پاراستنی زانیاریەکەت لەڕێگەی هاش کۆد-ەوە ( Hash )

ڕۆژ بە ڕۆژ تۆڕی جیهانی وێب بەر بڵاوتر دەبێت و بەکارهێنانی زیاتر دەبێت، کە وەهای لێهاتووە زۆربەی مامەڵەکانی ڕۆژانەمان لەوێدا دەکەین، بۆ نموونە کڕینی کەل و پەل و شمەک وەهەروەها گرتنی دکتۆر بە شێوازی سەرهێڵ یان بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئەمانەش پێویستیان بە هەندێک زانیاری هەیە کە هەرجارێک دەچیتە ئەوێ بتناسێتەوە کە ئایا تۆ پێشتر لەم وێبسایت-ەدا ناوی خۆت تۆمارکردووە یانخود نا! بۆیە زۆربەیان لەڕێگەی ئیمەیڵ و ژمارەی نهێنی ( Password ) ــەوە دەتتوانن دڵنیا بنەوە لە ژمێرەکەو لەو سایتەدا بوونی هەیە یاخود نا!

سەرەتا هاش کۆد چیە ؟! هاش کۆد کە بە ئینگلیزی پێدەوترێ ( Hash Function ) بریتیە لە بوارێک لە بوارەکانی شیفرەزانی ( Cryptographic ) کە بایەخ دەدات بە هەڵگرتن و خەزن کردنی زانیاریەکان بە شێوەیەکی پارێزراو تا هەرکاتێک ئەگەر هاتوو، ئەو ناوەندەی کە زانیاریەکانی تێدایە هاک-کرا یاخود ئەو زانیاریانە دزران نەتوانرێت سوودیان لێوەربگیرێت! ئەمەش ڕێگایەکی زۆر سەرکەوتووە بۆ پاراستنی زانیاریەکان بەتایبەتی وشەی نهێنی کە زۆربەی وێبسایتەکان کاتێک زانیاری بەکارهێنەر تۆمار دەکەن ژمارەی نهێنیەکەی بە ‌Hash تۆمار دەکەن، هاش کۆد بە گشتی بریتیە لە گرێیەک کە لە وشە نهێنیەکەوە دروست دەکرێت، بەڵام زۆر ئەستەمە ئەم گرێیە بگێردرێتەوە بۆ وشە نهێنیەکە! بۆیە بەمە تانانەت ئەگەر ئەو ماڵپەرە کەوتە بەر هێرشی هەک-یش ئەوا ئەستەمە بتوانرێت وشە نهێنیەکە بزانرێت.

چەن جۆر هاش کۆد هەیە! لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا و پێشوەچوونی بواری پاراستن چەندین جۆر لە هاش کۆد دۆزراونەتەوە کە هەریەکەیان میکانزمێکی جیاواز بەکاردەهێنێت. بەپێی ئەو میکانزمانەی کە ئاماژەمان پێدا چەندین جۆر هاشکۆد هەیە کە لە ئێستا و کۆندا بەکارهاتوون و بەکاردەهێنرێن لەوانە: GOST،MD2،MD4،MD5،MD6،SHA-1،SHA-224،SHA-256 وەچەندانی تر کە ژمارەیان زۆرە! دەتوانین لیستێک لە جۆری هاشەکان لەم بەستەرەوە ببینن: https://en.wikipedia.org/wiki/List_of_hash_functions

چۆن هاش کۆد کاردەکات؟ هاش کۆد وەکو ئاماژەمان پێکرد گرێیەک ( Phrase ) ــێک لە ووشە نهێنیەکەوە دروست دەکات، ئەم کردارەک لەوێوە دەست پێدەکات کە میکانزمەکەی وەها دەڕوات هاش کۆدەکە لە پێشدا لە ناو ئەو ووشەیەی کە هەیە کلیلێک دروست دەکات لەڕیگەی ئەم کلیلەوە چەند کردارێکی ماتماتیکی و لۆجیکی بەسەر وشە نهێنیەکە دەهێنێت ( کە هەر جۆرە و لە هاش کۆد ڕێگەیەکی خۆی هەیە ) پاشان دەبێتە ئەو هاش کۆدە، بۆیە ئەمەش وادەکات کە هەر وشەیەکی نهێنی هاشکۆدێکی جیاوازی هەبێت بە جۆرێت قەت ناشێت و نابێت دوو وشەی نهێنی جیاواز یەک جۆر هاش کۆدیان هەبێت! بەس ڕەنگە لێرەدا پرسیارێکمان بۆ دروست بێت باشە ئەگەر ووشە نهێنیەکانمان بە هاش کۆد هەڵبگیرێت لە بنکەیەکی دراو ( Database ) ــدا کە ئێمە دووبارە وشە نهێنیەکە لێدەدەین چۆن دەزانێ کە ڕاستەکە ؟ بێگومان وەڵامی ئەمەش ئاسانە چونکە هەرجارێک تۆ وشە نهێنیەکە لێ ئەدەیت ماڵپەڕەکە راستەوخۆ دەیکاتەوە بە هاش کۆد پاشان بەراوردی دەکات لەگەڵ هاش کۆدی ناو بنکە دراوەکە هەتا دڵنیابێتەوە کە ئایە ئەمە ڕاستە یاخود نا!

ئایا دەتوانرێت هاش کۆد بشکێنرێت! بێگومان هیچ شتێک سەدی سەد تەواو نیە بەهەمان شێوە هاش کۆدیش بەس دەتوانم دڵنیایەکی باش بدەم لەوەی کە هاتە ڕادەیەکی باش دەتوانرێت ڕێگە لە شکاندنی هاش کۆد بگیرێت! چونکە لە ڕاستیدا تاکە ڕێگە بۆ شکاندنی هاش کۆد بریتیە لە Burte Force ـە کە ئەمیش بەرنامەیەکە هەڵدەسێت بە مەزەندە کردن و تاقیکردنەوەی هەموو ئەگەرەکان کە ئەویش دەبێت خۆت ئەگەری بۆ دابنێی بۆ نموونە دەڵێت ئەم هاشکۆدە ڕەنگە ٨ پیت بێت ئەو پیتانەی کە تێدان بریتین لە … ، پڕۆگرامەکەش هەڵدەسێت بە تاقیکردنەوەی هەموو ئەگەرەکان و هەموویان دەکاتە هاش کۆد ئەگەر وەکو یەک بوون پیشانی دەدات و ئەگەر هاتا کۆتایش ڕۆیشت و دەستی نەکەوت ئەوا پێدەڵێت کە ئەو مەزەندەیەی تۆ ڕاستنیە، بۆیە ئەمە دەکەوێتەوە سەر بەکارهێنەر هەتا ژمارە و سیمبول و پیتی ناو وشەنهێنیەکە زیاتر بێت ئەستەم تر ئەبێت بۆ شکاندن، بەر بڵاوترین بەرنامەش بۆ شکاندنی هاشکۆد کە زۆربەی هاک-کەرەکان بەکاری دەهێنن بریتیە لە John the Ripper کە ئەمە بەستەری ماڵپەری سەرەکی بەرنامەکەیە: http://www.openwall.com/john

ئایا هاش کۆد جگە لە پاراستنی وشەی نهێنی سوودی تری هەیە؟ لەپاڵ پاراستنی زانیاریە کەسیەکان و وشە نهێنیەکان دەتوانین سودێکی تر لەم هاش کۆدە وەربگرین، ئەویش بەکارهێنانێتی لەوەی کاتێک هەر گۆڕانکاریەک لە فایل-ێکدا دەکرێت بزانین چونکە هەر فایل-ێک و جۆرە هاش-ێکی خۆی هەیە، بەمەش دەزانین کە ئایا ئەو فایل-ەی ئێمە دامان گرتووە ڕاستیەکەیە یاخود شێوێنراوە ( بێ گومان کە ئەمە بۆ سەردەمی ئەمڕۆمان زۆر گرنگە چونکە زۆربەی ئەو کەسانەی هەڵدەسن بە هاک کردنی خەڵکی لەڕیگەی دروستکردنی فایلی سێرڤەرەوە دەیلکێن بەو بەرنامەنەی کە خەڵک زۆر بەکاریان دەهێنن) بۆیە ئەمە باشترین ڕیگایە بۆ دڵنیا بوونەوە لەوەی کە ئایە تۆ بەرنامە یاخود فایل-ە ئۆریجیناڵەکە بەکار دەهێنی یاخود ساختەکە!

بۆ گۆڕینی ڕاستەوخۆی وشەی نهێنی بۆ هاش کۆد دەتوانن سەردانی ئەم ماڵپەرە بکەن: http://www.fileformat.info/tool/hash.htm هەروەها بۆ شکاندنی هەر جۆرە هاشێک ( ئەگەر بکرێت ) دەتوانن ئەمە وێبسایتە بەکار بهێنن ( کە بەو جۆرە دەیشکێنێت کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا )https://hashkiller.co.uk

ئامادەکردنی: سامرەند حاجی

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

ماڵپەری تێك ئای ، یەكەمین و گەورەترین ماڵپەری تەكنەلۆژیە لە كوردستان و عێراق ، تیایدا چەند شارەزایەكی بواری تەكنەلۆژی خزمەتگوزاریە تەكنەلۆژیەكان وەكو هەواڵ و وانە و فێركاری بە زمانی كوردی و بە شێوەی خۆڕایی پێشكەش بە ئارەزوومەندانی تەكنەلۆژی دەكەن .

Comments are closed.