فەیسبوک ھۆشداریی بۆ بەکارھێنەرانی ئەپی تۆڕی پەیوەندیی (ماسنجەری فەیسبووک) بڵاو کردەوە و لە کردنەوەی لینکێکی ساختە، ئاگاداریان دەکاتەوە.
ڕۆژی شەممە 11/11/2017، ماڵپەڕە تەکنەلۆژیەکان بڵاویانکردۆتەوە کە فەیسبوک ھۆشدارییەکی بۆ بەشێک لە بەکارھێنەرانی ماسنجەری فەیسبووک بڵاو کردووەتەوە، تێیدا باس لەوە دەکات، کە چەند ھاکەرێک، لینکێکی ساختەیان لەسەر شێوەی ڤیدیۆی ماڵپەڕی ڤیدیۆیی (یوتیوب) دروست کردووە و بۆ بەکارھێنەرانی ماسنجەری فەیسبووکی دەنێرن، ئەو لینکەش نابێت بە ھیچ جۆرێک بکرێتەوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەگەر ئەو لینکە بکەیتەوە، ماڵپەڕێکی ساختە و دروستکراوت لەسەر شێوەی یوتیوب بۆ دەبێتەوە، کە ئەگەری تێکدانی مۆبایل، یان لاپتۆپەکەتی ھەیە، ھەروەھا ئەگەری ھەیە وێنە، ڤیدیۆ و فایلە تایبەتییەکانی نێو ئامێرە ئەلیکترۆنییەکەت بدزرێت و لەلایەن ئەو ھاکەرانەوە، بڵاو بکرێتەوە .
لە ھۆشداریەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە ئەگەر نامەیەکی لەم شێوەیەت بۆ ھات، کە پێش لینکی ڤیدیۆیەکە، چەند ئیمۆجییەکی شۆک بوونی لەسەر بوو، بەخێرایی ئەو کەسە بڵۆک بکە و نامەکە بسڕەوە، بەم شێوەیەش ئامێرە ئەلیکترۆنییەکەت و فایلە تایبەتییەکانت، پارێزراو دەبن.
ئەپی ماسنجەری فەیسبووک، لە ساڵی 2011دا کارا کرا، ئێستاش بەکارھێنەرێکی زۆری لە سەرانسەری جیھاندا ھەیە، کۆمپانیای (فەیس بووک)ی ئەمریکیش خاوەنیەتی، ھەروەھا بە یەکێک لە باشترین ئەپەکانی تۆڕی پەیوەندی دادەنرێت.