بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن رایدەگەیەنێت وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن بریاریدا بەكەم كردنەوەی نرخەكانی ئینتەرنێت و لەیەكەم رۆژی ئەم مانگەدا ئەم بریارە لەلایەن هەندێ لەكۆمپانیا كانەوە جێبەجێ كرا .
ئومێد محمد ساڵح بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ كوردیو ووتی : لەیەكەم كۆبونەوەی راوێژكاری ساڵی 2016 دا بەسەرپەرشتی مەولوود باوەموراد وەزیری گواستنەوەو گەیاندن (بەوەكالەت) بریار درا كەوا نرخەكانی ئینتەرنێت 30% بۆ 40% داشكێنرێت و لەسەرەتای ئەم مانگەشەوە وە لەلایەن هەندێ لەكۆمپانیاكانەوە جێبەجێ كرا .
ناوبراو زانیاری لەبارەی ئەوكۆمپانیایانەی كەنرخەكانیان داشكاندووە بۆ كوردیو ئاشكرا كرد و ووتی : كۆمپانیای ADSL نرخی كارتەكانی لەشەست هەزارەوە داشكاند بۆ 49 هەزار دینار بە هەمان خێرای پێشتر ، كۆمپانیای تارینێتیش بەشێوەیەكی فەرمی بەوەزارەتی راگەیاندووە كەوا كارتەكانیان بەرێژەی 5.5% بۆ 21% كەم كردۆتەوە ، كۆمپانیای ویگۆ لەسەروی 20% كارتەكانی دابەزاندووە.
وتەبێژی گواستنەوەو گەیاندن لەبارەی كۆمپانیای فاستلینكەوە رایگەیاند : كۆمپانیای فاستلینك بریاری كەم كردنەوەی نرخەكانی جێبەجێ نەكردووە بەڵام لەبەرامبەردا هەلساوە بەزیاد كردنی باندی كارتەكان (گێگا) زیاد كردووە .
شایانی باسە بەهۆی ئەوقایرانی دارایەی كە هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە وەزیری گواستنەوەو گەیاندن لە كۆبونەوەی راوێژكاری وەزارەتەكەیدا بریاری كەمكردنەوەی نرخەكانی هێلی ئینتەرنێتی دا وەك و هاوكاریەك بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان .
س: كوردیو