لەناو بەکارهێنەرانی فەیسبووک نامەیەک هەیە ئاڵوگۆڕ دەکرێت و دەنێردرێت کە گوایە ئەگەر بێت و بۆهاوڕێکانتی نەنێریت ئەوا کۆمپانیای فەیسبووک هەژمارەکەت دەسڕێتەوە و دایدەخات.؟!
ئەم هەواڵە دوورە لە ڕاستیەوە و دروست نیە، لەبەر ئەو چەند هۆکارەی خوارەوە:
یەکەم: سەرنج بدەن، لە پەیجە فەرمییەکانی فەیسبووکەوە بڵاونەکراوەتەوە و پەیجەکە پەیجێکی ئاساییە.
دووەم: ڤیدیۆکە مۆنتاژکراوە و دەستکاری وێنەی ماڕک کراوە و قسە و وتەکان هی ئەو نین.
سێ یەم: گەر سەرنج لە وتەکانی ناو ڤیدیۆکە بدەن، لەلایەکەوە یەک ناگرێتەوە لەگەڵ ئەوەی کە دەڵێت نامەکە بنێرە بۆ هاوڕێیانت تاکوو هەژماری فەیسبووکەکەت نەسڕدرێتەوە،لە لایەکی دیکەشەوە لە ڤیدیۆکەدا ماڕک دەڵێ ” بەتەمام فەیسبووک بسڕمەوە و لەکاری بخەم “.. ئاخر کێ لە ئێوە قازانجی کۆمپانیاکەی بە ملیۆن و ملیار دۆلار بێت ئامادەیە دایبخات.!
سەڕای هەموو ئەوانەش، ماڕک لە دوایەمین وتەیدا لەبەردەم کۆنگرێس و لێ پرسینەوەدا دووپاتی کردەوە کە فەیسبووک بۆ هەمیشە بە خۆڕایی دەبێت ، هەروەک چۆن لە پەڕەی یەکەمی ماڵپەڕیشدا ئاماژەی بۆکراوە.
بەکارهێنەران دەبێت زیاتر وشیاربن و خۆتان بەدوور بگرن لە ناردن و بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە نامە و پۆستانە،بەتایبەت تر ئەوانەی کە دەڵێن:
– لەڕێگەی ئەو لینکە بزانە هاککراوی یان نا.
– لە ڕێگەی ئەو بەرنامە یان لینکە بزانە کێ سەردانی پڕۆفایلەکەتی کردووە.
– یان ئەو نامە بنێرە بۆ ١٠ لە هاوڕێکانت، یان ئەو پۆستە بکە بۆ ئەوەی هەژماری فەیسبووکەکەت پارێزراو بێت و نەسڕێتەوە و هاك نەکرێت.
هەموو ئەوانە و چەندینی دیکەش کە باس لە پاراستن و ئاسایشی فەیسبووکەکەت دەکەن، چونکە هەندێکیان زۆر نزیکە ببنە هۆی ئاشکرابوونی ئیمەیڵ و پاسۆردی فەیسبووکەکەت.