بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری ئیسلامی و خێرخوازی لە دوبەی لە فەتوایەكدا رایگەیاند: بەبێ مۆڵەت بەكارهێنانی وای فای حەرامە، چونكە دزییە.
ئەحمەد عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری فەتوادان لە بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ئیسلامی و خێرخوازی لە دوبەی بە رۆژنامەیەكی ئیماراتی گوتووە ” نابێت هێڵی ئینتەرنێت بەكاربهێندرێت ئەگەر خۆت هاوبەشیت نەبوو لەگەڵ تۆڕی ئینتەرنێتەكە، چونكە ئەم خزمەتە جۆرێك لە سوودی هەیە و ئەو شتانەش كە خاوەنیان هەبێت نابێت بەبێ مۆڵەتوەرگرتن لە خاوەنەكەیان بەكاربهێندرێن”.
روونیشی كردەوە “دزینی WI FI وەكو هەموو جۆرە دزییەكانی دیكە حەرامە و، لەوایەنە گوناحەكەی زۆریش بێت، بەهۆی ئەو كاریگەرییەی لەسەر خاوەنی راستەقینەی هێڵی ئینتەرنێتەكەی بەجێی دەهێڵێت”.
بەڕێوەبەری فەتوادان لە بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ئیسلامی و خێرخوازی لە دوبەی هەروەها دەڵێ “ئەو كەسەی وایفای دەدزێت دەبێت خۆی لە شوێنی خاوەنی راستەقینەی هێڵی ئینتەرنێتەكە دابنێت… هەروەها خاوەنی راستەقینەی هێڵی ئینتەرنێتەكە لەرووی شەرعییەوە مافی خۆیەتی لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەكان ئاگاداربكاتەوە لە ئەگەری بەبێ مۆڵەتبەكارهێنان و دزینی وایفاكەی”، داواشی كرد ” لە ترسی خوا لەو كارە دووربكەونەوە”.
تێك ئای -رووداو