بەبۆنەی تێپەڕبوونی 400 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شاعیر و نووسەر و ئەکتەری بەریتانی ویلیام شکسپیر، ماڵپەڕی جیهانی گووگل لۆگۆی فەرمی خۆی دەگۆڕێت و دەیکات بە وێنەو شانۆکانی ئەم نووسەرە بەناوبانگە.
گووگل وەک رێزگرتنێک لە کەسایەتییەکانی جیهان، لە رۆژی لە دایکبوونیان یاخود کۆچی دوایی لۆگۆی خۆی دەگۆڕێت و ئەم کارە تەنیا بۆ کەسایەتییە جیهانییەکان ئەنجامدەدات، ئەمڕۆ 23-ی نیسانی کە رۆژی شەممەیە 400 ساڵ بەسەر مردنی ئەو نووسەرە جیهانییە بەریتانییە تێدەپەڕێت.
پۆستەری رۆمیۆ و جولێت، یەکێک لە بەناوبانگترین کارەکانی شکسپیر
شکسپیر زیاتر بە دەقە شانۆییەکانی بەناوبانگە، لە پاڵ ئەوەشدا وەک شاعیرێکی بەهێز و ئەکتەرێکی باش دەرکەوتووە، بەناوبانگترین دەقە شانۆییەکانی بریتین لە هاملێت، ئۆسێلۆ، رۆمیۆ و جولێت-ن، لە ساڵی 1582 تا ئەو کاتەی مردنی لەگەڵ هاوژینەکەی ئانێ هاتاوەی ژیاوە.
چالاکییەکان لە تەواوی وڵاتانی جیهان بەبۆنەی یادی مردنی ئەو کەسایەتییە ئەنجامدران، ویلیام شکسپیر ئەگەرچی بۆچونی جیاواز لەسەر رۆژی لە دایکبوونی هەیە، بەڵام زۆرترین سەرچاوەکان دەڵێن، کە ناوبراو لە رۆژی 26-ی نیسانی 1564 لە دایکبووە و لە رۆژی 23-ی نیسانی 1616 کۆچی دواییکردووە.
س : رووداو