::: Brain Computer Interface

بریتیە لە وەرگرتنی فرمانەکانی مێشک دواتر بە ئەنجام گەیاندن و بەکارهێنانیان لەسەر ئامێرێکی دەرەکی وەک: لێخوڕینی کورسی کارەبایی یان جوڵاندنی دەستی دەستکرد یاخوود کۆنتڕۆڵکردنی پڕۆگرام و یارییەکان یان نوسین و تایپ کردن ،یاخود بینین لەڕێگەی ئامێری دەرەکی، وە ئەنجامدانی چەندین شتی دیکەش.
هاوشێوەی ئەم تەکنەلۆژیایە پێی دەوترێ (MMI, DNI, BMI, STI) یان هەرشتێکی تر کە دەبێتەهۆی ئاڵوگۆڕکردن و گواستنەوەی زانیاری لەنێوان مێشک و ئامێرێکی دەرەکی،بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ.
t1

::: کارکردنی مێشک

مێشکی مرۆڤ ناوەندی لێکدانەوە و بڕیاردانە ، لە دوو نیوەی ڕاست و چەپ پێک هاتووە،هەر نیوەیەکیان چەند بەشێکە و هەر بەشەی بەرپرسە لە لێکدانەوە و ناردنی فرمان بۆ ئەندامێکی دیاریکراوی لەش یان زیاتر،هەر بەشێک لە مێشک لە چەندەها دەمارەخانە پێک هاتووە و لەنێوانی هەر دەمارەخانەیەکیش لەگەڵ ئەوەی دیکەدا لق و پۆپەکان هەن کە دەمارە ڕاگەیاندنەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن  لە نێوان دەمارەخانەکاندا.

ئەوکاتەی ئێمە بیردەکەینەوە یان سەیری شتێک دەکەین یاخوود دەمانەوێت جوڵەیەک ئەنجام بدەین،ناوچەیەکی دیاریکراو لە مێشک چالاک دەبێت کە بۆ هەر ئیش و کارێک ناوچەیەکی جیاوازی مێشک چالاک دەبێت، وە هەروەها دەمارە ڕاگەیاندنەکان لەو ناوچەیە بەشێوازی نیشانەی کارەبایی بچوک و بەخێرایی (٢٥٠میل/چرکە) دەگوازرێنەوە بۆ گشت ئەندامەکانی لەش و ئەندامەکانیش ئەو فرمانە بەجێ دەگەیەنن کە لەمێشکەوە نیشانەی کارەبایی بۆ ڕەوانە کراوە، وەک جوڵەکردن ،بیرکردنەوە،دەست جوڵاندن ،قسەکردن، ڕاکردن، …هتد.
brain cortex

::: BCI  چی یە ؟

بە پشت بەستن بەزانینی چۆنیەتی کارکردنی مێشک و وەرگرتنی نیشانە کارەباییەکان و دەستنیشانکردنی ئەو بەشەی مێشک کە فرمانێکی دیاریکراوی ئەندامێکی لەش لێک دەداتەوە و کۆنتڕۆڵ دەکات، لێکۆڵەران دەتوانن هەستن بە پەیوەست کردنی مێشکی مرۆڤ بە ئامێرێکی دەرەکی و دواتر کۆنتڕۆڵکردنی لەڕێگەی فرمانە ڕاگەیاندنەکانی ناوچە دیاریکراوەکەی مێشک، ئەمەش ناودەبرێت بە تەکنەلۆژیای BCI .
BCI سیستمێکی کۆمپیوتەری یە،کە هەڵدەستێ بە وەرگرتنی نیشانە کارەباییەکانی ناوچەیەکی مێشک و گەورەکردنیان و شیکردنەوەیان , دواتر وەرگێڕانی نیشانەکان بۆ فرمان و لە کۆتایشدا ئاڕاستەی ئامێرێکی دەرەکی دەکات بەمەبەستی ئەنجامدانی کار و فرمانەکانی مێشک.
ئەو نیشانە کارەباییانەی کە لەمێشکی مرۆڤەوە دەردەچن، هەڵگری فرمان و کارن ، بیرۆکەی پەیوەستکردنی مێشکی مرۆڤیش بە ئامێرێکی دەرەکیەوە ،لەسەر بنچینەی چۆنیەتی دروست بوون و دەرچوونی ئەو نیشانە کارەباییانەی مێشکەوەیە.
5
::: چۆن کاردەکات BCI ؟

لێکۆڵەران سەرەتا دێن بە هۆی ئامێرێکی وەک MRI دەستنیشانی ئەو ناوچە چالاکەی مێشک دەکەن کە مەبەستیانە بەهۆی فرمانەکانییەوە کۆنترۆلی ئامێرێکی دەرەکی پێ بکەن، واتا بەنمونە گەر بیانەوێت بەهۆی ناوچەکانی بەرپرس لە جوڵەی چاو کۆنتڕۆڵی جوڵەی تەنێک بکەن ئەوا سەرەتا  دەبێت لەڕێگەی MRI دەستنیشانی ئەو ناوچەیەی مێشک بکەن کە خانەکانی بەرپرسن لە جوڵاندنی ماسولکەکانی چاو.
ئینجا دوای تێگەیشتن و دۆزینەوەی شوێنی نیشانە کارەباییەکان، دێن ئامێری زۆر بچوک (ئەلکترۆدەکان) لە کەللەی سەر دەبەستنەوە تاکوو نیشانە کارەباییە دیاریکراوەکان لە مێشکەوە وەربگرێت و گەورەیان بکات،، دواتر نیشانە وەرگیراوەکان دەگوازرێنەوە بۆ ئامێرێکی تر کە پرۆگرام کراوە و سیگناڵەکانی مێشک  دەگۆڕن بۆ زمانی ئامێر و (encode) بەکۆد دەکرێن،  لە کۆتایش دا فرمانەکان (decode) دەکرێنەوە و دەخرێنە سەر ئامێرێکی دیکە کە بەستراوە بەو تەنەی مێشک دەیەوێت لەڕێگەی جوڵەی چاوەکان، کۆنتڕۆڵی بکات.
EEg
بەم شێوەیە، دەتوانرێت دوای تێپەڕبوونی نیشانە کارەباییەکانی مێشک بەم قۆناغانە دا ، لەڕێگەی خانەکانی مێشکەوە مرۆڤ کۆنتڕۆڵی دەوروبەر بکات و بە تەنها بیرکردنەوە لە شتێکی دیاریکراو شتگەلێکی زۆر ئەنجام بدات.
6
شەپۆلەکانی مێشک باش دەرناچن لە کەللەی سەر بەهۆی ئەوەی ئێسکێکی پتەو دەوری داوە، بە تایبەتی شەپۆلەکانی ئەو خانانەی کە دەکەونە قوڵایی ناوەوەی مێشک،کە ئەوەش وادەکات وەرگرتنی شەپۆلەکان لاوازبن و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەنێوان مێشک و ئامێرەکان بەهێواشی بەڕێوەبچێ، هەر بۆیە ئەلیکترۆدەکان کە شەپۆلەکانی مێشک وەردەگرن، پێشتر لەڕێگەی نەشتەرگەری ڕاستەوخۆ لەسەر مێشک دەچێنران ئەویش بە کردنەوەی کەللەی سەر و چاندنی لەو بەشەی مێشک کە پێویستە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئامێرەکە.
بە تێپەربوونی کات ، ئەلیکترۆدەکان پیشکەوتن و توانای وەرگرتنیان باشتر کرا، هەر بۆیە ئیستا کەمتر پێویست بە نەشتەرگەری چاندنی ئەلکترۆدەکان دەکات لەژێر کەللەی سەرەوە. وە بەجۆرێکە وەک کڵاو دەکرێنە سەر و بەجۆرەها شێوە دیزاین دەکرێن.
7
ئەوەی لە وێنەکەی سەرەوە هەیە جۆرێکە لەو ئامێرانەی کە دەبەسترێ بە سەری مرۆڤ  و نیشانەکانی مێشک وەردەگرن، بەڵام ئەو جۆرەیان دانان و بەکارهێنانی پێویستی بە وردەکاری هەیە و تێچووشی زۆرە، جگەلەوە لەڕێگەی وەیارەوە کۆنتڕۆڵی ئامێرەکان دەکات بەلام ئامێری پێشکەوتر دروست کران کە ئاسانترن لە بەکارهێنان وە بێ وەیارن و ڕاستەوخۆ و  لەڕێگەی بلوتوس و وایفاوە کۆنتڕۆلی ئامێرەکانی پێ دەکرێت.
ex
::: ئەو بوارانەی BCI تێدا بەکاردەهێندرێت

ئەم تەکنەلۆژیایەیە لەسەرەتادا لە بواری تەندروستی و بەتایبەت زانستی دەمارزانیدا بەکارهێندرا، بەڵام لایەنی بەکارهێنانی بەرفراوان بوو و لە ئیستادا جگە لە پزیشکی لە زۆر بواری دیکەش دا بەکاردەهێندرێت.
بۆ نمونە:
– دەکرێت ئەوانەی دەست یان قاچەکانیان لەدەست داوە، دووبارە دابنرێنەوە و پەیوەستی مێشکیش بکرێتەوە.
– گەڕاندنەوەی توانای بینین تاڕادەیەکی کەم.( لەم دواییانەدا کوردێک لەگەڵ تیـیکدا ئامێری تایبەتی بۆ ئەم بوارە دروست کرد و سەرکەوتنیشی بەدەست هێناوە ، بڕیار وایە لە داهاتوودا بیهێنێتەوە کوردستان).
– گەڕاندنەوەی توانای قسەکردن بۆ ئەوانەی ناتوانن قسە بکەن.
– گەڕاندنەوەی هەستی بیستن بۆ ئەوانەی توانای بیستنیان لەدەست داوە.
– کارکردن لەسەر کۆمپیوتەر و مۆبایل و کۆنترۆلکردنی تەنها بە بیرکردنەوە، نوسینی دەق و ناردنی ئیمەیڵ و چەندین کاری دیکە. تەنها بە بیرکردنەوە ( لەدواین کۆنفڕانسی F8 ی گەشەپێدەران، کۆمپانیای فەیس بووک ڕایگەیاند کار لەسەر سیستمێک دەکەین لە ڕێگەیەوە بتوانی ڕاستەوخۆ لە مێشکەوە نوسین و ئیمەیڵ و نامەکانت بنوسی بەخێراییەک کە ٥ هێندەی نوسینە لەڕێگەی مۆبایلە هۆشمەندەکانی ئێستا ئەمەش بەخستنەسەری سیستمەکە بۆسەر ئەو ئامێرانەی کە دەبەسترێنەوە بە جەستە و بە کەللەی سەر ).
– لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و کۆنتڕۆکردنی فرۆکەی Drone و  ڕۆبۆتەکان و کارپێکردنیان.

– یاریکردن و بەکارهێنانی خانەکانی مێشک لەجێگەی کۆنتڕۆڵکەری یاریەکە.( لە ئیستادا چەندین پرۆگرامی کۆمپیوتەری و تایبەت بۆ ئەم مەبەستە هەیە ).
– بەهێزکردنی مێشک و پەرەدان بە تواناکان و فێرکردن.

– چەندین بواری دیکەش…

لەبەر ئەوەی مێشکی مرۆڤ لە بلیۆنان خانە پێكهاتووە و پێكهاتەیەکی زۆر ئاڵۆزی هەیە و تێگەیشتن لە چالاکیەکانی مێشک سانا نی یە، هەر بۆیە هەموو ئەو بوارانەی ئەم تەکنەلۆژیایەی تێدا بەکاردەهێندرێت، دوای شیکردنەوە و تاقیکردنەوەی چڕ دەتوانرێت جێ بەجێ بکرێت.

لێکۆڵەران بەردەوامن لە گەشەپێدان و بەرەوپێش بردنی ئەم بوارە ، چەندین گروپ و کۆمپانیا هەن لەسەر ئاستی جیهان ئیش لەسەر ئەم بوارە دەکەن، لە ئیستاش دا بەچەندین شێواز بەرهەمەکانی ئەم تەکنەلۆژیایە بەردەستە بۆ بەکارهێنان لە بواری جۆراوجۆردا. وە پڕۆگرامی سەرچاوە کراوە و خۆڕایی هەیە کە دەکرێت بەهەبوونی پێداویستی و کەمێک شارەزایی، بتوانی بەخواستی خۆت پەیوەستی بکەی بە ئامێرەکانی دەوروبەرت و لە ڕێگەی مێشکەوە کۆنتڕۆڵیان بکەی.

نمونەی بەکارهێنانەکانی ئەم تەکنەلۆژیایە:

ex5

ex7ex41ex6ex8ex3


سەرچاوە سود لێوەرگیراوەکان:
sciencedirect
brainvision
discovermagazine
computer.howstuffworks
neuroprosthesis

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

دەرچووی بەشی نێتۆرکم لە "پەیمانگای زانستی کۆمپیوتەر/ سلێمانی" . بەشێوەیەکی گشتگیر تێکەڵم لەگەڵ تەکنەلۆژیا،بەتایبەت لەگەڵ سیستمی وه‌گه‌ڕخه‌رى ویندۆز و ئەندرۆید. گەیاندنی بابەتە پێویست و گرینگەکان، وە هۆشیارکردنەوە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ جیهانی تەکنەلۆژیا بەشێوەیەکی پارێزراو، ئامانجی منە.

Comments are closed.