پاش ئەوەی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت، ئۆپەرەیتینگ سیستمی (ویندۆز 10)ی راگەیاند، ئەوەشی ئاشكرا كرد كە رێگە دەدات بە ئەپدەیت كردنەوەی ئەو ویندۆزی (7 و 8 و 8.1)ـانەی كە ئۆرجیناڵ نین، بەڵام بە چەند مەرجێك. مایكرۆسۆفت رایگەیاند: ئەو كۆمپیوتەرانەی كە ویندۆزەكانی (7 و 8 و 8.1)یان لەسەرە ئۆرجیناڵ نین (وەك زۆرینەی ئەوەی لە هەرێمی كوردستان هەیە)، رێگەیان پێدەدرێت سیستمەكانیان ئەپدەیت بكەنەوە ویندۆزەكەیان بۆ (ویندۆز 10) بەرز بكەنەوە، بەڵام پاش ئەو كارەش، ویندۆزەكانیان هەر بە (non-genuine) دەمێنێتەوە.
ئەمەش بەو مانایە دێت، مایكرۆسۆفت هیچ ئەپدەیتێكی ئاسایشی و تایبەتمەندی نوێ نادات بەو ویندۆزانە. لە لایەكی دیكەوە چەند سایتێكی تایبەت بە بواری تەكنۆلۆجیای زانیاری ئەوەیان ئاشكراكردووە، لە ناو كۆمپانیای مایكرۆسۆفتدا گفتوگۆ بەردەوامە لە بارەی ئەوەی ئایا ئەو ویندۆزانەی ئەسڵی نین، بكرێن بە ئەسڵی یان وەك خۆیان بهێڵرێنەوە. هەرچەند ئەو كۆمپانیایە لە رووی تیۆری تەكنیكیشەوە توانای ئەوەی هەیە هەر ویندۆزێكی نا ئەسڵی لەكار بخات لە كاتی دۆزینەوەیدا، بەڵام تا ئێستا ئەو مافەی خۆی بەكار نەهێناوە.
بەڵام مایكرۆسۆفت ئەوەی ئاشكرانەكردووە، ئاخۆ كاتێك ئەو ویندۆزە نائەسڵییانەی بەرز دەكرێنەوە بۆ (ویندۆز 10)، بۆ هەمیشە بەو شێوەیە لەكاردا دەبن، یاخود بەرزكردنەوەكە بۆ ماوەیەكی كاتییە و دواتر لەكار دەخرێن.
لە ئێستادا نرخی ویندۆزی ئەسڵی لە نێوان (100 تا 150) دۆلاردایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئاستی مادی بەكارهێنی كوردی لاوازە، بۆیە پشت دەبەستێت بەو نوسخانەی كە هاك كراون و بە كۆپی دەفرۆشرێنەوە، هەندێك لەوانەش زۆر باش هاك كراون و هیچ كێشەیەكی ئەوتۆ بۆ خاوەنەكانیان دروست ناكەن، بەڵام هەندێكیان كێشەیان زۆرە و تەنانەت ئەگەر هەیە ببنە هۆی سوتاندنی پارچەكانی كۆمپیوتەرەكەت.
ئامادەکردنی : کارزان ئایتی
سەرچاوە : PcMag