ئایا ATM چییە؟!

 

بەناوی نادیار و خاوەن متمانە

الله

 

پێشەکی/ یەکێک لەو ئامێرانەی کە لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهاندا سوودێکی یەکجار زۆری هەیە و ڕیگاکانی پارەدانی یەکجار ئاسان کردووە بریتییە لە ATM ، ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1967 لە لقێکی بانکی Barclays ـــی لەندەن خرایە بەردەم هەڵگری کارتە بانکیەکانی ئەم بانکە کە بە شێوەیەکی گشتی وا دیزایین کرابوو کە تەنیا پشتگیری کارتە بانکیەکانی سەر بە بانکی ناوبراو بکات و جیا لەمە پشتگیری کارتەکانی هیچ بانکێکی تری نەدەکرد ، بەلام بەهۆی بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیا و فراوانبوونی ئاستی بیرکردنەوەی مرۆڤایەتی لە ئێستادا چەندان جۆری جیاواز لەم ئامێرە بەردەست خراون کە هەندێکیان پشتگیری هەموو دراوێک و هەموو کارتێکی بانکی ئەکەن و هەندێکیشیان بە پێچەوانەوە تەنیا پشتگیری بانکێک و دراوێکی دیاریکراو ئەکا ، بەڵام ئایا بەڕاست ئەم تەکنەلۆژیایە چییە؟! ئایا بۆچی بەکاردێ و چۆن کار دەکا؟!

لەم ڕاپۆرتەی تێک ئای باس لە تەواوی لایەنەکانی ئەم ئامێرە ئەکەین و هەوڵ ئەدەین گەشتێکی زانیاری قووڵ بکەین بۆ ناو جیهانی خەیاڵی ئەم ئامێرە ، تاکو باشتر لێی تێبگەین ، وەک هەمیشە بە ئاماژەکردن بەوەی کە “بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە پێویست ناکا خوێنەر شارەزایی لە هیچ ڕەقەکاڵایەک هەبێ تەنیا شارەزایی لەسەر چۆنیەتی کارکردنی ڕایەڵە (Network) بەسە بۆ تێگەیشتن لەم ڕاپۆرتە” کۆتایی بەم پێشەکییە دێنم.

 
مەکینەی مامەڵەکردنی خۆکار (Automated Teller Machine) کە کورت دەکرێتەوە بۆ (ATM) و لەهەمانکاتدا لە زۆربەی وڵاتە جیهانییەکان ناسراوە بە Automated Bank Machine (ABM) یاخوود (Cash Machine) بریتییە لە ئامێرێکی بانکی ئەلیکترۆنی کە ڕێگە بە هەڵگری کارتە بانکییەکان و چەکە بانکییەکان ئەیا بەبێ یارمەتی نوێنەری بانک پارە لە هەژماری بانکی خۆیان دەربێنن ، ئەمەش لەکاتێکدا کە تەنیا بە بردنە ژوورەوەی کارتی بانکی بۆ بۆشایی مەبەست لە ئامێرەکەدا ڕاستەوخۆ لەسەر ڕوونمای ئامێرەکە داوای PINــی کارتە بانکیەکە ئەکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە هەڵگری کارتەکەیت و هەر کاتێک کە ئەو ژمارەیەت داخڵ کرد ، ڕاستەوخۆ بڕی پارەی نێو کارتە بانکیەکەت پشان ئەیا و ئەتوانی لەوێوە پارەکانت بە شێوەی (Cash) دەربێنیت و کاتێک کە بڕی ئەو پارەیەت دیاریکرد کە ئەتەوێ لە کارتە بانکیەکەتدا دەربی بێنی و Enter ـــت داگرت لەسەر تەختەکلیکی ئامێری ATM ڕاستەوخۆ لە دەرچەیەک کە بە گشتی بە خوارەوەی ڕوونمای ئامێرەکەوە جێگیر کراوە پارەکە فڕێ ئەدرێتە دەرەوە و لە هەژماری بانکیەکەتا ئەو بڕە پارەیەی کە دەرهاتووە کەمدەکرێتەوە ، و جێی سەرنجە کە ئەم پڕۆسەیە بە چەندان هەنگاودا تێپەڕ ئەبێت و بە یارمەتی چەندان پارچە لە ڕەقەکاڵا (Hardware) ی ئامێری ATMـــەوە مامەڵەکان ئەنجام ئەدرێن کە لە درێژەی بابەتەکەدا یەک بە یەک باسی ئەو ئامێرانە ئەکەین.

 

 

 
ئایا ATM کەی دروستکرا و چەند جۆری هەیە؟!

 
بۆ یەکەمجار ئامێری ATM لە لقێکی بانکی Barclays لە لەندەن بەردەستخرا لە ساڵی 1967 ، لێرەدا دوو جۆری سەرەکی لە ATM مان هەیە کە جۆرە ئاست نزمەکە تەنیا ڕێگە بەبەکارهێنەران ئەدا کە پارەکانیان دەربکەن و باڵانسی کارتە بانکیەکانیان بزانن و جۆرە پێشکەوتووەکەش ڕێگە بەبەکارهێنەران ئەدا کە پارەی نەختی (Cash) بخەنە نێو کارتە بانکیەکانیان لە ڕێگەی ئامێری ATM و هەروەها زانیاری هەژمارە بانکیەکەیان بزانن و پارە لە کارتە بانکیەکانیان دەربێنن.

 

 
شێواز و پارچەکانی ئامێری ATM:

 
هەر وەک هەموو ئامێرە ئاساییەکانی تر ئامێری ATM شێواز و دیزایینی جیاوازیان هەیە بەڵام هەموویان ئەم پارچانەی خوارەوە بەکاردێنن:
ناسەرەوەی کارت (Card Reader): ئەم بەشە تایبەتمەندە بە خوێندنەوەی کارتە بانکیەکان کەلەڕێی چیپە زەردەکەی سەر ڕووی پێشەوەی کارتەکە یاخوود پارچە موگناتیسییەکەی ڕووی دوواوەی کارتەکە توانای خوێندنەوەی ژمارەی کارتە بانکیەکانی هەیە و جێی سەرنجە کە یەکەمین بەشە کە لە دەستپێکی پڕۆسەکانی ATM ـــدا کە دەست بە کار دەبێ دوای ئەوەی بەکارهێنەر کارتەکەی خستە نێو بۆشاییە مەبەستەکەدا.

ATM-Card-Reader

ئەمە نموونەیەکە لە پارچەی Card Readerـــی ATM

تەختە کلیک (Keypad): تەختە کلیک لە ڕووی پێشەوەی ئامێری ATM لەخوارەوەی ڕوونماکەیەوە جێگیر کراوە کە پێک دێ لە چەند دووگمەیەک کە پێک دێت لە 0-9 و چەند دووگمەیەکی تر لە دەستە ڕاست کە بە شێوەی ستوونی ڕیزبوون کە ئەوانیش بریتیین لە: (CANCEL – CLEAR – ENTER) کە هەر یەکەیان کارێکی جیاواز ئەنجام ئەدا کە هەر لە ناوەکانیاندا دیارە کە CANCEL بۆ پاشەکشێکردن لەو هەنگاوانە ئەنجامت داوە بەکار دەهێندرێ و CLEAR بۆ سڕینەوەی زانیاریەکانت و ENTER بۆ دڵنیاکردن یاخوو ناردنی ئەو زانیاریانەی کە دیاریت کردووت جا بڕی پارەی دەرهاوێشت بێ یاخوود PIN یاخوود هەر شتێکی تر.

ATM-Keypad

ئەمەش نموونەی تەختە کلیکی ATM ـــە

دەرچەی دەرهاوێشتن (Cash Dispenser): ئەم دەرچەیە لە خوارەوە ڕوونمای ATM و لەسەرەوەی تەختەکلیکی ATM جێگیرکراوە کە دوای تەواوکردن پڕۆسەکان لەوێوە بڕی پارە دیاریکراوەکە فڕێدەدرێتە دەرەوە.

ATM-Cash-Dispenser

ئەمەش نموونەی دەرچەی دەرهاوێشتنی پارەی نەختییە لە ATM

چاپکەر (Printer): ئەمەش بەرپرسە لە چاپکردنی پسولە کە جۆری گواستنەوە و زانیری باڵانس و بڕی پارە دەرکراوەکەی لەسەر ئەنوسرێ و لە دەرچەی چاپکەرەکەدا فڕێدەدرێتە دەرەوە ، بەڵام ئەمەیان بەپێی خواستی بەکارهێنەران دەبێ واتە تەنیا ئەوکاتە پسولەکان ئامادە ئەکرێن گەر هاتوو بەکارهێنەرەکە داوای پسولەکە بکات.

ATM-Printer

ئەمەش نموونەی چاپکەرێکی ATM ـــە لە حاڵەتی دەرهاوێشتنی پسوولەدا.

ڕوونما (Screen): ئەم ڕوونمایەلە لە دەستە چەپی سەروەی هەموو بەشەکان جێگیر کراوە کە زانیاری گواستنەوە و باڵانسی بەکارهێنەر و پڕۆسەکانی لەسەر پشان ئەدرێ. (تێبینی/ کلیک لە وشەی ڕوونما بکە لەسەرەوە بۆ خوێندنەوەی زانیاری زیاتر سەبارەت بە ڕوونما)

ATM-Screen

ئەمەی سەرەوە نموونەی ڕوونمای ATM ــــە لە سەرەتای پڕۆسەکەیە ، واتە بەکارهێنەرەکە تازە کارتەکەی خستۆتە نێو ئامێرەکە و بەتەمای دەرکردنی پارەیە لە کارت بانکیەکەی.

 
ئایا بەشی دوواوەی ATM چۆنە و چۆن کارەکان ڕەدەپەڕێنێ؟!

 
بەشی دوواوەی لە بۆردێک پێکهاتووە کە پێی دەوتری ڕووتەختی سەرەکی (MainBoard) کە هەڵگری یەکەی چارەسەر (CPU)ـــە و هەروەها بەرپرسی سەرەکی پێکەوەبەستنی تەواوی پارچەکانی تری ATM و بەڕێکردنی پڕۆسەکانە و هەروەها لە بەشی خوارەوە له ناوەوەی ATM سندووقێکی لەخۆ گرتووە کە ناودەبرێ بە (Cassete) کە پارەی نەختی (Cash)ـــی تێدایە ، و هەروەها له دواوەی ئەو سندووقەش ڕووتەختی تێکردن/دەرهاوێشتن (I/O Board) هەیە کە بەرپرسی سەرەکی دروستکروونی پەیوەندیە لەنێوان پارچە دەرەکیەکان و ناوەکیەکان و هەروەها کۆتا بەش کە لەسەرەوەی ئامێرەکەدا هەیە ناودەبرێ بە (Modem) کە پەیوەندی دروست ئەکا لە نێوان بەکارهێنەر و ئینتەرنێتدا.

 

 

ئێستا تێگەیشتن لە پارچەکانی دەرەوە و ناوەوەی ATM بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە  ATM چۆن ئەزانێ کە ڕیکوێست بۆ چ بانکێک بنێرێ و چۆن توانای پەیوەستبوونی هەیە بە بانکەکەتەوە؟!

 

 
هەر وەک ئەوەی پێشتر ئاماژەمان پێ دا کە پڕۆسەکە لەوکاتەیا دەست پێ ئەکا کە تۆی بەکارهێنەری کارتە بانکیەکەت ئەخەیتە نێو شوێنێ مەبەست لە ATM ــدا هەر لەو کاتەشدا ڕووتەختی سەرەکی (MainBoard) داوای ئەوەت لێ ئەکا کە PIN ی کارتەکەت داخڵ بکەیت تاکو بیسەلمێنی کە بەکارهێنەری کارتەکەیت و کاتێک کە PIN ـــەکە داخڵ ئەکەیت و (ENTER) دائەگریت ڕاستەوخۆ ئەو PIN ـــە ڕەوانەی ڕووتەختی سەرەکی (MainBoard) ئەکرێ و ئینجا ڕووتەختی سەرەکیش هەڵەستێ بە دروستکردن و ناردنی کۆدێکی EMV تایبەتی مامەڵەکردن بۆ یەکەی چارەسەر (CPU) و لەوێوە ئەنێردرێ بۆ ڕووتەختی تێکردن/دەرهاوێشتن (I/O Board) ، لێرەیا یەکەی چارەسەر هەموو زانیاریەکان هەڵەگرێت و بەناو ڕایەڵە (Network)ـــی ATM ـــدا بڵاوەی پێ دەکا و ئەینێرێ بۆ بانکی پەیوەندیدار بە کارتەکەتەوە و دوای ئەوە بانکەکە زانیاریەکان ئەپشکنێ بۆ ئەوەی دڵنیاببێتەوە کە زانیاریەکان تەواون ، دوای دڵنیابوونەوەی بانک لە زانیاریەکان بانکەکە پەیامێکی پەسەندکردن (Approval Message) ئەنێرێ بۆ ATM.

 

 
شایەنی باسە کە ئەم پڕۆسەیە هەموو جارێک ڕووئەدا لەو حاڵەتانەی کە بەکارهێنەر کارتەکەی داخڵی سیستمەکە ئەکات یاخوود لەو حاڵەتەی کە پارە دەردەکا لە کارت پانکیەکەی ئەم پڕۆسەیەی سەرەوە ڕوو ئەدا لە چەند چرکەیەکی کەم و هەروەها پێویست بە دڵتەنگی ناکا چونکە تەواوی زانیاریەکان پێش ئاڵوگۆڕکردن Encrypt ئەکرێن بۆ ئەوەی گەر هاککەرێکیش دەستی بە تۆڕەکە گەیشت توانای خوێندنەوەی زانیاریەکانی نەبێت.

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

Reverse Engineer | Pentester | Web Developer | Programmer

Comments are closed.