ئایا ROM چییە و چەند جۆری هەیە و گرینگی چییە و چۆن کاردەکا؟!

 

بەناوی غَفُورٌ رَّحِيمٌ

الله

 

پێشەکی/ گەر چاوێک بخشێنین بە کەیسێکی کۆمپیوتەردا بە سەدان پارچەمان ئەکەوێتە بەرچاو کە لەوانەیە ناو و ئەرکی زۆربەی هەرە زۆریان نەزانین بێجگە لەو پارچانەی کە بە درێژایی دەرکەوتنی کۆمپیوتەر گرینگی زۆریان پێدراوە کە بریتیین لە: (HARD – RAM – CPU … هتد) کە بە دڵنیاییەوە ROM یش یەکێکە لەم کۆمەڵە ناوسراوە ، بەلام ئاساییە گەر پێتان بلێم لەوانەیە ئێستاش کەسانێک هەبن کە زانیاری قوڵیان نەبێ لەسەر هەریەک لەم بەشانە ، بۆیە ئەکرێ زۆرجار بەچاوێکی کەمتر لە خۆمان سەیری خۆمان بکەین بۆ ئەوەی نەبادا خۆمان یەکێکبین لەوانەی کە هەنگاوێک بەجێماون ، هەر ئەمەش ئامانجی منی نوسەر و تۆی خوێنەریشە کە بەدرێژایی ئەم زنجیرە ڕاپۆرتانەی ئێستا و ڕابردووش ئاڵوودەی ڕەقەکاڵاکانی کۆمپیوتەر بووین ، نامەوێ چیتر درێژە بەم پێشەکیە بدەم بۆیە وەک هەمیشە بە ئاماژەکردن بەوەی کە “بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە خوێنەر پێویست ناکا کە شارەزایی قووڵی لە ڕەقەکاڵاکانی کۆمپیوتەر هەبێ و تەنیا شارەزایی و تێگەیشتنێکی سەرەتایی بۆ ڕەقەکاڵاکانی کۆمپیوتەر بەسە بۆ تێگەیشتن لەم ڕاپۆرتە“ کۆتایی بەم پێشەکیە دێنم.

بیرگەی خوێنەر (Read-Only Memory) کە لەهەمان کاتدا ناسراوە بە Firmware بریتییە لە جۆرە بیرگەیەکی بچووکی خۆنەویست کە لە کۆمپیوتەر و ئامێرە ئەلیکترۆنیەکاندا بەکاردەبردرێ و بەشێوەیەکی گشتی وا پڕۆگرام کراوە کە بەرهەڵستی لەگەڵ ئامێرەکاندا بکا هەتا ئەگەر ئامێرەکە کوژابێتەوە و کار نەکا ، بۆ نموونە توانای کۆنتڕۆڵکردنی کرداری کوژاندنەوە و داگیرساندنەوەی ئامێرەکانی هەیە ، و جێی سەرنجە کە زانیاری (Data)ــــی نێو ئەم جۆرە بیرگەیە نە دەتوانرێ دەسکاری بکرێ و جێگۆڕکێی پێ بکرێ و نە دەتوانرێ بسڕدرێتەوە بۆیەش بە بیرگەی تەنیا خوێنەر (Read-Only Memory) ناوزەد کراوە ، و ئەتوانین پێی بڵێین بیرگەی پارێزەری زانیاری (Secure Data Storage) و لەبەر ئەوەی بیرگەیەکی نائارام (Not-Volatile)ــــە زانیارییە هەڵگیراوەکانی ناوی لەناوناچن هەتا گەر هیچ تەوژمێکی کارەبایی پێ نەگات و هەروەها گەر یەک هەڵە لە بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە چیپەدا بکرێ چیپەکە بێکەڵک دەبێ و ناتوانرێ بەکاربهێندرێ و جێی سەرنجە کە قورسترین بەشی بەرهەمهێنانی ئەم چیپە دروستکردن/دیزایینکردنی ڕووکار (Template)ــــەکەیەتی.

 
جیاوازی چییە لە نێوان RAM و ROM ــــدا؟! (👉 کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی زیاتر)

بەشێوەیەکی گشتی بەهۆی نیمچە فراوانی ئەرکی ROM دوو جیاوازی سەرەکی هەیە لەگەڵ بیرگەی کاتی (RAM)ــــدا کە لەم دوو خاڵەی خوارەوەدا کورتیان دەکەینەوە:
1- بیرگەی ROM توانای هەڵگرتنی زانیارییەکانی هەیە بە شێوەیەکی هەمیشەیی تەنانەت گەر ئامێرەکەش بکوژێتەوە زانیاریەکان لەدەست نادا و ئەمەش لەکاتێکدا کە بیرگەی کاتی (RAM) توانای پاراستنی زانیارییەکانی نییە و دوای کوژاندنەوەی ئامێرەکە زانیاریەکانی ناوی لەناوئەچن و نامێنن
2- بیرگەی ROM بیرگەیەکی خۆنەویستە ئەمەش واتە جوێڕایەڵی فرمانی بەکارهێنەر ناکات و تەنیا ئەو ئەرکانەی پێی ڕاسپێردراوە لەلایەن کۆمپانیای بەرهەمهێنەوە ئەنجامی ئەیا ، بەڵام بیرگەی کاتی (RAM) بیرگەیەکی خۆویستە و بەتەواوەتی جوێڕایەڵی فرمانی بەکارهێنەر ئەکا و ئەو فرمانانەی کە بەکارەهێنەر بۆی دەنێرێ لە ڕێگەی ئامێرە لاوەکییەکان (Peripheral Devices)ــــەوە جێبەجێ دەکا.

 

 

ئایا چەند جۆر بیرگەی ROM مان هەیە؟!
بە شێوەیەکی گشتی سێ جۆر بیرگەی ROM مان هەیە کە بریتیین لە (PROM و EPROM و EEPROM).

 
ئایا PROM چییە؟!
کورتکراوەی Programmable Read-Only Memory یە لەم جۆرەدا زانیاریەکان تەنیا یەکجار دەنوسرێنەوە و هەرکاتێک کەزانیاریەک لەسەر PROM نوسرا بۆ هەمیشە لەوێدا ئەمێنێتەوە و بە پێچەوانەی بیرگەی کاتی (RAM) بیرگەی جۆری PROM ئەو زانیاریانەی کە هەڵیگرتووە ئەیپارێزێ هەتا ئەگەر ئامێرەکە بکوژێتەوە ، و جیاوازی نێوان PROM و ROM ــــدا ئەوەیە کە بیرگەی PROM بەشێوەیەکی بەتاڵ (Blank Memory) بەرهەم دەهێندرێت ئەمەش لەکاتێکدا کە بیرگەی ROM لەکاتی بەرهەمهێنانیدا پڕۆگرامدەکرێت هەر بۆیەش بۆ خەزنکردنی زانیاری لەنێو PROM ــــدا پێویستمان بە ئامێرێک ئەبێ کە ناسراوە بە (PROM Programer) یاخوود (PROM Burner) و جێی سەرنجە کە ئەم ئامێرە لە جۆری Super-Pro-6100ــــە و نرخەکەی 1,795$ دۆلاری ئەمریکییە کە شێوەکەی لەم وێنەیەی خوارەوەدا دەردەکەوێ:

تێبینی/ پڕۆسەی پڕۆگرامکردنی PROM زۆرجار ناودەبرێ بە Burning PROM

تێبینی/ پڕۆسەی پڕۆگرامکردنی PROM زۆرجار ناودەبرێ بە Burning PROM

ئایا EPROM چییە؟!
کورتکراوەی Erasable Programmable Read-Only Memoryــــە ئەم جۆرەیان جۆرێکی تایبەتە کە توانای هێشنەوە و پاراستنی زانیاریەکانی هەیە تا ئەوکاتەی کە نەخراوەتە ژێر کاریگەری تیشکی Ultraviolet ـــــەوە ئەمەش واتە هەرکاتێک کە کەوتە بەر کاریگەری تیشکی Ultraviolet ئەوا تەواوی ئەو زانیاریانەی کە هەڵیگرتووە ون دەکا و دوای ئەوەی کەوتە بەر کاریگەری تیشکی Ultraviolet پێویستی بە دووبارە پڕۆگرامکردنەوە (Reprogram) هەیە و جێی سەرنجە کە بۆ پڕۆگرامکردن و سڕینەوەی زانیاری لەناو EPROM ــــدا هەمان ئەو ئامێرەی سەرەوە بەکاردەبردرێ کە بە PROM Programmer ناسراوە.

EPROM-Ultraviolet-Light

ئەم ئامێرە بەکاردێ بۆ سڕینەوەی زانیاری نێو EPROM بە یارمەتی تیشکی Ultraviolet

ئایا EEPROM چییە؟!
بیرگەی EEPROM کە کورتکراوەی (Electrically Erasable Programmable Read-Only Memory ) یە بریتییە لە بیرگەیەکی تایبەت لە جۆری PROM کەدەتوانرێت زانیاری ناوی بسڕدرێتەوە بە بەستنەوەی بە بارگەیەکی کارەباییەوە ، و وەک جۆرەکانی تری بیرگەی PROM ، بیرگەری EEPROM توانای پاراستنی زانیاریەکانی هەیە هەتا ئەگەر ئامێرەکە بکوژێتەوە و هەروەها وەک جۆرەکانی تری ROM بیرگەی EEPROM بیرگەیەکی خێرا نییە وەکو بیرگەی کاتی (RAM).

Erasing-EEPROM

ئەمە نموونەری ئامێرێکی کارەباییە کە زانیاری بیرگەی EEPROM ئەسڕێتەوە

 

هەندێ جیاوازی لەنێوان EPROM و EEPROM

EPROMEEPROM
• بیرگەی EPROM کورتکراوەی Erasable Programmable Read-Only Memoryـــــە.• بیرگەی EEPROM کورتکراوەی Electrically Erasable Programmable Read-Only memoryــــە.
• بۆ سڕینەوەی زانیاری نێو EPROM تیشکی ultraviolet (UV) بەکاردەبردرێ.
• بۆ سڕینەوەی زانیاری ةیو EEPROM تەوژمی کارەبایی بەکاردەبردرێ.
• بۆ پڕۆگرامکردن و سڕینەوەی زانیاریەکان پێویستە بیرگەی EPROM لە کۆمپیوتەرەکە جیابکەینەوە.
• بۆ پڕۆگرامکردن و سڕینەوەی زانیاریەکانی نێو EEPROM پێویست بە جیاکردنەوەی چیپەکە ناکا لە کۆمپیوتەر.
• بیرگەی EPROM پەنجەرەیەکی کریستاڵی جێگیری هەیە لە بەشی سەرەوەی کە هەندێکجار ئەکەوێتە ناوەڕاستیەوە بەپێی جۆر و مارکەکەی.
• بیرگەی EEPROM بە تەواوەتی بە پلاستیک داپۆشراوە و هیچ پەنجەرەیەکی پێوە نییە.
• بیرگەی EPROM تەکنەلۆژیایەکی کۆنترە لە EEPROM.
• بیرگەی EEPROM تەکنەلۆژیایەکی مۆدێرن و نوێیە لەچاو EPROM.

 

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

Reverse Engineer | Pentester | Web Developer | Programmer

Comments are closed.