له بابه‌تێكیدا له ماڵپه‌ڕی وێبچن ئازادی برای ئاسۆ نادری خوالێخۆشبوو باس له‌وه ده‌كات كه ڕێكه‌وتی 12/8/2017 دوای گەڕانێک بە ناو ئایپادەکەی کۆچکردوو ئاسۆ نادری برای چاوی کەوتووه بەم نووسراوەیە و بە پێویستی زانیوه لە ڕیگەی وێبچنەوە بڵاوی بكاته‌وه بە ئیمزای خۆیه‌وه.
ئه‌مه‌ش ده‌قی نووسراوه‌كه‌یه :
له ساڵی ١٩٩٨ له شاری ڕومادی له عێراق بۆ یه‌كه‌مجار كۆمپیوته‌رێكم به بێ ئینته‌رنێت به‌كارهێنا، هه‌ستم كرد ئه‌و ئامێره‌یه ده‌مه‌وێ له ژیانمدا كاری له‌سه‌ربكه‌م.
ده‌سبه‌جێ به‌هاوكاری ئه‌و كاته‌ی پۆست ئۆفیسی گشتیی شاری ڕۆمادی ده‌ستم كرد به ناردنی نامه بۆ زانكۆكانی وڵاتانی ئینگلیزی زمان وه‌ك به‌ریتانیا ، ئه‌مریكا و هتد… و داوام لێ‌كردن كه نموونه‌یه‌ك له ئه‌و زانیاریانه‌م بۆ بنێرن كه له زانكۆكانیان فێری قوتابیان ده‌كه‌ن. خۆشبه‌ختانه زۆربه‌ی كات وه‌ڵام ده‌درامه‌وه و هه‌ر جارێك سه‌ردانی پۆسته‌م ده‌كرد ده‌مبینی زانیاری كه‌ته‌لۆگی نوێم بۆ هاتووه، خۆم پێنه‌ده‌گیرا تا بگه‌ڕێمه ماڵه‌وه به ئارامی بییانخوێنمه‌وه ، هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه ته‌واوی ڕۆژه‌كه‌م له نێو بازاڕ به‌سه‌رده‌برد و به تامه‌زرۆییه‌كی یه‌كجار زۆره‌وه ده‌مخوێنده‌وه و نامه نوێیه‌كانیشم بۆ كه‌ته‌لۆگی داهاتوو ده‌نارد. سه‌ره‌تای من له‌گه‌ڵ كۆمپیوته‌ر به ئه‌م شێوه‌یه بوو كه بۆ خۆمان وه‌ك بنه‌ماڵه و كه‌س و كار له كه‌مپی ئه‌ڵتاش دا ده‌ژیاین و ڕۆیشتنمان بۆ نێو بازاڕی ڕۆمادی بۆ خۆی شتێكی مه‌ترسیدار بوو.
هه‌موو كات كاكه‌یان ده‌ناسیه‌وه ، به‌ڵام من كه له عه‌ره‌بیدا هه‌موو كات ١٠٠م وه‌رده‌گرت و ته‌مه‌نم ١٤ ساڵ بوو كه‌متر كێشه‌م هه‌بوو.
له ساڵی ٢٠٠٣ كه یه‌كه‌م كۆمپیوته‌ری خۆمم كڕی پاش ٦ مانگ له وڵاتی سوید ، ئه‌و هه‌لانه‌م بینی كه ئینته‌رنێت دابینی ده‌كات ، له ساڵی ٢٠٠٣ كه ده‌مویست زانیاری به كوردی بخوێنمه‌وه پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی كه خوێندنم به زمانی عه‌ره‌بی بووه ، زانیاریم به زمانی كوردی نه‌دۆزییه‌وه، یان هه‌ر زۆر كه‌م بوون ،هه‌ر له ٢٠٠٣ ماڵپه‌ڕی تاكه كه‌سی خۆمم كرده‌وه به ناوی asonaderi.tk و ده‌ستم كرد به بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌مه زانیاریه‌ی كه فێری بووبووم به زمانه‌كانی دیكه و پاش ڕێكخستنه‌وه و گوونجانتر، به كوردی سۆرانی بڵاوم كرده‌وه.
مالپه‌ڕه‌كه په‌ره‌یسه‌ند و دواتر ئه‌م وێبچنه‌ی لێ درووست بوو كه تا ئێستا به كراوه‌یی هه‌وڵی تێدا دراوه به زمانێكی كوردی سۆرانی په‌تی تا بكرێت كه‌م له هه‌ڵه سه‌رچاوه‌یه‌كی زانیاری درووست بێت بۆ هه‌موو كوردزمانێك.
دیاره له نێوان ئه‌و ساڵانه‌دا كۆمه‌ڵێك هاوڕێی زۆر به كاتی خۆیان هاوكاریان كردووه له نووسینی بابه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی كاتیی وێبچن و به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر ، وێبچنیش بۆ خۆی كاتی دژوار و ئاسانی هه‌بووه ،خۆبه‌خشانه سه‌ره‌ڕای ڕوودانی ساڵه‌كان ، بۆ خۆم وه‌ك ئاسۆ نادری وێبچنی ئه‌مڕۆم به دڵه له‌گه‌ڵ هه‌موو ژێر پڕۆژه‌كانی، پێم وایه جێی خۆی له وێبی كوردیدا دیاری كردووه و كه‌سانێكی تایبه‌ت ڕووی تێده‌كه‌ن كه به دوای زانیاریی درووست ده‌گه‌ڕێن. ئه‌وه‌ش سه‌ربه‌رزییه بۆ وێبچن و هه‌موو به‌كارهێنه‌رانی. سووپاس بۆ هه‌موو لایه‌ك.
من ئاسۆ نادری له مانگی ٨ ی ساڵی ٢٠١٢ هه‌فته‌یه‌ك پێش ئه‌وه‌ی بۆ یه‌كه‌مجار سه‌ردانی باشووری كوردستان بكه‌م، تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه بووم ، سه‌فه‌ری خۆمم جێ به‌جێكرد و كاتێكی خۆشم له سلێمانی به‌سه‌ربرد، دیاره له ماوه‌ی سه‌فه‌ره‌كه‌مدا نه‌مده‌زانی كه نه‌خۆشم و وه‌ڵامه‌كه‌م وه‌رنه‌گرتبوو.
به‌داخه‌وه‌م پاش گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ سوید، ژیان به لایه‌كی دژوار‌دا په‌ره‌ی سه‌ند و پاش چه‌ندین چاره‌سه‌ری ئاسایی و هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ری ده‌گمه‌ن و نموونه‌یی نه‌توانرا چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیه‌كه‌م بكرێت. هه‌رچه‌نده له‌م ماوه‌یه‌شدا تا توانیومه ڕێم نه‌داوه وێبچن كه‌م و كوڕی پێوه دیاربێت تا كراوه.
ئه‌م په‌یامه ده‌بینیت چونكه كاتی ئه‌وه هاتووه ماڵئاواییتان لێبكه‌م، له ڕێكه‌وتی ١٢\٦\٢٠١٦ ئاگاداركرامه‌وه كه چیتر نه‌خۆشیه‌كه‌م له ژێر كۆنتڕۆڵ كردن نه‌ماوه و ناتوانن له هاوكاریكرنم به‌رده‌وام بنماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مم ماوه له ژیان منیش ئه‌م په‌یامه‌م نووسیوه و نازانم ئه‌و كاته كه‌یه.
بیرۆكه‌ی زۆر باش و ڕێك و پێكم هه‌یه بۆ وێبچن و به‌رهه‌می دیكه‌ی كوردی كه به‌ڕاستی كاریگه‌رییان ده‌بێت به‌ڵام ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا واده‌كات كه ده‌بێت هه‌موویان وه‌لا بنێم.
ئێستا كه ئه‌م په‌یامه ده‌بینیت مانای ئه‌وه‌یه كه من ئاسۆ نادری له ژیاندا نه‌ماوم و هیوادارم په‌كی زمانی كوردی نه‌خه‌ن په‌ره به ئایتی كوردستان بده‌ن، دوای قسه و Hype سه‌رشه‌قام مه‌كه‌ون، وڵاتی به‌هێزی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر بنه‌مای ئایتی پته‌و بنیاد ده‌نرێت، بێبه‌ش مه‌بن سوود له هه‌ڵه‌كانی دیكه وه‌رگربن له بواره‌كه‌دا و داواكردنی هاوكاری له لایه‌نی درووست شه‌رمی پێویست نییه.
ئاسۆ نادری
دوا په‌یامی ئاسۆ نادری به ئیمزای خۆیه‌وه