەكرێت و هەموو تایبەتمەندیەكانی وێنەی بەسەردا جێبەجێ دەكرێت وەك (Vector) وایە ، ئامرازەكانی بڕین و شێوەی بڕینی بەشێك لە وێنەكان زیاد گرنگی پێدراو ئاسانكاری زیاتری تێداكرابوو ، لەم دەرچوەوە یەكەم پڵەگین بە ناوی (Camera RAW) زیاد كرا لە بەرنامەكەدا كە چەند كردارێكی تایبەتی بەسەر ڕەنگی وێنەكەدادەهێنا ، واتا بەشێوەیەكی زیرەكانە مامەڵە لەگەڵ ڕەنگی وێنەكەدا دەكرا  .

وە لە ساڵی (2003) دا (8.0 Adobe Photoshop CS) بڵاوكرایەوە :

ئەم دەرچووە هەرگیز بەراورد ناكرێت بەوانەی پێش خۆی ئەگەرچی ماوەی مانەوەی بەكارهێنەر لەسەر ئەم دەرچووە كەم بوو بەهۆی نوێكاریەكانی دەرچووی پاش خۆیەوە بەڵام لەڕاستیدا ئەم دەرچووە ئێجگار بەتوانابوو تەنانەت بەكارهێنەر نەیتوانی بەتەواوی ئاشنای هەموو تایبەتمەندیەكانی ببێت بەهۆی دەرچووەكەی پاش خۆی هەرچۆن بێت ئەو توانایەی لەم دەرچووەدا هەبوو بەتەواوی لە دەرچووەكانی پاش خۆیدا ڕەنگی دایەوەو تەواوی كەلینەكانیشی چارەسەركرابوو .

ئەمەش هەندێك لە گۆرانكاریەكان بوو كە تێیدا كرابوو :

1 – زۆربەئاسانی دەتوانرا بەدوای  ئەو كردارانەدا بچێتەوە كە بەسەر وێنەكەتدا هێناوە ، بێگومان هەنگاو بە هەنگاو هەموو فرمانەكانی پاراستبوو تێیدا ، بەدوو ڕێگەش كارەكە جێ بەجێ دەكرا یەكەم دۆزینەوەی كارەكەو سڕینەوەی بە كلیكێك یاخود هەنگاو هەنگاو بۆ پاشەوە بگەڕێیتەوە یان پێشەوە  .

2 – ئامرازی (Fill Flash) زیادكرا لە فلتەرەكاندا هەتا بتوانرێت ڕونكردنەوە یان ڕەنگی شوێنێكی پی زیاد و كەم بكرێت یاخود بتوانرێت ڕوبەڕێك لە وێنەیەك ڕوناك بكاتەوە لەگەڵ چەندین فلتەری تر كە بۆ یەكەم جار دەخرانە بەردەست بەكارهێنەران .

3 – بەستنەوەی وێنەكان پێكەوە بەتەواوی ئاسانكاری تێدا كرابوو هەتا دیزاینەر بتوانێت چەند وێنەیەك بخاتە سەر یەك و لە ڕوبەرێكدا كۆیان بكاتەوە .

4 – دووەم دەرچوو لە ئامرازی (Camera RAW) خرایە بەردەست كە تایبەتمەندی زیاتری لەسەر دانرابوو .

5 – برینی بەشێك لەوێنەكە بەهۆی ئامرازی (Crab) وە ئەگەرچی لە دەرچوەكانی پێشوشدا بەردەست بوو بەڵام لەم دەرچوەدا زیاتر بایەخی پێدرابوو ، هەروەها لاركردنەوەی وێنە و ڕاستكردنەوەی ئەگەر بە شیوەیەكی سەرەوخواربێت یان لەگۆشەیەكی هەڵەوە گیرابێت سەرباری ڕەتوشكردنی وینەو چاكسازیكردن تێیدا  .

6 – تێكەڵكردنی لایەرەكان و نووسین و فۆڕماتنی تێكستەكان ئەمانەش بەشیوەیەكی ئێجگار ئاسان بەردەست بوون .

7 – ڕەنگ كردن و گۆڕینی باگراوند و بەكارهێنانی چەند ئامرازێكی نوێ بۆ ئەم كارە هەتا ئاسانتر بێت بە دەستەوە .

8 – زیادكردنی (Slice Tool) لە لیستی ئامرازەكانی دەستەچەپدا ، كە بۆگرەپین بەكاردێت بەڵام بەشێوەیەك خۆت دەست بگریت بەسەر گۆشەی گرەپكردندا .

9 – پاڵپشتی كردنی وێنەی قەبارە گەورە كە زیاتر بێت لە دوو گێگا ، و بە ڕونی سێسەد هەزار پێكسڵ .

10 – پاڵپشتی كردنی تەكنیكی ڕەنگ بۆ هەر چینێك تا (16- bit) كە لە پرۆژەكەدا بەرزکرایەوە .

11 – بەردەست خستنی تۆڕی زیرەك لە بەرنامەكەدا كە وێنەكەی دابەش دەكرد بەسەر تۆرێكدا هەتا بەكارهێنەر لە قەبارەو گۆشەی وێنەكان دڵنیاببێت  .

وە لە ساڵی (2005) دا (9.0 Adobe Photoshop CS2) بڵاوكرایەوە :

هاوشێوەی دەرچووی پێشوو هەموو تایبەتمەندیەكانی دووبارە بوون بەڵام بە توانایەكی باشتر ، بۆ نمونە لەم دەرچووە وە پشتیوانی لە پرۆسێسەری (64-bit) دەكرد كە خێرایی ڕاپەڕاندنی كارەكانی بۆ دوو هێندە بەرز كردوە ، هەر لەم دەرچووە بەدواوە بەرنامەی فۆتۆشۆپ بەهەردوو دەرچووی سیستەمی (32-bit) و (64-bit) بەردەست دەخرا و تا ئێستاش هەر بەهەمان شێوەیە .

لەم دەرچوەشدا كۆمەڵێك تایبەتمەندی نوێ خرایە بەردەست كە لەوانەی پێشودا نەبوو وەك :

1 – دەست نیشانكردنی چەند لایەرێك لە یەك كاتتدا و گۆرانكاریكردن تێیدا بەیەك جار كلیك كردن .

2 – زیادكردنی ئامرازی (Red-Eye) كە ئامرازێكە بۆ لابردنی و چاككردنی ڕەنگی سوری چاو كەبەهۆی فلاشی كامێراوە دروست دەبوو لەكاتی وێنەگرتندا بەردەست خرابوو ، ئەم كارە دواتر زۆر بەسووود بوو سودێكی ئێجگار گەورەی بازرگانی دا بە بەرنامەكە .

3 – تەكنیكی (Smart Objects) كە هۆكارێكە بۆ لێك ترنجاندنی لایەرەكان و كردنیان بەیەك پێك هاتە .

4 – تەكنیكی (Image Warp) بەگەرخرا كە پرۆسەیەكی دیجتاڵیە بەسەر وێنەدا دێت بۆ گۆڕینی شێوەكەی بە جۆرێك بەئەستەم دەچێتەوە سەر وێنە بنەڕەرتیەكە لە كاتێكدا تەنها كەرەستەكان پێكهاتەكەی وێنەكە خۆیەتی .

5 – كردنەوەی بەرنامەكە چەندین بەرانبەر خێراتر كرا لە كاتی كردنەوە و بەكارهێنانیدا .

6 – چەند تایبەتمەندیەك كە پێشتر بوونی هەبوو لە بەرنامەكەدا لەم دەرچوەدا كرا بە ڕوكارێكی سەربەخۆ لە شێوەی بۆكسێكدا كردارەكانی تێدا كۆكرابویەوە وەك ئامرازەكانی ڕەنگ و رۆشن و تاریكی وێنە و بۆكسی پرێنتكردن .

7 – ئامرازەكانی ساف كردن و تەڵخكردنی وەك یەكەی سەربەخۆ بوونی هەیە لەم دەرچوەوە .

8 – فلتەری ناسراوی  (Smart Sharpen) لە لیستی فلتەری (Sharpen) زیاد كرا .

وە لە ساڵی (2007) دا (Adobe Photoshop CS3 10) بڵاوكرایەوە :

بۆ هەردوو سیستەمی ویندۆزی مایكرۆسۆفت و ماك ئۆ ئێس ی كۆمپانیای ئەپڵ ، بە ماوەیەكی كەم چەند نوێكردنەوەیەكی بۆهات و دەرچوێكی تایبەتی بە زمانە ڕاست بۆ چەپەكان بڵاو كردوە لەسەر هەمان بنەما ئەوەش لە پیناو چاككردنی ئەو كێشەیەی لەو دەرچوانەدا هەبوو كە بۆ ئەمریكا و ئەوروپادا دروستكرابوون بەو پێیە ئەو دەرچوانە پشتگیری ووشەی عەرەبی و فارسی و ئوردویان نەدەكرد ، بەڵام لەم دەرچوەدا كە پڕ لە تایبەتمەندێتی بوو  بڵاوكرایەوە بە ناوی (Adobe Photoshop Extended) لەسەر بنەمای فۆنتی یونی كۆد بنیات نرابوو هەر بۆیە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ فۆنتە كوردیەكانیشدا نەبوو .

ئەمەش هەندێك لە نوێكاریەكانە كەلەم دەرچوەدا بەردەست بوو :

1 – رەش و سپی كردنی وینە بە كوالیتیەكی نایاب بەردەست بوو بە تەنها كلیكێك .

2 – تایبەتمەندی خۆكارانە بەسەر هەندێك باری وێنەدا جێ بەجێ دەبێت ، وەك گۆرانی قەبارەی وێنە لە كاتی ڕاكێشانی بۆناو وێنەیەكی تر .

3 – بەرنامەی (Image Ready) لەگەڵدا نەما و تەواوی پێكهاتەی بەرنامەكە تێكەڵ بەم دەرچوەكرا بە باشترین تایبەتمەندیەوە .

4 – پاڵپشتی كردنی ڕەنگەكانی لایەر بۆ (32 bit) بەرزكرایەوە لەگەڵ زیادكردنی ڕێژەیەكی باش لە فلتەری جۆراو جۆر .

5 – ئامرازی دەست نیشانكردی خێرا زیاد كرا بۆ دەست نیشانكردنی وێنەیەك یان بەشێكی وێنەیەك .

6 – ئامرازی (Camera RAW) پێشخرا بە ناوی (Adobe Camera RAW) لەم دەرچوەدا جێگیركرا بە باشترین تایبەتمەندیەوە .

وە لە ساڵی (2008) دا (Adobe Photoshop CS4 11) بڵاوكرایەوە :

ئەم دەرچوەی فۆتۆشۆپ كە ئێستاش تایبەتمەدی خۆی لەدەست نەداوە تەواو لەگەڵ تەكنیكی نوێدا خۆی گونجاند بە تایبەتی كاتێك پێویست بوو وێنەی سێ دووری بخرێتە ناو كاری ئەم بەرنامەوە ، هاوشێوەی دەرچووی پێشوو ڤێرژنێك بە پاشگری (Extended) خرایە بەردەست بەكارهێنەران .

1 – بەگەرخستنی بەرنامەی (OpenGL) لەناو بەرنامەی فۆتۆشۆپدا بۆ ئەوەی بتوانرێت گۆڕانكاری لەو شێوانەدا بكرێت كە لە رێگای ئەم بەرنامەوە بنیات دەنرێت واتا ڕوبەرە سێ دوریەكان كە بەهۆی ئەم پرۆژەوە بنیات دەنرا .

2 – ڕوی ویندۆكان لەو بەرنامەكەدا گۆڕانكاری تەواوی بەسەردا هات و بەشێوەیەكی ئاسانتر دەتوانرێت دەست بگیرێت بەسەر كردارەكاندا .

3 – بنیاتنانی (Adjustments panel) كەیەكەیەكی دەست بەسەراگرتنی تایبەتە دەكەوێتە لای ڕاستی فۆتۆشۆپەوە دەوڵەمەندكراوە بە تایبەتمەندی ڕەنگ بەخشین بەوێنەكان بە تەكنیكی جۆراو جۆر .

4 – زیادكردنی (Masks panel) كەلە ڕوی تاكنیكەوە گۆڕانكاری دەهێنێت بەسەر چینانەدا شێوەی پیشاندانی بەپێ ی ڕەنگەكان دەگۆڕیت و هەندێكی فرمانی گرنگی تێدا كۆكراوەتەوە كە زیاتر بۆ دەستگرتنە بەسەر دروستكردنی شەیپەكان یاخود باگراوندێكی تایبەت نەڕەنگێكی تایبەت و جیاواز .

5 – یەكەی (aware scaling) بۆ كشانی دوریەكانی وێنەیەك بەكاردێت بە تاینەتی كاتێك بتەوێت ڕوبەرێكی وێنەیەك بەشێوەیەك لە شێوەكان كۆمیدی بنوێنێت ئەو ئەم ئامرازە ئاسانكاریكردوە بۆ جێبەجێكردنی .

6 – تێكەلكردنی وێنەكان یاخود دوو چین و كردنیان بەناو یەكدا ئێجگار باش ڕێكخراوە تێیدا بەجۆرێك پێویست بە گونجاندی دەست ناكات بەڵك و خۆكارانە بەشێك لە تایبەتمەندیەكانی تێكەڵكراوەكان بەسەر یەكدا دەدات خۆكارانە هەتا زیاتر نزیك بێتەوە لە یەك وێنە نەك دوو وێنەی تیكەڵكراو .

7 – هاوپێچكردنی بەرنامەی (Adobe Bridge CS4) لە پێناو یەكەیەكی تایبەت بە پیشاندان و دەست بەسەراگرتنی وێنەكان لە كۆمپیوتەرەكەدا بەشێوەیەكی پرۆفیشناڵ و خێرا .

8 – پاڵپشتی ویندۆزی ڤێستای 64 بت دەكرا لەم دەرچوەدا .

9 – توانای گۆڕانكاری هەبوو لە وێنەی سێ دووریدا سەرباری توانای گۆڕینی وێنەی دوو دووری واتا وێنەی ئاسایی بۆ وێنەی سێ دووری .

وە لە ساڵی (2010) دا (Adobe Photoshop CS5 12) بڵاوكرایەوە :

ئەم دەرچوە پێویستی هاردوێری بەرز هەیە تارادەیەك چونكە تایبەتمەندیەكانی پێویستی بە كاشێكی زیاترە لە كاتی جێبەجێكردنی فرمانە جۆر بەجۆرەكاندا ، لەم دەرچوەدا یەك نوێكاری هات بە ژمارە (CS5.1) ناسرا كە دوو تایبەتمەندی گرن زیادكرا بوو بەرنامەكە سەرباری جارەسەركردنی هەندێك كێشە كە لە دەرچوە جێگیرەكەدا هەبوو ، ئەگەرچی تایبەتمەندیەكانی پێشووی تێدا مایەوەو چاكسازی لەهەندێكیشیاندا كرا بەڵام چەند ئامرازێكیش زیاد كرا لە دەرچوەكانی پێشودا نەبوو وە خاوەنی تایبەتمەندی زۆر باشیش بوو وەك :

1 – ئامرازی (Content Aware Fill) زیاد كرا كە كار لەسەر لابردن یان گواستنەوەی بەشێكی دیاریكراو لە وێنەیەك دەكات ئەم ئامرازە بە چەند تەكنیكێك وا لە وێنەیەك دەكات ڕوبەرێكی لەسەر هەڵبگیرێت بێ ئەوەی كاریگەری دیاری لەسەر دروست بێت .

2 – ئامرازی (Warp Tool) بۆ خواركردنەوەی شتێك بەكاردێت بۆ نمونە وێنەیەك یان نووسینێك كە دەست نیشانكرابێت ، تەكنیكی خواركردنەوەكانیش جۆراوجۆرن وەك بازنەیی یان شەپۆلی ، دەشكرێت ڕادەی خواركردنەوەشی دەستی بەسەردا بگیرێت .

3 – ئامرازی فڵچەیی (Bristle) ئەم ئامرازە لەم دەرچوەدا بەتەواوی پێشكەوتوە چەندین جۆری بۆ زیادكرا واتا جۆراوجۆریەكی زۆر هەیە لە فڵچەكاندا بۆ بەكارهێنان .

4 – ئامرازی (Mixer Brush) بەكاردێت بۆ تێكەڵ كردنی ڕەنگەكانی وێنەیەك بەشێوەیەكی گرافیكی بەجۆرێك وا لەوێنەیەكی دیجیتاڵی دەكرێت وەك وابێت بە دەست و قەڵەم كێشرابێت .

5 – ئامرازی (Automatic Lens Correction) بەكاردێت بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو وێنانەی كەبەهۆی زومی كامێراوە خواربونەتەوە بەشێوەیەك وێنەكە توشی جۆرێك لە خواربوون بوبێت ئەم ئامرازە دەیگەڕێنێتەوە بارە ئاساییەكەی .

6 – ئامرازێك بۆ بە كوالیتی كردنی وێنەكان و فەنتازیاكردنی لەهەندێك باری تایبەتیدا ، سەرباری بوونی ئامرازێكی تایبەت بە دەستنیشانكردن و بڕین بەخۆكاری یاخود خودكاری كە ئامرازێكی زۆر گرنگە بۆ گۆڕینی ڕەنگی باگراوند .

وە لە ساڵی (2012) دا (Adobe Photoshop CS6 13) بڵاوكرایەوە :

ئەم دەرچووە گەورەترین گۆڕنكاری لە ڕوكارەكەیدا كرا بەجۆرێك دیزاینەكەی گۆڕا بەڕەنگی رەش كە تەواوی پێهاتەكانی گرتەوە ، لەم دەرچوەپاڵپشتی لە ویندۆزی ئێكس پی و ڤێستا دەكرد تا دابمەزرێنرێت لەسەری بەڵام كۆتا دەرچووی فۆتۆشۆپە كە لەسەر ئەم دوو سیستەمە دابمەزرێنرێت .

ئەو نوێكاریانەی لەم دەرچوەدا خرانە بەردەست بریتین لە :

1 – پاڵپشتی زمانەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەكات بە ئاسانی تەواوی جۆرەكانی فۆنت لەم دەرچوەدا بەكاردەهێنرێت تێیدا بۆ نووسین .

2 – یەكەم دەرچووی فۆتۆ شۆپە كە دەتوانرێت ڤیدیۆ بهێنرێتە ناو بەرنامەكەوە بۆ ئیشكردن تێیدا .

3 – كۆنترۆڵی تایبەت بە بەرهەمی ڤیدیۆیی زیادكراوە تێیدا تا بتوانرێت مامەڵەی لەگەڵدا بكات .

4 – ئامرازەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ سریدیدا چالاك تر كراوە بەجۆرێكی جیاواز و بە تایبەتمەندی نوێوە مامەڵە لەگەڵ سریدیدا دەكرێت تێیدا .

5 – زیادكردنی فلتەرێك بەناوی (Wide Angle filter) بۆ گۆڕانكاری لە گۆشەی ئەو وێنانەی كە خواربوونەوەیەكی زۆری تێدا ڕویداوە .

6 – تایبەتمەندی (Color Range) بۆ ئەوەی بتوانرێت بالانسی ڕەنگەكان ڕابگریت لە وێنەیەكدا ئەم كارە بۆ جوانكردن و سافكردنی دەم و چاو زۆر بەسوودە .

7 – فلتەری (Oil Paint) بۆ گۆڕانكاریكردن بەسەر وێنەیەكدا كەلە دیجیتاڵیەوە بیگۆڕێت بە وێنەیی بەدەست كێشراوی ڕۆنی .

8 – دانانی كۆنترۆڵیكی هەر زۆرە نایاب بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ نووسیدا كە بەتەواوی دەتوانرێت هەر گۆڕانكاریەكت بوێت بەسەریدا جێبەجێ ی بكەیت .

وە لە ساڵی (2013) دا (Adobe Photoshop CC 14) بڵاوكرایەوە :

دوو نوێكاریشی دوای بەدوای یەكدا لێ بڵاوكرایەوە بە ناوەكانی (CC (14.1 و (CC (14.2 لەم دوو دەرچوەشدا توانا درا بە بەرنامەكە لە ڕوی بەرهەم هێنانی پرۆژەكەوە وەك پاراستنی چینەكان و تایبەتمەندیان ، لەكۆتا نوێكاریشتیدا توانا درا بە بەرهەمەكە بەشێوەی سری دی پرێنت بكرێت هەر لە ڕێگای ئەم بەرنامەوە بێگومان ، ئەم دەرچوە تەنها لەسەر سیستەمی ویندۆزی سێڤن بەرەوسەرەوە دادەمەزرێنرێت و پاڵپشتی ئێكس پی و ڤێستای لەدەست داوە بە تەواوی سەرباری ئەوەی دەبێت هاردوێرەكانت خاوەنی تایبەتمەندی بەرزو بەتوانابن لە تایبەتەمەندیە هەرە نایابەكانی ئەم دەرچووە :

1 – زیادكردنی ئامرازی (Shake Reduction) كە ئەو جوڵە خێرایەی فۆتۆگرافەرەكان چارەدەكات كەلە كاتی گرتنی وێنەیەكدا بەسەریان دێت و وێنەكە توشی تەڵغی دەكەن ، ئەم فلتەرە ئەو كێشەیە لە كۆڵدەكاتەوە بەتەواوی .

2 – لەتكردنی ڕوەكاری بەرنامەكە بۆ دوو بەشی یەكسان و جێبەجێكردنی گۆڕانكاریەكان بەسەر هەر لایەكیدا تا كاریگەریەكەی ببینیت لە سەرەكیەكەدا .

3 – لاكردنەوەی گۆشە بە تایبەتمەندی بەرز جیاواز لەیەكتر ، سەرباری ڕێكخستنی هەر شێوەیەك كە مەبەست بێت وەك چوار گۆشە و لاكێشە و بازنە و چوارچێوە جیاوازەكان ، هەروەها شێركردنی بەرهەمەكان لە تۆڕی ئینتەرنێتدا بەهۆی ئامرازێكەوە .

4 – فراوانكردنی كاری ئەكشنەكان بەجۆڕیكی سەرسوڕهێنەر كەلە دەرچوەكانی پێشودا بوونی نەبووە ، ئەم ئەكشنانەش بەكاردێت بۆ جێبەجێكردنی گۆڕانكاریەكی ئامادەكراو كەبەسەر چەند لایەرێكدا دێت لەیەك كاتتدا وەك دروستكردنی بۆكسی ریكلامی پەرتوكێك .

5 – زیادكردنی شەش تایبەتمەدی كە بە تێكستەكان دەدرێت لە بەرنامەكەدا بەشێوەیەكی زۆر نایاب .

6 – ناردنی بەرهەمەكەت بۆ ناوەندێكی تایبەتی پاراستن كە كۆمپانیای ئەدۆب ئامادەی كردوە لە تۆڕی ئیتەرنێتدا .

لە ساڵی (2014) دا (Adobe Photoshop CC 15) بڵاوكرایەوە :

لەم دەرچوەدا گۆڕانكاریەكی ئەوتۆ بەدی ناكرێت تەنها كەمێك كار لەسەر خێراكردنی توانای و هەندێك كێشەی تری تێدا چارەسەركراوە بەڵام ئەم دەرچوە پاڵپشتی وێنەی جوڵاو دەكات و بۆئەم مەبەستە پێشخراوە هەروەها فلتەرێك بەناوی (Blur Gallery) زیادكراوە لە لیستی فلتەرەكاندا هەروەها ئامرازێك بە ناوی (Focus Mask) پێشخراوە كە ڕوبەڕێكی دیاریكراو یان باگراوندێك بەجۆرێك لەجۆرەكان دەگۆڕێت وەك ڕەنگ كردن یان تەڵغ كردن … هتد .

كۆتا دەرچوو كە دەكاتە ئەم ساڵ (2015) (Adobe Photoshop CC 16) بڵاوكرایەوە :

لە تایبەتمەندیە هەرە باشەكانی ئەم دەرچوە بوونی هەڵبژرادنێكە بە ناوی (Artboards) كە لەكاتی ئامادەكردنی ڕوبەرێكدا دێتە ڕێمان بۆ دەستنیشانكردنی ڕوبەرێكی گونجاوە بۆ دیزاین كردن ، لەم ئامرازەكدا چەندین قەبارە ئامادەكراوە بۆ نمونە ئەگەر بتەوێت دیزاینی سایتێك بكەیت ئەوا پێویستت بەچەند قەبارەیەکی جیاواز هەیە وەك قەبارەیەك بۆ دیسكتۆپ و یەكێك بۆ تابلێتەكان و یوكێكی تر بۆ سمارت فۆنەكان ، ئەم كارە لەم ئامرازەدا ڕێكخراوە بێ هیلاك بوون دەستمان پێ ی دەگات .

لە تایبەتمەندیە نوێیەكانی تری ئەم دەرچووە دابینكردنی ئامرازێكە بەناوی (Adobe Stock marketplace) بۆ بازار و فرۆشتنی بەرهەمەكەت ، قاڵب بەقەبارەی جیاواز بەردەستە بۆ دیزاینەران وێب ، هەر چینێك دەتوانرێت زیاد لە دە ستایلی بەسەردا جێبەجێ بكرێت ، هەوەها لینكی بەرهەمەكان كە كارت تێداكردوە ئاسانتركراوە لە دەستپێگەشتنیدا .

سەرچاوەکان :

1 – https://en.wikipedia.org/wiki/Adobe_Photoshop_version_history

2 – https://line.do/ww/evolution-of-adobe-photoshop/r5q4us/vertical

3 – http://creativeoverflow.net/history-of-photoshop-journey-from-photoshop-1-0-to-photoshop-cs5/

4 – https://en.wikipedia.org/wiki/Adobe_Photoshop

5 – www.designbyfire.com/pdfs/history_of_photoshop.pdf

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

لە دایك بووی ساڵی 1986 م و لە سلێمانی نیشتەجێم بڕوانامەی (Electronics and Computer Maintenance) و ( I C D L ) م بە دەست هێناوە ، لە ئێستاشدا خویندکاری زانستی کۆمپیوتەرم (Computer science) ، لە سەرەتای ساڵی 2002 دا بۆ یەکەم جار کۆمپیوتەرم کڕی و لەو ساڵەوە بە بەردەوامی هاوڕێ ی و هاودەمێکی هەمیشەییە بۆم ، بە ماوەی پچڕ پچڕ لە کاتە جیاوازەکاندا لەگەڵ بوارەکانی ( دیزاین و پرۆگرام سازی و وێپ داڕشتن نووسینی بابەتی ئای تی ) دا سەرقاڵبووم ، وە لە ساڵانی 2009 و 2011 دا لە بواری هاردوێردا کارم کردوە .

Comments are closed.