ئایا نیشاندەر Indicator چییە و ئەرکی چییە لە کۆمپیوتەردا؟!

نیشاندەر Indicator بریتییە لە ئاماژەیەک که بەکارهێنەر لە دۆخی تەندروستی ڕەقەکاڵا Hardware ــــی کۆمپیوتەر ئاگادار ئەکاتەوە لەڕێگەی سێ گڵۆپی LED کە سێ ڕەنگی جیاوازی هەیە و هەر ڕەنگێک ئاماژەیە بۆ بوونی چەندان گرفت یان نەبوونی هیچ گرفتێک لەنێوخۆیی کۆمپیوتەرەکەدا کە لە خوارەوە زیاتر باسی ئەکەین ، ئەگەر نموونە بێنینەوە لەسەر indicator ئەوا باشترین و بەرچاوترین نموونە داگیرسان و کوژانەوەی گڵۆپە سپیەکانی سەر کەیبۆردی کۆمپیوتەرەکەمانن کە بریتیین لە گڵۆپەکانی سەر دووگمەکانی Caps Lock و numLock و Scroll Lock و هەروەها PowerButton ئەم گڵۆپانە یارمەتی بەکارهێنەر ئەدا کە ئاگاداری گرفتەکانی کۆمپیوتەرەکەی ببێ  بۆ نموونە کاتێ هەر یەک لەو گڵۆپانە دانەگیرسێ ئەوا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کێشەیەک هەیە لە خودی تەختەکلیکەکە یان لە هەر پارچەیەکی تری کۆمپیوتەرەکە کە لەوانەیە سووتابێ یاخوود تێک چووبێ.

ئێستا با بێین باس لە گڵۆپەکانی LED بکەین و بزانین چۆن ئاماژەبە هەبوونی کێشە ئەکەن:

سەرەتا با بزانین کە ئایا LED چییە؟!

کورتکراوەی light-emitting-diode ــــە بریتیین لە چەند گڵۆپێک کە پەیوەستن بە semiconductorـــــەوە و دا ئەگیرسێن لەوکاتەی کە وزەی کارەبایان پیا تێپەڕ ببێ بۆ ئاماژەدان بەوەی کە کۆمپیوتەرەکە لە کێشەیە یاخوود نا ، ئەم گڵۆپانەش بە زۆری ڕەنگیان (سەوز – زەردی تۆخ – سوور)ــــە بەڵام ئەکرێ بە گوێرەی مارکە و جۆری ڕەقەکاڵاکانی کۆمپیوتەرەکان ڕەنگیان بگۆردرێ.

ئایا چەند جۆر لە LED مان هەیە لەنێو کۆمپیوتەرەکەمان؟!

چەندان پارچەی زۆر زۆر گرینگ لەنێو کۆمپیوتەرەکەماندا هەن کە ئەم گڵۆپانەیان پێوەیە لەو پارچانە:

– Keyboard LEDs
– Mouse LED
– Motherboard LED
– Network Card & Wifi & Switch & Router LEDs
– Battery LED
– Floppy & Hard Drive & CD-ROM & Other Drive LEDs
– Printer & Speakers & Monitor & Other Devices LEDs

ئێستا با بێین باسی یەک لەیەکیان بکەین و ماناکانیان شی بکەینەوە:

1- Keyboard LEDs – گڵۆپاکانی تەختەکلیک
هەر وەک ئەو نموونانەی لە دەستپێکی بابەتەکە ئاماژەمان پێ دا کە سەر بە گڵۆپەکانی تەختەکلیک بوون ، ڕەنگی شین لەسەر تەختەکلیک ئاماژە بە داگیرسانی دووگمەی NumLock ئەکا بەڵام ڕەنگەکە بەپێی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان ئەگۆڕدرێ و ئەم گڵۆپانەی سەر بە تەختەکلیکن بە زۆری لە ناوەڕاستی سەرەوە یاخوود لای ڕاستی سەرەوەی تەختەکلیک جێگیر کراون.

تێبینی/ زۆربەی کۆمپیوتەرەکان بە شێوەی خۆکارانە گڵۆپەکانی تەختەکڵیک دائەگیرسێنن دوای داگیرسانی کۆمپیوتەرەکە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی کە لەوانەیە توشی نەرمەکاڵاکان ببن لە کاتی داگیرسانی کۆمپیوتەر یاخوود بۆ نوسینی وشەی نهێنی کۆمپیوتەرەکە.

2- Mouse LED : گڵۆپەکانی مشک
هەرو وەک ئەزانین زۆربەی هەرە زۆری کۆمپیوتەرەکانی ئێستا پشتگیری ماوسی یەدەگ ئەکەن (مەبەست لەو ماوسەی کە بە کەیبل یان وایەرلێس کۆنێکتی کۆمپیوتەر ئەکرێن) ئەم جۆرە ماوسە تەکنەڵۆژیای LED بەکار دێنێ بۆ جوڵاندنی نیشاندەرەکە لەسەر ڕوونمای کۆمپیوتەرەکەمان.

3- Motherboard LED : گڵۆپی تەختەی سەرەکی
زۆربەی Motherboard ـــــەکان گڵۆپێکی LED یان پێوە بەستراوەتەوە کە ئاماژە بەوە ئەدا کە Motherboard بە دروستی وزەی کارەبای پێ ئەگا و هەروها ئەو LED ــــە لە زۆر حاڵەدا یارمەتی بەکارهێنەر ئەدا و ئاگاداری ئەکاتەوە لە هەبوونی کێشە لە Motherboard ـــــدا و هەروەها دەبێ ئاگاداربین کە هیچ پارچەیەکی کۆمپیوتەرەکان نابێ لێبکەینەوە وەک هارد یاخوود RAM لەو کاتەی کە ئەو گڵۆپە داگیرساوە!!

4- Network Card & Wifi & Switch & Router LEDs
ئەو LED ـــەی کە لەسەر هەر یەک لە پارچە ناوبراوەکان لکێندراوە ئاماژە بەوە ئەکا کە پەیوەست بووی بە ئینتەرنێتەوە و هەروەها ئاماژە بە گواستنەوەی زانیاریش ئەکا لەنێو ڕایەڵە Networkـــــدا ، و جێی سەرنجە کە گڵۆپی سەوز ئاماژەیە بە دروستی و نەبوونی کێشە لە هەریەک لەو پارچانە و گڵۆپی زەردی تۆخیش ئاماژەیە بە نەبوونی ئینتەرنێت و نەبوونی گڵۆپ یان گڵۆپی سوور ئاماژەیە بەوەی کە یەکێ لەو پارچانە لەکار کەوتووە.

5- Battery LED
زۆربەی لاپتۆپەکان نموونە (Dell و Lenovo) هەندێ جار گڵۆپێکی سەوز یاخوود زەردی تۆخ بە شێوەی بەردەوام دا ئەگیرسێ و ئەکوژێتەوە بەبێ وەستان کە ئاماژەیە بە هەبوونی کێشە لە پاترییەکە و کاتێ ئەمە ڕوویدا ئەوا زۆربەی کات ئاماژەیە بەوەی کێشە لە Motherboard ی لاپتۆپەکەدا هەیە ، و هەروەها بەشێک لە لاپتۆپەکان نموونە (ASUS و Dell) لەوانەیە گڵۆپی سپی یاخوود زەردی تۆخیان بە شێوەی بەردەوام داگیرسێ و بکوژێتەوە لەو کاتەی کە وایەری بارگاویکەرەوەی نادروست ئەلکێندرێ بە لاپتۆپەکەوە یاخوود لەوکاتەی کە وزەی کارەبایی پێویست ناگا بە لاپتۆپەکە لەو حاڵەتەدا پێویستە ئاگاداربیت لەوەی کە وایەری بارگاویکەرەوەکەت دروستە و هی خوودی لاپتۆپەکەیە و ئەگەر هاتوو وایەرێکی دروست بوو ئەوا وایەرەکە لە دیوار و لاپتۆپەکە بکەوە و دووبارە پەیوەستی بکەوە بە دیوارەکە و لاپتۆپەکە و ئاگاداری پلاکی کارەبای دیوارەکەبە کە هیچ کێشەی نییە و دڵنیابەرەوە لەوەی کە وایەرەکەت ڕاستەوخۆ لە پلاکی کارەبایی دیوارەکە داوە بەبێ یارمەتی هیچ دووسەرێکی تر و ئەگەر هاتوو ئەو تێبینیانە کاریان نەکرد ئەوا بە دڵنیاییەوە کێشە لە وایەری بارگاوی کەرەوەکەیە.

6- Floppy & Hard Drive & CD-ROM & Other Drive LEDs
هەر یەک لە Floppy Drives یاخوود CD-ROM Drives گڵۆپێکی LED تایبەت بەخۆیان هەیە کە ئاماژە بە گواستنەوە و خوێندنەوەی تەواوی زانیاریەکان ئەکا لەنێو کۆمپیوتەردا و ئەگەر هاتوو هیچ بڕە زنیاریەک لەنێو درایڤەکەدا نەبوو ئەوا گڵۆپەکانی LED داناگیرسێن ، نموونەش بۆ کاتی داگیرسانی ئەو کڵۆپانە ئەو کاتەیە کە کۆمپیوتەرەکە ئەچێتە حاڵەتی boot ــــەوە یاخوود نەرمەواڵەی File Explorer ئەکەیتەوە ، بەڵام جێی ئاماژە پێکردنە کە Hard Drive هیچ گڵۆپێکی LED پێوە نییە بەڵکو بەهۆی Motherboard ــــەوە ئەتوانین لە دۆخەکەی تێبگەین ، چۆن؟ لێرەدا Motherboard هەڵەستێ بە ناردنی چەند ئاماژە Signal ێک بەهۆیSystem Panel Connector Cables ــــەوە کە یەکێ لە گڵۆپە دەرەکیەکان ناچار ئەکا داگیرسێ و بکوژێتەوە بۆ ئاماژەدان بەوەی کە Hard Drive ـــــەکە بە دروستی کار ئەکا.

7- Printer & Speakers & Monitor & Other Devices LEDs
ئەو ئامێرە دەرەکیانەی کە لەسەروە ناومان بردن گڵۆپی LED تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ ئاماژە کردن بەوەی ئامێرەکە داگیرساوە یان کوژاوەتەوە یاخوود کێشە هەیە لە ئامێرەکەدا.

کۆتا شت کە ئەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم مانای هەڵبوونی هەریەک لە گڵۆپەکانی (سوور – زەردی تۆخ – سەوز – سپی – شین – زەرد) ـــــە:

ئایا مانای ڕەنگی (سەوز – شین – سپی) چییە؟!
هەر یەک لەو ڕەنگانە لە بەشی پێشەوەی کۆمپیوتەرەکەمان ئاماژە بە هەڵبوون یان کوژانەوەی دووگمەی Power ــــی کۆمپیوتەر ئەکا کە لە هەمان کاتدا ئاماژەیە بۆ داگیرسان و کوژانەوەی کۆمپیوتەرەکە.

ئایا مانای ڕەنگی (زەردی تۆخ – زەرد) چییە؟!
هەر یەک لەو ڕەنگانەی سەرەوە ئاماژە بەوە ئەکەن کە Monitor یان کۆمپیوتەر بە گشتی یان ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانی تر وزەی پێویستی کارەبایان پێ ئەگا بەڵام هیچ ئاماژەیەک نانێرن بۆ نموونە Monitor ڕەنگی زەرد نیشان ئەیا کە ئاماژەیە بۆ نەبوونی وێنە لەسەر ڕوونماکە یاخوود ڕوونمای ڕەش لەو کاتانەی کە وایەری زانیاری Data Cable لەشوێنی خۆی لێکراوەتەوە.

ئایا مانای ڕەنگی (سوور) چییە؟!
ڕەنگی سوور لە گڵۆپەکانی LED زۆرجار ڕێگایەکە بۆ ئاگادارکردنەوە بۆ نموونە لەنێوSurge Protector یاخوود UPS ڕەنگی سوور ئاماژەیە کە Surge Protector بە دروستی کار ئەکا و بەردەستە.

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

Reverse Engineer | Pentester | Web Developer | Programmer

Comments are closed.