ئەكتەری بەناوبانگی جیهانی (جاكی شان) لەناوەڕاستی شاری لەندەن و لەكاتی دەرهێنانی فیلمێك دەبێتە مایەی ترس و دڵەڕاوكێی هاوڵاتیان.
تۆڕی (سكای نیوز) بڵاویكردۆتەوە، لەو كاتەی هەردوو ئەكتەری بەنێوبانگی جیهانی (جاكی شان و پێرس برۆسنان) سەرقاڵی دەرهێنانی فیلمێكی سینەمایی بوون، پاسێك كە بەشداری فیلمەكە كراوە لەسەر پردی (لامبێت) تەقێندراوەتەوە، ئەوەش ترسێكی زۆری لای هاوڵاتیانی نزیك شوێنەكە دروست كردووە.
لەگەڵ ئەوەی دەرهێنەرانی فیلمەكە پێشتر لەتویتەر باسیان لەوەكردبوو كە سەرقاڵی دەرهێنانی فیلێكن لەشاری لەندەن و تێیدا پاسێك دەتەقێندرێتەوە، بەڵام ئەوانەی ئاگاداری ئەو بڵاوكراوەیە نەبوون، ئەوا هەستیان بەمەترسی كردبوو.
ئەمەو پێشتر پۆلیسی لەندەن ئامادەكاری بۆ ئەو كارە كردبوو، ڕێگری كرابوو لەنزیك بوونەوەی ئۆتۆمبێل و هاوڵاتیانی پیادە بۆ نزیك پردەكە، بەڵام دەنگە بەهێزەكەی ترسی دروست كردبوو.