ئینتەرنێت یەكێكە لە دیارترین نیشانە و داهێنانەكانی ئەو سەردەمەو بەكارهێنانی ئەوەندە فراوان بووە كە وەك خواردن و خۆراكی لێ هاتووە، تەنانەت كەسانێك ئەوەندە ئاڵوودەی بوونە كە ئەگەر رۆژانە چەندان كاتژمێر نەیكەنەوە ئەوە وا دەزانن شتێكی گرنگیان وون كردووە.
هەموو ئەوانە وایان كردووە كە ئەو تۆڕە جاڵجاڵۆكەییە زیانی لێ بكەوێتەوەو مرۆڤ تووشی چەندان نەخۆشی بكات، هەر لە نەخۆشییەكانی چاو و جومگەكانی دەست و مل و ئازاری مل و قەڵەوی بەهۆی زۆر دانیشتن بە دیارەوەی و خەوزڕان، تا تووش بوون بەنەخۆشی درێژخایەنەكان وەك بەرزی پاڵەپەستۆی خوێن.
توێژینەوەیەكی نوێ لەو بارەوە دەڵێت، زۆر بەكارهێنانی ئینتەرنێت دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن كە زیاتر لە ملیارێك كەس لە جیهان بەدەستییەوە دەناڵێنن.
توێژینەوەكە كە شارەزایانی نەخۆشخانەی (هێنری فۆرد) ی ئەمریكی سەرپەرشتیان كردووە دەڵێت، ئەو مێردمنداڵانەی لە هەفتەیەكدا بۆ ماوەی (14) كاتژمێر ئینتەرنێت بەكاردێنن، پاڵەپەستۆی خوێنیان بەرز دەبێت، ئەوەش بەوەرگرتنی (134) مێردمنداڵ كە (26) یان تووشی بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن بوون.
ئەو توێژینەوە لە گۆڤاری (نێرسنگ جۆرنال ئۆف سكول) بڵاوكراوەتەوەو پێشتریش توێژینەوەكان سەلـماندبوویان كە بەكارهێنانی ئینتەرنێت بۆ زیاتر لە (25) كاتژمێر لە هەفتەیەكدا مرۆڤ تووشی خەمۆكی و نیگەرانی و دابڕان و قەڵەوی دەكات.
لەو كاتەی توێژەران دەڵێن، پێویستە مرۆڤ رۆژانە هەوڵ بدات تەنیا (2) كاتژمێر ئینتەرنێت بەكاربێنێت بەتێكڕای (5) رۆژ لە هەفتەیەكدا لەگەڵ ئەنجامدانی وەرزش بەرێكوپێكی و پێوانەكردنی پاڵەپەستۆی خوێن و پێڕەوكردنی سیستەمێكی گونجاوی خواردن.