پرسیار و گومان زۆرن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەبارەی پاراستنی زانیاری و شتە تایبەتیەکانی ئەندامانی بەشداریکەری ئەم تۆڕانە، ئەوان دەپرسن: کێ زانیارییەکانم و بەشدارییەکانم دەبینێت؟ کێن وێنەکانم تەماشا دەکەن؟ کێن وتەکانم دەخوێننەوە؟ . . . وچەندین پرسیاری دیکە.
لەم بابەتەدا تیشک دەخەمە سەرفەیس بووک بەوەی کە زۆرترین بەشداربووی کوردی هەیە بەراورد بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تر.
فەیس بووک زۆرترین بەشداربووی هەیە لە سەرانسەری جیهاندا (زۆرتر لە 1بلیۆن بەشداربوو) ، لەناو مەرجەکانی بوون بە ئەندامیەتی تۆڕەکەدا، سەبارەت بە پاراستنی زانیاری بەشداربووان ، وەڵامی هەندێ لەو پرسیارانەی داوەتەوە و هەندێکیشی هێشتۆتەوە بۆ چۆنیەتی ڕێکخستنەکانی هەژماری ئەندامان و سازدانی بواری کەسێتی (Private) . لەبەر ئەوە زۆر گرینگە مەرجە گشتی و یاساییەکانی بەشداربوون بە تەواوەتی بخوێنیەوە ، یان لایەنی کەم ئەو بڕگانەی باس لە پاراستنی زانیارییەکان دەکەن. تا تێبگەی لەوەی چەندە پارێزراوی.
# زانیارییەکان کامانەن
لەهەموو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ، زانیاری تاکە کەسی وەکوو ناو ، ناونیشان ، رێکەوتی لەدایک بوون ، پیشە ، شوێنی نیشتەجێ بوون ، وێنە تایبەتیەکان ،هتد .ئەمانە بۆ کردنەوەی هەژمار و ناساندنی خۆت داوات لێکراوە بیدەیت ، هەندێکی تریشی وەکو پیشە و شوێنی لەدایک بوونت ، خۆ ویستانەیە و دەتوانی نەیان نوسی ، جگە لەمانە لێدوانەکان ، چ لەسەر ئاستی خۆت یان لێدوانەکانت لای هاوڕێکانت (Friend) و ئەو کەسانەی کە ڕێگەت پێداون بەشداریت بکەن، هەروەها دانانی ئەو بەستەر (link) و گرتە ڤیدیۆیانەی کە ئارەزوت لێیان هەیە و ئەو کۆمەڵە و رێکخراوانەی کە یاداشتیان دەکەیت و بەدوای هەواڵەکانیان کەوتوویت ئەمانە هەمووی جۆراوجۆر زانیارین کە کەسایەتی بەشداربوو دیاری دەکەن و خواست و ویستەکانیشی نیشان دەدەن.
تۆڕێکی وەکوو فەیس بووک لە مەرجەکانی بە ئەندام بووندا ، ئاماژەی بە سوود وەرگرتن لەم زانیارییانەی سەرەوە دەدات بۆ بازرگانی خۆی ، هەموو جۆرە وێنەیەک یان هەر جۆرە گرتەیەکی ڤیدیۆی لە هەژمارەکەتدا هەبێت ، رێگەی بەخۆی داوە کە بۆکاری بانگهێشتی خۆی بەکاریان بهێنێ جگە لەوەی لە پڕۆژە و کارەکانی تریشیاندا دەتوانن سودی لێ وەربگرن.
# خراپ بەکارهێنان
زۆر جار لە بەشداربوانەوە دەبیستین کە نە ناسێک دەیەوێت پەیوەندی ببەستێت ، یان نەناسراوێک پەیامێکی تایبەتی ناردووە ، ئەم بارەش زۆرتر دوچاری بەشداربووە مێینەکان دەبێتەوە ، کە هەراسان دەکرێن بە پەیام و لێدوانی تر، لەم بارەدا پێویستە بەشداربووان دوگمەی ئاگادارکردنەوەی فەیس بووک دابگرێت ، کە هەڵدەستێ بە گەیاندنی پەیامی ناڕەزاییەکانی تۆ و کاردانەوەی بەڕێوەبەرانی فەیس بووک بەرامبەر بە کەسی ناحەز، فەیسبووک پێشنیار دەکات کە ئەو کەسانە بسڕیتەوە لە لیستی هاوڕێکانت، وە هەروەها کۆتیان (بلۆکیان)بکەی و پاشان ڕاپۆرت لەسەر هەڵسوکەوتیان بنوسیت بۆ فەیس بووک تا ئەوانیش کاری پێویست بەرامبەری بکەن ، تائەوەی هەژمارەکەشی ڕابگرن و بسڕنەوە.
# بازرگانی کردن بە زانیاری بەشداربووان
ڕەنگە بینیبێتت و بیستبێتت کە فڵان تۆڕی کۆمەڵایەتی ئەوەندە قازانجی هەبووە یان قازانجی زیادی کردووە، ئاخر چۆن و بەچی؟! گومانی تێدا نی یە کە فەیس بووک قازانجێکی ماڵی مەزن دەکات لە ڕێگەی بازرگانیکردن و دراوەکانی (Data) بەشداربوانی تۆڕەکەی، ئەوان گەر پێویست بکات، زانیاری دەربارەی هەر بەکارهێنەرێک دەدەن بە حکومەت و دەسەڵاتداران لە بچوکترین زانیاری تا هەستیارترین زانیاری ، بۆیەش دەبێت پاش خۆ تۆمارکردن لەم تۆڕە ڕێکخستنەکانی کەسایەتی و تایبەتمەندێتی خۆت دەستکاری بکەیت و سازدانەکانت بەشێوەیەک بێ کە خۆت لە گەورە و بچوکی نیشاندانی زانیارییەکانت ئاگاداربی، شتێک بڵاونەکەیەوە کە لەدواجاردا بە زەرەرت بشکێتەوە.
(بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ئەو زانیارییانەی فەیس بووک کۆی دەکاتەوە دەربارەی تۆ وە چۆنیەتی بەکارهێنانی لەلایەن خۆیەوە، کلیک بکە لە (Privacy) .
وێنەکە لە zonealarm
# چۆن زانیارییەکانم بپارێزم؟
شێوازی پاراستن لە فەیس بووک چەندین جار هاتۆتە پێش، پەستانی وڵاتانی دیموکراتخواز لەسەر پارێزگاری کردنی مافی تاکەکەس ، هەمیشە ڕێگربوون لە زیادەڕەوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرامبەر زانیاری بەکارهێنەران، بەنمونە پەرلەمانی ئەوروپا جەخت لە مافەکانی پاراستن و ڕێگری لە خراپ بەکارهێنانی زانیارییەکان لەلایەن خودی کۆمپانیا دەکاتەوە،
لێرەدا چەند ڕێنماییەک دەنوسم کە گرینگن بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێ پارێزگاری لە زانیارییە تایبەتییەکانیان بکەن:
- زانیاری تەواو سەبارەت بە ژیاننامەکەت مەنوسە، بۆ نمونە، ڕێکەوتی لەدایک بوون ، پلەکانی خوێندن ، لەکوێ بوون ، کەی ، …. هتد. تەنها ئەو زانیارییانە بدە کە کردنەوەی هەژمارەکەت داوای دەکات.
- ناونیشانی پۆستی ئەلیکترۆنی خۆت مەدە، گەر هەمیشە بەکاری دەهێنیت ، بەڵکوو یەکێکی تر بدە کە سەرەکی نەبێت لەلات.
- وێنەی زۆر تایبەتت دامەنێ ، چونکە بەپێی ڕێساکانی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆیان هەیە کە وێنەکان و ڤیدیۆکان و یا هەر زانیارییەکی دی بۆ کاری تایبەتی خۆیان و بەدواداچوونەکانیان بەکاری بهێنن.
- هەموو کەسێک مەکە بە هاوڕێی خۆت ، تا ئەوەی نەزانی کێ یە و تا چەند سەلامەتە.
- تایبەتمەندیەکانت بەشێوەیەک ساز بدە کە هەموو کەسێک نەتوانێت زانیارییەکانت ببینێت ، بەڵکوو تەنها ئەوانەی کەخۆت دەتەوێت.
- گشت ئاستەکانی پاراستنی ئەژمار بەئیش بخە، هەر لە دانانی بەهێزترین وشەی تێپەڕ تا بەکارخستنی ڕازی بوون بەچونە ژوورەوە (login approval).
- گەر لە شوێنە گشتیەکاندا ئینتەرنێتت بەکارهێنا ، وا باشترە لەبەر پاراستنی هەژمارەکەت نەچیە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
- ئەو وێنانەی کە ناوی تۆ دەخەنەسەر (تاگ دەکرێی) بپارێزە بۆخۆت و با تەنها خۆت بتوانی وێنەکان ببینی.
بە دەستکارییەوە لە (پاراستن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (فەیس بووک بەنمونە) -پێناسە و ڕاڤەی زاراوەکانی کۆمپیوتەر)