CSS کورتکراوەی Cascading Style Sheets و دەکرێت بە زمان ناوببرێت کە ڕوومەت دەدات بە کۆدی بنچینەنان لە وێب. CSS بزۆک Dynamic نییە.
کاتێک پەڕەیەکی وێب (HTML) دادەڕێژین بە شێوەیەکی ئاسایی و درووست پێناس دەکەین کە پەڕەی ناوبرا لە چی و چۆن پێکهاتووە، بۆ نموونە لە سەرەتادا بە تاگی کردنەوەی HTML دەست پێدەکات و دواتر بەشی head دەست پێدەکات کە لە خۆیدا پێکهاتەکانی لە خۆ دەگرێت. پاشان بەشی body لەگەڵ پێکهاتەکانی خۆی دەست پێدەکات. بەڵام لە نێو هەمان پەڕەدا ئاماژە بەوە نادەین کە ڕەنگ و ڕوومەتی پەڕەی ناوبراو چۆن بێت. دەتوانین ئاماژەی پێ بدەین بەڵام لە ڕوانگەی کۆد نووسینی درووستەوە ئەو شێوازە درووست نییە و هەروەها کاری داهاتوویی بەڕێوەبردنی ماڵپەڕ ئاسان ناکاتەوە.
CSS ئەو بۆشاییە پڕ دەکاتەوە و هاوشانی HTML کار دەکات و ڕەنگ و ڕوومەت دەدات بە کۆدەکان کە پێناسی پێکهاتی پەڕە دەکەن. لە خوارەوە نموونەیەکی سادەی پەڕەی HTML هەیە،
<!doctype html>
<html>
<head>
<meta charset=“utf-8”>
<title>پەڕەیەکی HTML</title>
</head>
<body>
<p>هیلاکی ڕهنجێکم که ڕهنجی من نییه<br />
دانیشتووی خاکێکم که خاکی من نییه<br />
ناسراوی ناوێکم که ناوی من نییه<br />
گریاوی ژانێکم که ژانی من نییه<br />
زادهی لهززهتێکم، لهززهتی من نییه<br />
به مهرگێکیش دهمرم که مهرگی من نیی
</p>
</body>
</html>
ئەگەر کۆدەکانی سەرەوە لە نێو پەڕگەیەک بە ناوی index.html پاشەکەوت بکەین و لە وێبگەڕ چاوی لێبکەین وەک وێنەی خوارەوە دەردەکەوێت.
وەک ڕوونە HTML کاری پیشاندنی نووسینەکانی جێبەجێ کردووە، سەردێڕی پەڕەکەی لە شوێنی درووست پیشانداوە و هتد… بەڵام بێ ڕەنگە. ئەگەر بمانەوێت نووسینەکان قەڵەو بکەین، ڕەنگیان بگۆڕین، شوێنیان بگۆڕین یان گۆڕانکاری دیکە جێبەجێ بکەین، پەنا دەبەینە CSS.
نووسەری بابەت: ئاسۆ نادری-وێبچن