تەكنەلۆژیایی بلوتوث ( Bluetooth ) بریتیە لە پێوەرێكی گواستنەوەی هەوایی كە بەشەپۆلی كورتی ڕادیۆیی كار دەكات و دوورترین ڕووبەر كە پێ ی دەگات تەنها 10 مەترە لە بارەئاساییەكەیدا ، ئەم ماوەكەمەش بۆ پەیوەست بوون بەكاردەهێنرێت بۆ پەیوەستكردنی كۆمپیوتەرێك و مۆبایلێك یاخود كۆمپیوتەرێك و كامێرایەكی دیجتاڵی یاخود دوو سمارت فۆن بۆ ئاڵوگۆڕكردنی داتا لە نێوانیاندا ، یاخود دەكرێت توڕێكی بچوكی لێ بنیات بنرێت بەڵام بەتوانایەكی سنوردار .

ئەم تەكنەلۆژیایە بەشێوەیەكی سەرەكی لەلایەن گرپێكەوە ڕابەرایەتی دەكرێت و گەشەی پێدەدەن كە ناوی خۆیان ناوە (Bluetooth Special Interest Group GIS) هەر لەسەرەتای بنیات نانیەوە تا ئێستا زیاد لە 1000 كۆمپانیای بواری ئامێرە ئەلیكترۆنیەكان ئەم تایبەتمەندیەیان زیادكردوە بۆ ئامێرەكانیان و سوود لەم تەكنیكە وەردەگرن بۆ گواستنەوەی داتا .

بلوتوث (Bluetooth) چۆن گەشەی كردوە ؟

پێش ئەوەی تەكنەلۆژیای بلوتوث بكەوێتە گەڕ تەكنیكی (IR) لەكاردابوو كە بەكارهێنەرانی هەراسان كردبوو بەهۆی خاوی لەگواستنەوەو كەم مەودوایی لەگەیاندنیدا ئەمە سەرباری مەرجەكانی كاركردنی كەدەبوایە ڕاستەوخۆ نێرەرو وەرگر پێكەوە لەیەك شوێندا بونایە ڕویان بكرایەتە یەك ئەم كارەش هەوێنی دروست بوونی تەكنەلۆژیای بلوتوث بوو ، لەسەرەتای بەرهەم هێنانی ئەم تەكنەلۆژیادا دەبوایە هەڵەكانی تەكنیكی (IR) لەناوبەرن و دووبارەی نەكەنەوە هەربۆیە كەوتنە ڕێكخستنی پرۆتۆكۆلێك بۆ ئەم كارە ئەویش لەسەر بنەمای بتی نێراو لەیەكی كاتتدا كە ئایا لە یەكەی كاتتدا بتوانرێت چەند بت بگوازێتە ئاخو هەشت بت بێت یان شانزە بت ؟ وە ئایا بەچیدا بزانرێت كە بڕی داتای نێردراو هەمان ئەو بڕەیە كەگەشتوەتە دەستی وەرگر و توشی لەدەستدان نەبووە هەربۆیە بە شەپۆلی رادیۆیی كارەكەیان كرد نەك تیشكی ژێر سوور و پرۆتۆكۆلێكیان (Protocol) بۆ ئەم كارە گەڵاڵەكرد ، یەكەم جار كۆمپانیای (Erricson) لەساڵی 1994 ئەم خزمەتگوزرایەی خستیە خزمەتی بەكارهێنەرانەوە .

بلوتوث ( Bluetooth ) وەك پێكهاتەیەكی هاردوێری تەنها چیپێكە (Chip) كە زۆر بچوكە و لەسەر بۆردە ئەلیكترۆنیەكان جێگیر دەكرێت و بەهۆی سۆفتوێرێكی سادەوە كە تەنها چەند كارێكی ئاسانی تێدا جێكراوەتەوە دەكەوێتە گەڕ ئەمە لەبارە ئاساییەكەیدا ، بەڵام بەپێ ی كات ئەم چیپە تایبەتمەندی نوێ ی بۆ زیادكراوەو لە ئێستادا پێكهاتەیەكی تا ڕادەیەك ئاڵۆزە بەجۆرێكە لە ئێستادا سۆفتوێرێكی گەورەشی دەوێت تا بە تەواوی بتوانرێت دەست بگیرێت بەسەر تایبەتەمەندیەكانیدا ئەمە لەكاتێكدا كە لەكۆمپیوتەریشەوە دەستی بەسەردا بگریت ، چونكە لە ئێستادا بەهۆی یو ئێس بیەوە دەتوانرێت ئەم خزمەتگوزاریەش زیاد بكرێت بۆ كۆمپیوتەرەكان .

بیرۆكەی كاركردنی بلوتوث چۆنە ؟

بلوتوس (Bluetooth) بە شەپۆلی ڕادیۆیی كورت بە لەرەلەرێك كەلە (GHz2.41) تا (GHz2.48) دەوەشێنرێت و ڕێكەوتنێكی جیهانی لەسەركراوە هەتا لەو ڕێژەیە كەم و زیاد نەكرێت چونكە كاریگەری دەخاتە سەر ئەو ئامێرانەی كە بۆ چاودێری بەكاردێن و بەلەرەلەرێك نزیك لەو فریكوێنسیە كاردەكەن ، لەهەمان كاتتدا ئەگەر دوو ئامێر یان زیاتر لەیەك كاتتدا لەژورێكدا سەرقاڵی گواستنەوەی داتان بەهەمان تەكنیك ئەوا ئەم لەرە لەرە لەهەر دوو ئامێرێكدا دەگۆرێت و هەریەكەیان بەفریكوێنسیەك لەو بڕە تێپەڕ نەكات كە باسم كرد پێكەوە پەیوەست دەبن ئەم كارەش لە پێناوی ئەوەدا بنیات نراوە هەتا توشی پێكدادان نەبن و داتاكان لە گواستنەوەدا توشی تێكشكان و بەریەك كەوتن نەبن ، سیستەمی گواستنەوەی (point-to-point) تێیدا چالاكە واتا لە كاتێكدا تەنها داتا وەردەگرێت ناتوانێت لەهەمان كاتتدا بنێرێت و وە بە پێچەوانەشەوە ، بۆ پەیوەست بوون لە نێوان وەرگر و نێرەردا دەبێت نیشانەیەكی ڕازی بوون بدرێت ئەمەش لە پێناو پاراستندایە بەڵام لە دەچووە نوێیەكانی ئەم تەكنەلۆژیادا كارەكان تەنها بە ڕازیی بونێت كۆتایی نایەت بەڵكو پێویست دەكات چەند هەنگاوێكی تر ببڕیت هەتا بەتەواوی دڵنیابێتەوە لەوەی كە كەسی وەرگر ڕەزامەندە لەسەر كارەكە ، بەتایبەتی كاتێك ئەم پەیوەست بوونە لە نێوان كۆمپیوتەر و سمارت فۆنێكدا دروست دەكرێت كارەكان زیاتر دەخایەنێت وەك لەوەی لەنێوان دوو سمارت فۆندابێت .

ئەو هۆكارانە چین كە وای لە تەكنەلۆژیای بلوتوث كرد پێشبكەوێت ؟

لێرەدا دە هۆكاری بنەڕەتی ئەمەژە پێدەدەم كە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی بلوتوث (Bluetooth) گەشەكردنی لە ئامێرە ئەلیكترۆنیەكان و جێگای خۆی گرت لە جیهانی تەكنیكی پێكبەستندا بەم جۆرە :

گەیەنەرێكی بێ وایەرە : گرنگترین هۆكار بۆ بڵاو بوونەوەی ئەم تەكنەلۆژیایە تەكنیكی پێكەوە گرێدانی بێ وایەرە كە ئاسانكاریەكی لەڕادەبەدەر دەكات بۆ بەكارهێنەر سەرباری زۆر بوونی ئامێرە ئەلیكترۆنیەكان و پێكەوە گرێدانیان پێكەوە بڕی تێچوونیش كەم دەكاتەوە كە تەنها بەهۆی بوونی ئەم تایبەتمەندیەوە كەلە ئامێرەكاندا هەیە كارەكە دەگات بە ئەنجام ، وەك گوساتنەوەی وێنە لەكامێرایەكی دیجیتاڵیەوە بۆكۆمپیوتەر .

تێچووی كەمە : بلوتوس لەهەر ئامێرێكدا جێگیركرابێت نرخێكی ئەوتۆ ناخاتە سەر فرۆشتنەكەی بەڵكو تەنها چەند دۆلارێكی كەم وەردەگیرێت لەبری تەنها چیپێكی بچوكدا ڕاستەوخۆ لەسەر بۆردێكی ئەلیكترۆنی بنەڕەت جێگیركراوە و خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ پێكهاتەكانی تری ئامێرەكەدا .

ئاسان و خۆكارە لە پەیوەستبووندا : بەهۆی چەند فرمانێكی ئاسان و بێ ئەوەی هیچ گۆڕانكاریەكی میكانیكی بەئەنجام بگەیەنرێت لە ئامێرە ئەلیكترۆنیەكەدا كە بلوتوثی لەسەر جێگیركراوە دەتوانیت پەیوەستبوون بەئەنجام بگەیەنیین سەرباری دوركەوتنەوە و نزیك بوونەوە لە یەكتریش بەڵام خۆكارانە پەیوەستبوونەكە بەئەنجام دەگاتەوە بێ ئەوەی پێویست بە دووبارە ڕێكخستنەوە بكات .

بوونی پرۆتۆكۆل کار : هەر ئامێرێك ئەم تەكنەلۆژیایی لەسەر جێگیركراوە بە پرۆتۆكۆلێكی جیهانی كاری پێدەكرێت و ستاندارەدە واتا هەموو بلوتوثەكان بەهەر جۆرێك بێت و لەسەر هەر ئامێرێك بێت دەتوانرێت پێكبەستن و گواستنەوە لە نێوانیاندا ڕووبدات بێ ئەوەی هیچ كێشەیەك دروست بێت تێیدا .

نەبوونی نۆیس (Noise) : بڕی نۆیس(ژاوەژاو) لە كاتی پەخشكردن و وەرگرتنی داتادا ئێجگار كەمە یاخود هەر نیە چونكە مەدوای كارەكەی كەمە و ئەو لەرەلەرەش كاری پێدەكات دوورە لە لەرەلەری وایەرلێسەكانی ترەوە و بەئاسانی ناتوانرەێت لەرەلەری تر داغڵی ئەو نێوەندە ببێت .

ووزەیەی كەمی دەوێت : ئەو وزەیەیە كە لەدەست دەچێت بەهۆی بەكارهێنانی چیپەكەوە كە بلوتوثەكەیە ئێجگار كەمە ، ئەم تایبەتمەندیەش سوودێكی لەڕادەبەدەری هەیە بۆ مۆبای و هاوشێوەكانی كە سەرچاوەكەی وزەكەیان كەمە و پێویستە زوو زوو پڕبكرێتەوە لە ووزە .

گواستەوەی دەنگ : لە نێوان دوو ئامێردا وەك وەرگرێك و نێرەرێك و مۆبایلێك كەلە دوری یەكەوە كاردەكەن گرنگترین هۆكار بۆپێكەوە گرێدانیان بلوتوثە بێ ئەوەی بچوكترین كێشەی بۆ دروست ببێت كارەكە بەو پەڕی باشیەوە بەڕێ دەكات و دەنگەكە دەگوازێتەوە .

دروستكردنی تۆڕ : دەتوانرێت بەهۆی ئەم تەكنیكەوە كە بلوتوثە حەوت ئامێری ئەلیكترۆنی جیاواز پێكەوە گرێ بدرێت و لەتۆڕێكی بچوكدا كۆیان بكەیتەوە بەمەرجێك ڕوبەری ئامێرەكان لەو سنورە تێپەڕ نەكات كە توانای بلوتوثەكە دیاری كردوە .

دەرچووەكەی نوێدەكرێتەوە : بەهۆی پێشخستنی ئەو سۆفتوێرەوە كە كاری چیپی بلوتوث ڕێكدەخات و بەبەگەڕخەری دادەنرێت دەتوانرێت لە ڕێگای هێڵێكی نۆنلاینەوە نوێبكرێتەوەو كەم و كوڕیەوكانی پێشوو چارەسەر بكات و تایبەتمەندی نوێش بدات بە ئەو سۆفتوێرە كە دەست دەگرێت بەسەر چیپەكەدا .

زۆری پاڵشتی ئامێرەكان : بەهۆی پێشنیاركردنی ئەم تەكەنەلۆژیاوە بۆ زۆربەی ئامێرە ئەلیكترۆنیەكان ئێستا بەشێكی هەرە زۆری ئامرازە ئەلیكترۆنیەكان بەم تەنكەلەژیایە گەشەپێدراون و لەكاردان ئەم جۆرا و جۆریەش وا دەكات كە تەكنیكەكە هێندەی تر پڕ بایەخ بێت و لە هەموو ئامێرەكانی داهاتوودا ببێتە هۆكارێكی سەرەكی پەیوەست بوون .

لەگەڵ ئەوەی كە بلوتوث پڕ لە تایبەتمەندیە بەڵام هێشتا هەندێك كێشە هەیە كە چارەسەر نەكراوەو بەردەوام دەبێتە جێگای باس وەك توانای گواستنەوەی كە بڕێكی كەمە و توانای پارێزگاریەكەی كە كەمە و لەوانەیە ڕووبەڕی هاككردن ببێتەوە ، هێشتا لەگەڵ ئەوەشدا بە بە باشترین هۆكار دادەنرێت  و لە لوتكەی تەكنیكی گواستنەوەدایە بەهۆی ئەوەی زۆرترین بڕی ئامێری ئەلیكترۆنی ئەم تەكنیكەیان تێدا جێگیركراوە .

دەرچوەكانی تەكنەلۆژیای بلوتوث (Bluetooth) :

یەكەم (Bluetooth v1.0) : سەرەتاییترین دەرچووی بلوتوثە لەساڵی 1999 بەردەست بەكاربەران خرا بەڵام لەبەر بوونی كێشەیەكی زۆر لە تەكنیكەكەدا دەرچووێكی تریشی لەهەمان سەردەمدا لێ بنیات نا بەناوی (v1.0B) بەڵام هەر لە كێشە بە دەر نەبوو نەیتوانی متمانەی بەكارهێنەران بەدەست بهێنێت .

دووەم (Bluetooth v1.1) : دووەم دەرچووە لە تەكنەلۆژیایی بلوتوث كەلە ساڵی 2002 دا خرایە خزمەتی كارەوە هەموو كێشەكانی دەرچووی پێشوی تێدا چارەسەركرابوو سەرباری بەهێزكردنی توانای سیگنالەكەی بۆ ماوەیەكی درێژتر لەوەی پێشوو ، هەر لەم كاتەدا پاڵپشی ڕێكخراوی جیهانی (IEEE) بەدەست هێنا ژمارەی باوەڕپێكراوی (Standard 802.15.1) بۆ تەكنیكەكە دەستبەركرا ، خێرایی گواستنەوەی داتای بەرزكرایەوە بۆ (721 kbit) لە چركەیەكدا .

سێیەم (Bluetooth v2.0) : سێیمە دەرچوو لەم بەرهەمە لە ساڵی 2004 دا خرایە بەردەستی بەكارهێنەران كە پێشكەوتنێكی ئێگجگار باشی بەخۆوە بینی بوو بەتایبەتی لەوەی كە خێرایی گواستەوەی داتای بۆ 2.1 مێگابت لە چركەیەكدا بەركرایەوە ، سەرباری مەدوای گەیاندنی بۆ 10 بەرزكرایەوە ، یەكێكی تر لە تایبەتمەندیەكان كە لەم دەرچوەدا گەشەی پێدرابوو كەم كردنەوەی بڕی لەدەست چوونی وزەبوو بەهۆی كاركردنی بلوتوثەكەوە .

چوارەم (Bluetooth v2.1) : لە ساڵی 2007 دا بنیات نرا ، خێرایی گواستنەوەی داتا لەم تەكنیكەدا بۆ 3 مێگابت لە چركەیەكدا بەرزكرایەوە ، بەلام مەدوای دووری هەر لە 10مەتر زیاتر نەبوو ، لەكاتی گواستنەوەی داتادا دەكرا كارێكی تریش لە سەر ئەو ئامێرەبكەیت كە كارەكەی ڕادەپەڕاند واتا كارەكە دەبوو بە باگراوندی ئامێرەكەو كاریگەری لەسەر تەواوی ئامێرەكە دروست نەدەكرد .

پێنجەم (Bluetooth v3.0) : ئەم دەرچوە كەلە ساڵی 2007 دا بڵاوكرایەوە بە یەكێك لە دەرچووە هەرە باشەكان ئەژمار دەكرێت چونكە خێرایی سەرباری تەواوی تایبەتمەندیەكانی دەرچوەكانی پێشوو توانای خێرایی گواستنەوەی بۆ 24 مێگابت لەچركەیەكدا بەرزكرایەوە ، تەكنیكەكە لەگەڕاندا پێشخرا بەجۆرێكی زۆر خێرا دەیتوانی ئامێرەكانی تر بدۆزێتەوە كە نزیكن لێوەی لەرەلەری گەڕانەكەی خرایە ئاستێكی ستانداردەوە ، لەم دەرچوەوە سمارت فۆنەكان بەتەواوی ئەم ئامرازەیان كرد بە پێكهاتەیەكی سەرەكی لە بەرهەمەكەیاندا تەنانەت كۆمپانیای ئەپلیش لە سمارت پادەكانی وەك ئایفۆن و ئای پاد و ئاپۆد دا جێگای كردوە .

شەشەم (Bluetooth v4.0) : لە ساڵی 2010 دا ئەم دەرچوە بڵاوكرایەوە ، لەهەمان كاتتدا چەندین دامەزراوەی تر بە تایبەتمەندی نوێ وە پێشنیاری كاریان خستە ناو ئەم پرۆژەوەوە هەربۆیە فراوانی بەخۆوە بینی بە تایبەتی لەم دەرچوەوە كە توانای بەفیڕۆچووی وزەیان لەسەر ئەم چیپە كەم كردوە سەرباری بچوكی لە قەبارەیدا لەم كاتەدا بە نازناوێكی نوێوە كە بریتی بوو لە (Bluetooth Smart Ready) لەگەڵ لۆگۆیەكی نوێدا بەرهەمەكە بڵاوكرایەوە .

حەوتەم (Bluetooth v4.1) : لە ساڵی 2013 بڵاوكرایەوە كە بایەخ درابوو بەسێ لایەنی گرنگ ، یەكەم كاتێك تەكنەلۆژیای (4G) هاتە كایەوە دەبوایە ڕێكخستێك بكرێت لە نێوان بلوتوث و ئەم تەكنەلۆژیادا هەتا كەمترین بڕی وزە لەدەست بچێت لە بەكارهێناندا هەربۆیە ئەم كارە بە تەواوی ڕێكخرا ، دووەم ماوەیەك دانرا بۆ كاركردنی بلوتوثەكە هەتا بەردەوام كار نەكات و بەهۆیەوە ووزە لەدەست بچێت بەڵكو خۆكاری بە ماوەیەكی دیاری كراو لەكاركردن دەوەستا ، سێیەم لە ناردن و وەرگرتنی داتادا ئاسانكاری كرا تێیدا هەتا بتوانرێت فایلی قەبارە گەورە بەخێرایی وەربگیرێت یان بنێرێت .

هەشتەم (Bluetooth v4.2) : كۆتا تەكنیك تا ئێستا لەم بەرهەمە بنیات نرابێت بریتیە لەم دەرچووە كە ساڵی پاڕ واتا 2014 بڵاوكرایەوە تێیدا چاكسازیكراوە بۆ پەیوەست بوون بە ئیتەرنێتەوە لە ڕێگای بلوتوثەوە ، لایەنی پاراستن بەتەواوی گەشەی سەندوە تێیدا وەك شاردنەوەی خزمەتگوزاریەكە ، كار لەسەر ئەوە كراوە كە وزەیەكی كەمتر لەدەست بچێت لە كاتی بەكارهێنانیدا ، فایلی گواستراوە تێیدا ئینكریپت دەكرێت لە كاتی ئاڵوگۆڕدا بە نوێترین سیستەمی پاراستن ، خێرایی لە گواستەوەدا ئێجگار زیادكراوە بەجۆرێك چەند بەرانبەرە لەگەڵ دەرچووەكانی پێش خۆی .

لە پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری بلوتوثدا سێ پۆلی بەرهەم هەیە لە بەكارهێنانی دا كە هەر یەكەیان بە مەدوایەك كاردەكات بەلام بنەمای كاریان هەر هەمان بنەمایە و گۆڕانكاری تێدا نیە تەنها برەو بە پێهاتەی هاردوێریەكەی دراوەو تواناكەی زیادكراوە ، یەكەمیان ئەو تەكنیكەیە كەلەزۆربەی سمارت فۆنەكاندا بەگەرخراوە ماوەی دە مەتر دەتوانرا بوەشێنرێت لەدووەم دەرچوویدا كە دەتوانرێت لە 20 تا 30 بوەشێنرێت ، سێیەمیشیان ماوەی وەشاندنیشی نزیكی 100 مەترە.

ناوی بلوتوث (Bluetooth) لەچیەوە هاتووە ؟ لۆگۆكەی چۆن داڕێژراوە ؟

كاتێك پرسیاركراوە لە بەرهەم هێنەران و پێشخەرانی ئەم تەكنەلۆژیای بۆچی ئەم ناوەیان بۆ هەڵبژاردوە ؟ لەوەڵامدا دەڵێن بۆ ڕێزگرتنە لە نازناوی پاشای دانیمارك كە لەگەڵ كوڕەكەیدا لەشەرێكدا كوژراون ناوی (Harald Bluetooth) بووە ، ئەم ناوەش تەنها بۆ دانیمارك ناگەڕێتەوە بەڵكو تەواوی وڵاتانی ئەسكەندەنافیا ئەو ناوەیان لاپیرۆزە و بەكەسێكی شۆڕشگێڕی دەزانن سەرباری ئەوەی كە سەرەتای بەرهەم هێنانی مۆبایلی دەستی لەو وڵاتانەوە بە تەواوی گەشەكردوە بە تایبەتی نوكیا لە فنلندا و ئەریكسۆن لە سوید كە بەرهەمێكی بێشوماریان لەجیهاندا بڵاوكردوەتەوە هەربۆیە ئەو ناوەیان بە ناوێكی گشتی بۆ بەرهەمەكە هەڵبژاردوە .

ئەو لۆگۆیەش كە بلوتوثی پێ دەناسرێتەوە لە هەردوو پیتی سەرەتای ناوی (Harald Bluetooth) پێكهێنراوە واتا هەردوو پیتی (H&B) بەڵام بەشێوەیەك تێكەڵ كراوە كە دەبێت بەوردی سەرنج بدەیت هەتا هەردوو پیتە تێكەڵ كراوەكە بدۆزیتەوە .

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

لە دایك بووی ساڵی 1986 م و لە سلێمانی نیشتەجێم بڕوانامەی (Electronics and Computer Maintenance) و ( I C D L ) م بە دەست هێناوە ، لە ئێستاشدا خویندکاری زانستی کۆمپیوتەرم (Computer science) ، لە سەرەتای ساڵی 2002 دا بۆ یەکەم جار کۆمپیوتەرم کڕی و لەو ساڵەوە بە بەردەوامی هاوڕێ ی و هاودەمێکی هەمیشەییە بۆم ، بە ماوەی پچڕ پچڕ لە کاتە جیاوازەکاندا لەگەڵ بوارەکانی ( دیزاین و پرۆگرام سازی و وێپ داڕشتن نووسینی بابەتی ئای تی ) دا سەرقاڵبووم ، وە لە ساڵانی 2009 و 2011 دا لە بواری هاردوێردا کارم کردوە .

Comments are closed.