گەنجێكی شاری دهۆك ماوەی ساڵێكە خەریكی هاككردن و لەناوبردنی ڤیدیۆ و پێگە ئەلیكترۆنییەكانی تیرۆریستانی داعشە و لە شوێنیان وێنە و ڤیدیۆی قارەمانێتی و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە دادەنێت. وەك خۆی دەڵێ، “تا ئێستە زیاتر لە 30 هەزار ڤیدیۆ و پێگەی داعشی هاك كردوون”.
شوان بەرواری كە بە “شووشوو بەرواری” ناسراوە، ئەو گەنجەی بووەتە بەڵایەكی گەورە بۆ تیرۆریستانی داعش و ئاماژە بەوە دەدات، ماوەی چەند ساڵێكە خەریكی خۆپێگەیاندنە لە بواری تەكنۆلۆجیای ئای تی، بۆیە گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی دەتوانێ دەست بەسەر پێگەی ئەلیكترۆنیدا بگرێ.
بەرواری لەبارەی چۆنیەتیی بیرۆكەكەی بۆ دژایەتی داعش بە “وشە”ی راگەیاند، “لە سەرەتای هاتنی داعش بۆ ناوچەكانی كوردستان كە دواتر دەستیان كرد بە بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ناشیاوی خۆیان لەناو تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی، هەستم كرد كاردانەوەی خراپ لەسەر باری دەروونی هاووڵاتییان بەتایبەت ژن و منداڵ دادەنێت، بۆیە موڵەتم لە ئاسایشی دهۆك وەرگرت و بە ئەركی خۆم زانی وەك تاكێكی كوردستان كار لەسەر هاككردن و لەناوبردنی ئەو ڤیدیۆ و پێگانە بكەم و كردم”.
داعش لە 3ی ئابی 2014 رووی كردە ناوچەكانی كوردستان و شنگاڵی داگیر كرد، دواتر لە سنووری مەخموور و جەلەولا نزیك بووەوە لە كوردستان و سەرەتا ترسی لای هاووڵاتییان دروست كرد، بەڵام دواتر نەیتوانی بەردەوام بێت و پێشمەرگە غرووری شكاندن.
شووشوو بەرواری زیاتر دەڵێ “ماوەی ساڵێكە تەنیا خەریكی لەناوبردن و هاككردنی ڤیدیۆ و پێگەكانی ئەلیكترۆنیی داعشم و تا ئێستە نێزیكەی 30 هەزار ڤیدیۆ و پێگەیانم لەناو بردووە كە بە زۆری حاڵەتەكانی سەربڕین، كوشتن، هەڕەشە لە پێشمەرگە و دەستدرێژیی سێكسی بوون بەشێوەی دڕندە”.
“هەندێك لەو پێگانەی هاكی دەكەم، نزیكەی 100 ڤیدیۆی تێدایە و هەر هەموویان پێكەوە هاك دەبن و لە بری ئەو تۆمارە وەحشییانە، ڤیدیۆی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و قارەمانێتی كوردستانیان لە دژی داعش دەوەشێنم و هیچ كەسیش ناتوانێ ئەو ڤیدیۆیانە لەناو ببات كە من لە شوێنی ڤیدیۆ هاككراوەكان دایدەنێم”، گەنجەكەی دهۆك وای گوت.
داعش كە لە 3ی حوەزیرانی 2014ەوە رووی لە عێراق كردووە، یەكێك لەو رێگانەی زۆر سوودی لێ بینی بۆ بڵاوكردنەوەی تۆقاندن، بەكارهێنانی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بوو.
شوان بەرواری لەبارەی كاریگەرترین ڤیدیۆ كە ئەوی ورووژاند بۆ دژایەتی داعش، ئاشكرای كرد “سەربڕینی فەرماندەی پێشمەرگە هوجام سوورچی بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە لەلایەن داعشەوە پاڵنەری سەرەكی بوو بۆ راگەیاندنی شەڕی من لەگەڵ داعش، بۆیە ئێستە تەنیا ڤیدیۆ قێزەونەكانی داعش لە سنووری مووسڵ لەناو نابەم، بەڵكو لە هەموو ویلایەتەكانی داعش لە سووریا و عێراق و چەند شوێنی تریش دەگەڕێم و لەناویان دەبەم”.
داعش كاردانەوەی توندی بەرامبەر شوان بەرواری نواندووە و لە پێگە ئەلیكترۆنییەكانی خۆیانەوە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی فەیسبووك و تویتەر داوای زانیاری لە هەر كەس دەكەن كە شووشوو بەرواری دەناسێ و ئاگەداریان بكات.
بەرواری لە بەرامبەردا رای دەگەیەنێت “جگە لە داوای زانیاری لەبارەی من لەلایەن داعشەوە، چەند جارێك لە رێگەی نامەی راستەوخۆوە هەڕەشەی كوشتنیان لە خۆم كردووە، بەڵام با دڵنیابن سامیان نییە لەلام و وەك پێشمەرگەی ئەلیكترۆنی بەردەوام دەبم تا ئەوكاتەی كوردستان هیچ مەترسی تیرۆری لەسەر نامێنێ”.
“داعش دەزانێ من چ كێشەیەكم بۆ دروست كردوون، بۆیە وا تووڕەن بە كارەكانم، تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی كەناڵی گرنگ بوون بۆ بڵاوكردنەوەی چالاكی ئەوان، بەڵام من لەو شەڕەدا هەراسانم كردوون و دەنگیان زۆر بە كزی دەگاتە ئێستە، بۆیە خۆیان دەزانن چ زیانێكم لێ داون” بەرواری وا دەڵێ.
بەرواری نیگەرانە لەوەی بەهۆی خوێندنی زانكۆوە كاتی تەواوی نییە بۆ دژایەتی داعش، بەڵام دووپاتی دەكاتەوە كە بەڵێنی بە كوردستان و پێشمەرگە داوە هەر كاتێكی زیادەی هەبێ بۆ شكاندنی داعش لەڕووی ئەلیكترۆنییەوە، بەكاری دێنێت و هەركاتیش خوێندنی تەواو كرد وەك دووپاتی كردەوە “هەموو كاتم دەخەمە دژایەتی تیرۆرەوە”.
ئەوەیشی ئاشكرا كرد كە لەو كارەیدا ئاسایش، پێشمەرگە و خەڵكی هاوكاری دەكەن لە ناساندنی پێگەكان یاخۆ لینكی ڤیدیۆكان و ئەویش بە زوویی كار لەسەر هاككردنیان دەكات.

وشە/ دهۆك- نەوزاد هلۆری

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

دەرچووی كۆلێژی زانست - بەشی كۆمپیوتەر م ، 4 ساڵ وەكو گرافیك دیزاینەر كارم كردوە ،بەشداری چەندین خولی نێودەولەتیم كردوە خاوەنی زیاتر له‌ ١٢ بڕوانامه‌ى نێوده‌وله‌تیم (ئەمریكى، هۆڵەندی ، نه‌رویجى ، توركی )لە بواری كۆمپیوتەر و ئینتەرنێت. سەرۆكی ڕێكخراوی تێك ئای بۆ خزمەتگوزاری تەكنەلۆژیای زانیاری... ئامانجی ئێمە پشتگیری و پاڵپشتی كردنی شارەزایانی بواری تەكنەلۆژیایە و پەرەدانە به‌ بەرهەمەكانیان.......

Comments are closed.