گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەڵێ هیچ بڕیارێك بۆ راگرتنی ئینتەرنێتی كوردستان لەلایەن بەغداوە نەدراوە و بەشێكی كەمی ئینتەرنێتی كوردستان، پەیوەستە بە عێراقەوە، تەنانەت هەندێ كات ئینتەرنێت لە كوردستانەوە بۆ هەندی ناوچەی عێراق دابین دەكرێت.
ئومێد محەممەد ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “هیچ بڕیارێك بۆ راگرتنی هێڵەكانی ئینتەرنێتی كوردستان نییە و، ئینتەرنێتی كوردستان لە توركیا و ئێران و بەشێكی كەمیشی لە عێراقەوە دابین دەكرێت. هیچ بڕیارێكیش لەلایەن هیچ وڵاتێكەوە لەبارەی وەستاندنی ئینتەرنێت لەسەر باشووری کوردستان دەرنەچووە”.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن ئەوەشی خستەڕوو؛ هەندێکجار لە كوردستانەوە ئینتەرنێت بۆ هەندێک شار و ناوچەی عێراق دابین دەكرێت.
ئینتەرنێتی هەموو هەرێمی كوردستان لەلایەن چوار كۆمپانیای سەرەكییەوە دابین دەكرێت، لەناوخۆی هەرێمی كوردستانیش نزیكەی 60 کۆمپانیا دابەشی دەكەنەوە.
دوای ئەوەی بە بڕیاری بەغدا گەشتە ئاسمانییەکان لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی راگیران، دەنگۆی ئەوەی بڵاوبووەوە بە بڕیاری بەغدا ئینتەرنێتیش وەکو کارتێکی فشار لەسەر هەرێمی کوردستان دەوەستێندرێت، بەڵام گوتەبێژی گواستنەوە و گەیاندن ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە.
س : روداو