تەمەنم تەنھا ١١ بۆ ١٢ ساڵ دەبوو کاتێک بۆ یەکەمجار لاپتۆپ ھاتە نێو خێزانەکەمانەوە ، بە حوکمی ئەوەی خوشکەکەم لە بەشی نێتوۆرک ئەیخوێند ، زیاتر عاشقی کۆمپیوتەر بووم ، ھەوڵم ئەیا ھەموو شتێک بکەم ، تا لە ١٤ ساڵی لاپتۆپێکی خۆمم کڕی.
ئەو لاپتۆپە بوو بە ھەموو ژیانم ، ھەموو شتێکم پێ ئەنجام دەدا ، بەرنامەی ھەمەڕەنگم تاقی ئەکردەوە ، ھەموو بەرنامەکانی چاککردنی وێنە و ڤیدیۆ ، فۆتۆشۆپ و بەرنامەکانی  مۆنتاژکردنی ڤیدیۆ . لە پۆلی ١٠ یەکەم یوتیوبی خۆمم دانا و ژێرنوسی ڤیدیۆم ئەکرد کە ئەوکات زۆر کەم بوو ، عیشقی من بۆ کۆمپیوتەر زیاتر بوو. بە حوکمی ئەوەی کچێکی زیتەڵە و زیرەک بووم و ھەموو ساڵێک لە یەکەمەکانی خوێندنگاکەم بووم ، ھەموان ھەتا خێزانەکەشم نوسیبویان و دایاننابوو کە من دەبم بە پزیشک،ب ەڵام بە پێچەوانەوە خەونی من شتێکی تربوو.
لە پۆلی ١٢ نمرەی ٩٢ م بەدەس ھێنا ، ھەستم کرد خەونەکەم فەوتا ، چونکە خەونی من «ئەندازیاری سۆفتوۆیر » بوو .
کە ئەو ساڵە نمرەکەی زۆۆر بەرز بووەوە ، دواتر لەلایەن خێزانەکەشمەوە زۆرم لێ دەکرا کە دەبێت بەشێکی پزیشکی ھەڵبژێرم لەجیاتی کۆمپیوتەر چونکە بەلای ئەوانەوە ھیچ داھاتویەکی نەبوو جگە لەوە پێیان وابوو من ئافرەتم و بەشێکی پزیشکی یان پەروەردە بۆ من ئاسانتر دەکەوێت ، بەڵام من کۆڵم نەیا تا لە بەشی تەکنەلۆجیای زانیاری وەرگیرام!
بەڵێ وامزانی ئیتر ئاواتەکانم ھاتنە دی و دەبمە کچە دیڤیلۆپەرێکی باش ، بەڵام بە پێچەوانەوە ، کە چوومە زانکۆ ئینجا زانیم کە بەو جۆرە نیە ، خوێندن و زانکۆ شتێکی وای فێرنەکردم ، وە ھەمیشە لە دڵەڕاوکێ دابووم و قسەی کەسانی چواردەورم کاریگەری زۆری لەسەرم ھەبوو ، ھاوڕێیانی زانکۆم ھەموان ھاتبوون تا خوێندنەکەیان تەواو بکەن و شەھادەکەیان بەرن و بڕۆن بەڵام نا بەڕاستی من بۆ فێربوون چووم !

ھەمیشە ئەو قسانە لەژێر مێشکم ئەزرنگانەوە کە ” من کچم” ،” خوێندنەکە تەواو بکە و بچۆ ماڵەوە و زەواج بکە، لەگەڵ ھاوسەرەکەت منداڵەکانت پەروەردە بکە، نەک ھەموو تەمەنت بەدیار لاپتۆپێک دانیشیت و ژیانت سەرەوژێر بکەی” ئەم بیرکردنەوانە نەک تەنھا ناخۆشبوو بەڵکو کاتێک بیرم ئەکردەوە بە جۆرێک ئازاری ئەدام کە ئەگەر حەقیقەت بوونایە لەوانەبوو توشی نەخۆشی دەروونی بومایە .
لەکۆتایدا بڕیارمدا و ھەڵسامەوە ، ئەگەر من ژیانی خۆم نەگۆڕم کێ ئەبێت بۆم بگۆڕێت؟! مەگەر ژیان کردن بە خۆشی ئاسودەکردنی ناخم نەبێت ئەبێت چی تر بێت ! وازم نەھێنا ، وەکو کچێک لەژێر دروشمی “بەڵێ بۆ گەیشت بە خەونەکانم” ھەوڵم یا ، سەرەتا وازم لە دەرخکردن و لەبەرکردنی وانە تەقلیدییەکان ھێنا ، ھەمیشە بەدوای ئەوە بووم پرۆژەی خۆمم ھەبێت ، لەبیرمە کاتێک پرۆژەیەکم باس ئەکرد بۆ کەسێک یان هاوڕێیەکم دنیایەک گاڵتەی پێ ئەکردم ! بۆیە لەوێدا وەستام ، لە خەونەکەم نا ،بەڵکو لە باسکردنیان بۆ چواردەورم.
وازم لە قسەی خەڵک ھێنا، زیاتر دەستم ئیشی ئەکرد وە مێشکم سەرقاڵ کرد بە بیرۆکە و ڕێگەچارەی چارەسەرکردنی کێشەکانم . ھەمیشە ئەوەم لەیاد بووە کە دامەزرێنەری (پرۆگرامینگ لانگویجەکان) ئافرەت بووە، کەواتە بۆچی ئەبێت بۆ من زەحمەت بێت.! کاتێک بێتاقەت و ماندوو دەبم دەچم سەیری ژیانی دیڤیلۆپەرەکان دەکەم  لە سۆشیاڵ میدیاکان ، ئەمە ھەرچەندە ھیچ ناگۆڕێت بەڵام ئەتوانێت ئەو ھەستەم لا دروست بکات کە بەڵێ منیش دەتوانم ھەموو شتێک بکەم .
کەس یارمەتیدەرم نەبوو و کەسیش دەستی نەگرتم بەڵکوو بە تەنھا ڕێگەم گرتەبەر، نزیک دەبمەوە و نزیکتریش دەبمەوە ، گوێ نادەم بەوەی کچم و ڕێگەی سەختترم لەبەردەم بێت ! ڕاستە بۆ کوڕ چەند سەخت بێت بۆ کچ دوو ئەوەندە ، بەڵام ئەمە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە عاشقی ئەو ژیانە بن.!
ئێستاش ڕۆژانە جگە لەوەی پرۆژەکانم جێبەجێ دەکەم ، خۆم فێری زمانی نوێ دەکەم ، تەکنەلۆجیای نوێ تاقیدەکەمەوە ، ئەمە ھەرگیز بێزارم ناکات بەڵکو دڵخۆشم دەکات ، کتێب دەخوێنمەوە و سەیری ژیانی ئەوانی تر دەکەم ، تەنانەت کێشەی کۆد و پرۆژەی ھاوڕێکانیشم چارەسەر دەکەم کە پێیان وایە کۆد و پڕۆگرام ھیچ سودێکیان نیە جگە لە شەھادەکە و ھیچی تر !

باوەڕم وایە ھەڵبژاردنی کارەکەت پەیوەندی بە ڕەگەزەکەتەوە نیە ، بەڵام ئەگەر جورئەتت نیە دەست مەبە بۆ جیاوازەکان!
ئێستاش کە خوێندنم تەواو کردووە نەک وازم نەھێناوە بەڵکو پلانی فێربوونی پڕۆگرام و لانگویجی نوێم ھەیە ، ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک فێر دەبم ، وە چەند کاتژمێرێک کار دەکەم ، وە چەن کاتژمێرێکیش دەبەخشم . وەکو ھەموو کچانی تر منیش قسەی ئەوەم لەسەرە کە بۆچی زەواج ناکەم و واز لەم شتە مناڵانەیە ناھێنم ! بەڵام بەڕاستی من بەمەوە گەورەبووم و ژیانمی پێوە بەند بووە ، تۆ بڵێی خەڵکی ھێندە نا ڕۆشنبیر بن ڕۆژێک ژیانێک بۆ من دروست نەبێت بەھۆی ئەوەی خولیای خەونەکەم ھەیە و ئەمەوێ سەرکەوتوو بم! وازھێنان لێی مردن نیە ، بەڵام ھەموان ئەوە دەزانین کاتێک خەونەکانت پشت گوێ دەخەیت چ ئازارێک لە ژیانت دروست دەبێت وە چی زوڵمێک لە خۆت دەکەیت .

ھەموان پێیان وایە کچان لە تەکنەلۆجیا لاوازن و سەرکەوتوو نین ، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوە کچان خۆیانن کە ئەوەیان دروست کردووە ، کاتێک لە ئەکاونتەکانمەوە ڕۆژانە نامەیەکی زۆرم بۆ یەت کە بەڕاستی سەرسامین کە چۆن کچیت و دیڤیلۆپەریت ! بەڕاستی ئەسەف و داخ ئەوە نیە کە چۆن من کچم و دیڤیلۆپەرم بەڵکو ئەوەیە کە سەریانسوڕماوە کە کچم و دیڤیلۆپەرم و عاشقی کارەکەمم ! کچان ھیچ ڕێگریەک نیە لە ھەڵبژاردنی جۆری خەونەکەیان ، ئەمە جلوبەرگێک نیە تا خەڵک ئەخلاق و ڕەفتاری تۆی لەگەڵ پێناسە بکەن ، بەڵکو ئەمە کار و پیشەیە ، خەون و ئاواتە . ئەوە خۆمانین کە وامان کردوە کۆمەڵگاکەمان وا ھەست بکەن کچان لەگەڵ تەکنەلۆجیا ناگونجێن، ئێستاش کچان هەن لە بەشە تەکنەلۆجیەکان نازانن ئیمەیڵ ئەکاونتێک بۆ خۆیان دروست بکەن، نازانن پاسۆردی فەیسبووکەکەیان بگۆڕن  یاخود ئەکاونتێکی نوێ دروست بکەن.
ھەمووی بەلایەک بەڵام ئەستەمە و زوڵمە کچانمان لە ڕۆژی تەکنەلۆجیا و پێشکەوتنی ژیان ، لە کۆلێژ و بەشێکی تەکنەلۆجی بخوێنن و بەڵام تا ئێستا کە مامۆستا داوای ئەرک و پڕۆژە و ڕیپۆرتیان لێبکات نەزانن بە ئیمەیڵێک بۆی بنێرن و داوا لە یەکێکی تر بکەن ! خۆ منیش وەکو تۆ ئافرەتم ، وە ژیانیشم ھیچ ناخۆشیەکی نیە بەھۆی خەونەکەمەوە بەڵکو ئەوە خۆتیت کە ئەو ئەستەمیەت لە مێشکت دروست کردوە و کردوتە بە بەربەست لەبەردەم ژیانت ..!

کەواتە با خۆمان بیر بکەینەوە و خۆمان ھەوڵبەین ! کەس ناتوانێت ژیانت بگۆڕێت ئەگەر خۆت نەتەوێت .

بەکەمێک دەستکارییەوە:
plustheedge
Shanaz Abdulwahid

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

ماڵپەری تێك ئای ، یەكەمین و گەورەترین ماڵپەری تەكنەلۆژیە لە كوردستان و عێراق ، تیایدا چەند شارەزایەكی بواری تەكنەلۆژی خزمەتگوزاریە تەكنەلۆژیەكان وەكو هەواڵ و وانە و فێركاری بە زمانی كوردی و بە شێوەی خۆڕایی پێشكەش بە ئارەزوومەندانی تەكنەلۆژی دەكەن .

Comments are closed.