كۆمپانیای ئه‌پڵ ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی بانگهێشتی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی كردووه كه له‌به‌رواری 21ی ئاداردا له‌نوسینگه‌ی سه‌ره‌كی خۆی له‌شاری سان فرانسیسكۆ ئه‌نجامده‌درێت، وه‌ك چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت ئامانج له‌م بانگهێشتانه‌مه‌یه‌ی ئه‌پڵ بۆ ئاشكراكردنی به‌رهه‌مه نوێیه‌كانی ئه‌پڵه له‌مۆبایل و كۆمپیوته‌رو ئایپاد.
كۆمپانیاكه له‌به‌شێكی بانگهێشتنامه‌كه‌یدا كه ئاڕاسته‌ی ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی كردووه نووسیویه‌تی (بانگهێشتكراون تا پێكه‌وه كۆببینه‌وه)، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ راگه‌یاندنی به‌رهه‌مێكی نوێی كۆمپانیاكه.
سه‌رچاوه‌یه‌كیش كه نه‌ویستووه ناوی ئاشكرا بكرێت به‌سایتی شاشه نیوز-ی راگه‌یاندووه: كۆمپانیای ئه‌پڵ له‌و كۆنگره‌یه‌دا مۆبایلی ئایفۆن پێنج ئێس ئی راده‌گه‌یه‌نێت كه قه‌باره‌ی شاشه‌كه‌ی 4 ئینجه، هاوكات ئایپادێكی نوێش راده‌گه‌یه‌نێت كه به‌ته‌كنه‌لۆژیای پێنووسی ئه‌پڵ پاڵپشتی ده‌كرێت، سه‌رچاوه‌كه ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد كه كۆمه‌ڵێك كاتژمێری زیره‌كیش راده‌گه‌یه‌نێت.
جێی باسه، ئه‌م كۆنگره‌یه‌ی ئه‌پڵ یه‌ك رۆژ پێش دانیشتنی دادگای كالیفۆرنیا ده‌به‌سترێت، كه دانیشتنیه‌كه تایبه‌ت ده‌بێت به‌كێشه‌كانی كۆمپانیای ئه‌پڵ و حكومه‌تی ئه‌مریكا له‌سه‌ر پرسی رێگه‌دانی ئه‌پڵ به‌ده‌سه‌ڵاتداران تا بگه‌ن به‌سه‌رجه‌م زانیارییه خه‌زنكراوه‌كانی ئامێری ئایفۆن.
س/خاك