گەر بەکارهێنەری ویندۆس بووبی ،لەوانەیە بۆ جاریكیش بوبێت کلیکی لای ڕاستت کردبێ و چەند جارێک Refresh ی کۆمپیوتەرەکەت کردبێت یاخوود پەنجەت لەسەر F5 داناوە ، چونکە پێت وابووە کە دەبێتە هۆی خێراتر بوونی کۆمپیوتەرەکە.بەڵام ئایە لە ڕاستیدا ئەمە وایە؟ ئایە Refresh دەبێتە هۆی خێرابوونی کۆمپیوتەر؟

چەمکی Refresh و سوودی بوونی ئەم بژاردەیە و وەڵامی پرسیارەکانی سەرەوە ، لەدرێژەی ئەم بابەتەدا بخوێنەوە.


تاکوو چەند ڕۆژێک لەمەوبەر منیش وەک هەر بەکارهێنەرێکی دیکەی ویندۆس پێم وابووە کە Refresh  کردنی زۆری دیسکتۆپ، دەبێتە هۆی خێراترکردنی کۆمپیوتەر و سڕینەوە و خاوێنکردنەوەی ڕام، بەڵام دوای بینینی وتارێک لە fossbytes و بابەتێک لە thewindowsclub و گەڕان لە گوگڵ، بۆم ڕوون بۆوە کە Refresh کردنی دیسکتۆپ نەک هەر تەنها نابێتە هۆی خێراکردنی کۆمپیوتەر، بەڵکوو زۆر ئەنجامدانی لەسەریەک دوور نیە ببێتە هۆی هێواش کردنەوەشی..!!

:::: چی ڕوو دەدات کاتێک Refreshی دیسکتۆپەکەت دەکەیت؟

Desktopیش بریتیە لە فۆڵدەرێک وەک هەر فۆڵدەرێکی دیکەی ناو یەکێ لەدرایڤەکانی تری ویندۆس کە تیایدا فایل و فۆڵدەر لەخۆ دەگرێت، وا بەرنامەڕێژ کراوە کە خۆکارانە Refresh ببێت و زانیاری دەربارەی پێکهاتەکەی ناوەوەیی و گۆڕانکارییەکانی نوێ ببێتەوە.
Refresh پڕۆسەیەکە کە تێیدا سیستم هەڵدەستێ بە دووبارە گەڕان و خوێندنەوەی زانیارییەکان لە سێکتەری داتا هەڵگرەکان لە شوێنێکی دیاریکراو ، وە دواین گۆڕانکاری و پێشهاتەکان دەربارەی هەر داتایەکی وەک فایل و فۆڵدەر و ئایکۆن و وێنە هتد دەخاتە ڕوو.

کاتێک تۆ Refreshی دیسکتۆپ دەکەیت(بەکلیکی لای ڕاست بێ یان پەنجەنان بە F5)، سیستم دەست دەکات بە پشکنینی فۆڵدەری دیسکتۆپ و هەر گۆڕانکارییەک تیایدا ڕوویدا بێ لە کۆپی کردن و سڕینەوە و ناوگۆڕین و گواستنەوە و زیادبوونی ئایکۆن هتد… وە نەخرابێتەڕوو ئەوا بەهۆی کرداری Refresh کردنەوە گۆڕانکارییەکان پیشان دەدرێن،وە هیچ کات ئەوەش یارمەتی خێراتربوونی کۆمپیوتەر نادات بەڵکوو بە پێچەوانەشەوە زۆر ئەنجامدانی ئەم کارە دەبێتە هۆی خاوکردنەوەی کۆمپیوتەر وسەرقاڵ کردنی پرۆسێسەر.

چونکە هەر کردارێکی Refresh پێویستی بە خوێندنەوە و پاشەکەوتکردنی داتا هەیە لەسەر دیسکی هارد.

:::: لەم حاڵەتانەی خوارەوە پێویستە خۆت Refresh ئەنجام بدەی:

1- لەسەر دیسکتۆپ فایل یان فۆڵدەرێک دروست بکەی، بسڕیەوە ، ناو بگۆڕی ، بیگوازیەوە ، پاشەکەوت بکەی بەڵام نیشان نەدرابێت.
2- هەبوونی کێشە لە ئایکۆنەکانی سەر دیسکتۆپ. 
3- لەناو پڕۆگرامێکەوە فایلێکت لەسەر دیسکتۆپ پاشەکەوت کردبێ ، بەڵام دەرنەکەوتبێت.

:::: هەندێ کەس بەردەوام Refreshی دیسکتۆپ دەکەن:

لەوانە تێبینی ئەوەت کردبێ کە هەندێ کەس زۆر Refreshی دیسکتۆپ دەکەن.

هۆکاری ئەوەش جگە لە خوو پێ وەگرتن بە ئەنجامدانی ئەو کارە ، هیچی دیکە نی یە.

دوور نی یە تۆش یەکێ بیت لەو کەسانەی ئەو خووەیان هەیە و بەردەام دووبارەی دەکەیەوە :)
گەر وایە لەمەودوا کاتی تەرک کردنیەتی و چیتر ئەنجامی مەدە.

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

دەرچووی بەشی نێتۆرکم لە "پەیمانگای زانستی کۆمپیوتەر/ سلێمانی" . بەشێوەیەکی گشتگیر تێکەڵم لەگەڵ تەکنەلۆژیا،بەتایبەت لەگەڵ سیستمی وه‌گه‌ڕخه‌رى ویندۆز و ئەندرۆید. گەیاندنی بابەتە پێویست و گرینگەکان، وە هۆشیارکردنەوە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ جیهانی تەکنەلۆژیا بەشێوەیەکی پارێزراو، ئامانجی منە.

Comments are closed.