پێشەکی

بۆ ئەوەی بابەتەکە زۆر درێژ نەبێتەوە هەوڵم داوە زۆر بەکورتی باس بکەم، لە جیهانی یونیکس/لینوکس، هەمووشتێک بە پەڕگە و بوخچە بەستراونەتەوە، ئەمانیش تایبەتمەندی مۆڵەت پێدانیان گەرەکە تاکو بتوانن وەکو پێویست بەبێ کەموکوڕی و پارێزراوانە کاربکەن، بۆ ئەم مەبەستەش سیستەمێک هەیە بەناوی (chmod permission) بەکاردەهێنرێت.

زاراوەی (ChMod) لە هەردوو وشەی (Change Mode) کورتکراوەتەوە بە واتای گۆڕینی دۆخ یاخود شێواز دێت.

ئایە (rwx) چییە ؟

(دەسەڵاتی خوێندنەوە) r= read permission

(دەسەڵاتی نووسینەوە) w=write permission

(دەسەڵاتی جێبەجێکردن) x= execute permissions

بەگشتی سێ کۆمەڵە هەن:

owner: دەتوانین بە بەڕێوەبەر ناوی ببەین کە دەسەڵاتێکی تەواوی هەیە لە بەرێوەبردن.

group: بەپلەی دووەم دێت لە دوای بەڕێوەبەر لە ڕووی دەسەڵات و بەڕێوەبردن.

public(other): بەکارهێنەرانی ئاسایین و تەنها دەتوانن وەک میوان بەشدار بن.

گریمان پەڕگە/بوخچەیەکمان هەیە، چمۆدەکەی بەم شێوەیە (rwxrwxrwx) بوو ، ئەوا لێکدانەوەکەی بەمشێوەیە دەبێت:-

سێ پیتی یەکەم بۆ دەسەڵاتی بەکارهێنەرە (user’s permissions).

سێ پیتی دواتر بۆ دەسەڵاتی گرووپە (group’s permissions).

هەروەها دوایین سێ پیت بۆ دەسەڵاتی بەکارهێنەرانی ترە( other users permissions).

دەسەڵاتی بوخچەی لینوکس

ئەگەر “r “read بۆ دەسەڵاتی خوێندنەوەبێت لەسەر بوخچە، مانای وایە تۆ دەتوانی ناوەڕۆکەکان بخوێنیتەوە. بۆ چونە نێو بوخچە پێویستت بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەبێت “x “execute بۆ بەکارهێنانی فەرمانی cd، ئینجا لە کۆتاییدا ئەگەر ویستت پەڕگەیەک یان بوخچەیەکی ناوخۆیی دروست بکەی ئەوا پێویستت بە دەسەڵاتی نووسین w” write permissions” دەبێت، لەگەڵ دەسەڵاتی ‘write’ دەتوانی ناوەڕۆکەکان بسڕیتەوە لە بوخچە، ئینجا ناوەڕۆک چ پەڕگە بێت یاخود بوخچە.

لە ڕووی دەسەڵاتە بنەڕەتییەکان

دەسەڵاتی “r “read ڕێگەت پێ دەدات بۆ بینینی ناوەڕۆکی پەڕگە، بۆ نمونە (cat file1.txt)، و بۆ سڕینەوە، گۆڕانکاری، یان زیادکردنی ناوەڕۆک لە پەڕگە ئەوا بۆ پەڕگەکە پێویستت بە دەسەڵاتی “w “write دەبێت. ئەگەر پەڕگەکە وەک سکرێپتی شێل (shell script) بێت و پێویستی بە جێبەجێکردن (executed) بیت، ئەوکات پێویستت بەدەسەڵاتی جێ بەجێکردن “x “execute دەبێت.

ئەگەر تۆ بەکارهێنەری/خاوەن پەڕگەکەیت، ئەوکات تەنها دەسەڵاتی بەکارهێنەری خاوەندارێتییەکەت بەر دەکەوێت. باقی دەسەڵاتەکانی تر هیچ کاریگەرییەکیان نابێت لە گەیشتنت بە پەڕگەکە.

ئەگەر تۆ لە گرووپێکی کە گرووپەکە خۆی خاوەن پەڕگەکەیە، ئەوکات دەسەڵاتی خاوەندارێتی گرووپەکە لەسەر تۆش دەچەسپێت. باقی دەسەڵاتەکانی تری خاوەندارێتی هیچ کاریگەریێکیان نابێت لە گەیشتنت بە پەڕگە.

ئەگەر تۆ بەکارهێنەر/خاوەنپەرگەکە نیت و لە گروپی خاوەن پەڕگەکەش نیت، ئەوکات دەسەڵاتی بەکارهێنەرێکی ترت لەسەر دەچەسپێت. باقی دەسەڵاتەکانی تر هیچ کاریگەرییان نابێت لە گەیشتنت بە پەڕگەکە.

واتای بەهاکان

(rwxrwxrwx) هیچ بەربەستێک لە مۆلەت دا نییە، بە مانایەکی تر دەسەڵاتی گشتی (full permissions )ـیە و هەموو کەسێک دەتوانێت هەر شتێک گەرەکی بێت ئەنجام بدات لەسەر پەڕگە، بەڵام ئەمە بۆ جیهانی ڕاستەقینە زۆر باو نییە، پێویستە ئاگەدار بیت!

(rwxr-xr-x) بەکارهێنەری خاوەن پەڕگەکە ( owner(user) )دەتوانێت بخوێنێتەوە (ببینێت) و بنووسێت (read, write) و جێبەجێکردنی پەڕگە execute the file . لە پارچەی دووەم (r-x)/ـمان هەیە، کە ئەمەش مانای وایە گرووپەکە تەنها دەسەڵاتی خوێندنەوە و نووسینەوە و جێبەجێکردنی هەیە، دوایین پارچە کە (r-x)ـە مانای ئەوە دێت کە بەکارهێنەرانی تر تەنها دەسەڵاتی خوێندنەوە و جێبەجێکردنیان هەیە. ئەم چەشنە دەسەڵاتە لە زۆربەی ڕێکخستنەکانی ژینگەی لینوکس دا بەدی دەکرێن!

(rwx——) تەنها بەکارهێنەری خاوەن پەڕگەکە دەتوانێت، بخوێنێتەوە، بنووسێتەوە، و کرداری جێبەجێکردن ئەنجام بدات، بۆ بەکارهێنەر و گرووپەکانی تر هیچ دەسەڵاتێک/مۆلەتێکی بینین یاخود خوێندنەوە و جێبەجێکردنیان نییە، ئەمە بۆ پاراستنی پەڕگەیە.

(rw-rw-rw-) هەموو کەسێک دەتوانێت بخوێنێتەوە و پەڕگە بنووسێتەوە. (بەکارهێنەر، گرووپ، ئەوانیتر).

(rw-r–r–) خاوەندار دەتوانێت بخوێنێتەوە و پەڕگە بنووسێتەوە، لە کاتێکدا کە سەرجەم بەکارهێنەرانی تر تەنها مۆلەتی خوێندنەوەیان هەیە. ئەمەش زۆر باوە لە ژیانی ڕاستەقینە دا، کە تەنها بەکارهینەر دەتوانێت بنووسێتەوە و بخوێنێتەوە و خەڵکانی تر تەنها دەتوانن بخوێننەوە.

(rw——-) خاوەندار تەنها بەکارهێنەرە کە دەتوانێت بخوێنێتەوە و بنووسێتەوە، بۆ پاراستنی پەرگە تایبەتییەکانە لە بەکارهێنەران/گرووپەکانی دیکە کە دەسەڵاتی گەیشتنیان بەم پەڕگەیە هەیە

گۆڕینی دەسەڵات (change permissions)

بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی پەڕگە چمۆد بەکار دەهێنین [یاسا: دەسەڵاتی چمۆد + ناوی پەر‌گە]

بڕوانە ئەم نمونەیەی خوارەوە، بەکارهێنەری خاوەن پەڕگەی file1 بریتییە لە sam، کە ئەویش تەنها دەسەڵاتی خوێندنەوە و نووسینەوەی هەیە، واتە: “rw “read& write permissions-

بۆ ئەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بدەین بە sam (کە بەکارهێنەرێکە)، لە سەر پەڕگەی file1، هەڵدەستین بە بەکارهێنانی چمۆدی u+x، ئەمەش مانای پێدان یاخود زیادکردنی دەسەڵاتی (x) (جێبەجێکردن – execute)ـە بۆ (u)بەکارهێنەر. (واتە (ئێکس) بە مانای جێ بەجێکردن دێت، و (یو) بەنامانی یوزەر یان بەکارهێنەر دێت).

بڕوانە file1 سێ دەسەڵات بۆ بەکارهێنەر (sam) زیادبووە، (rwx(read,write,execute، سەرنجی پیتەکان بدە لە (2)پیت گۆڕا بۆ (5) پیت.

وەک چۆن (u+x ) بەکارهێنا بۆ زیادکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، بەهەمان شێوە دەتوانین هەمان فەرمان (u+x ) بەکاربێنین بۆ سڕینەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن (واتا لێ ساندنەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە بەکارهێنەر) !، لەم نمونەیەی خوارەوە، دەسەڵاتی دەسەڵاتی نووسین (write) لادەبەین لە گرووپ:

بۆ سڕینەوەی دەسەڵاتی خوێندنەوە (read) لە ئەوانیتر، سێری ئەم نمونەیە بکە:

بۆ پێدانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن (execute) بۆ هەمووان (user/owner,group,others)

ئەوا فەرمانی a+x file1 بەکار دەبەین:

دەسەڵاتی هەشتیی (Octal permission)

لە زمانی کوردیی (Octal) بە مانای هەشت یاخود هەشتیی بەکار دەبەین، ئەمە لە کاتێکدا هیچ زاراوەیک بەرامبەر بەمە بەکار نەهاتوە، بەڵام بۆیە من ناوم ناوە دەسەڵاتی هەشتیی، چونکە خۆی لە 8 ژمارە دەبینێت بۆ دابەشکردنی دەسەڵات.

کەوابێ، لەم شێوازەی چمۆد دا، دەتوانی دەسەڵات دابنێیت بەهۆی ژمارەیی هەشتیی

هەندێک لە شارەزایانی ئەم بوارە پێشنیاری ئەم جۆرە دەکەن واتە بەهۆی ژمارەوە دەسەڵات دابنرێت باشترە، ئەم باشیە خۆی لە ئاسانی بەکارهێنان و کورتی لە نووسین و کەمتر تووشبوون بە هەڵە دەبینێتەوە.

لەخوارەوە هەشت ژمارەکە و واتا و دەسەڵاتیان لە چمۆد دیار دکەم:

7 = 4+2+1 (read/write/execute)

6 = 4+2 (read/write)

5 = 4+1 (read/execute)

4 = 4 (read)

3 = 2+1 (write/execute)

2 = 2 (write)

1 = 1 (execute)

0==0 no permission

بۆ بەکارهێنانی ئەم سیستەمە، بڕوانە ئەم نمونەیەی خوارەوە، کە نمونەیەکە لە پێدانی دەسەڵاتی گشتی (full permission)، دەتوانین 777 بەکاربێنین وەک هاو دەسەڵات و هاو واتا بەرامبەر بە (rwxrwxrwx)، کە ژمارە (7) یەکەم نواندنی (7 = 4+2+1 (read/write/execute) دەکات بۆ بەکارهێنەر، و ژمارە (7) دووەم بۆ (group) و هەروەها ژمارە (7)ـی سێیەم بۆ بەکارهێنەرانی تر (other user).

لەم نمونەیەی سەرەوە دا، دەسەڵاتی ڕیشە (full permission)مان دا بە file

لە سادەترین شێوە654 بە مانای rw-r-xr– دێت، بڕوانە ئەم نمونەیەی خوارەوە:

هەروەها دەتوانن لێرەوە ئەم بابەتە بە شێوەی PDF داگرن.

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

Comments are closed.