ساڵی ٢٠٠٨ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاسایەکی بەناوی یاسای ” ژمارە ٦ی قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن ” دەکرد، ئەوەش بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوە و کەمکردنەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، کە ئەمەش ناوەڕکی یاساکەیە:

( یاسای ژمارە (٦) ی ساڵی ٢٠٠٨  )
یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن لە هەرێمی کوردستان – عیراق

ماددەی یەکەم:
قسە کردنی تەلەفۆنی و پەیوەندیەکانی پۆستەیی و ئەلیکترۆنی لە کارووبارە تایبەتەکانن نابێ ڕێز و حورمەتیان بشکێندرێ .

ماددەی دووەم:

هەرکەسێک ئەگەر بە خراپی تەلەفۆنی خانەیی ( موبایل ) یان ئامێرێکی پەیوەندی پەیوەندی کردنی تەلدار یان بێ تەل یان ئەنتەرنێت یان پۆستی ئەلیکترۆنی بۆ مەبەستی هەڕەشەکردن یان تۆمەت هەڵبەستن ( قذف ) یان جنێودان یان بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بەکارهێنا کە ترس پەیدا دەکات یان دزەی بە گفتوگۆ کردن کرد یان وێنەی چەسپاو یان جووڵاو یان کورتە نامەی بڵاو کردەوە کە لەگەڵ خۆرەوشتی گشتیدا ناگونجێ یان بەبێ روخسەت و مۆڵەت وێنەی گرت یان کاروبارێکی وا کە شەرەف بریندار بکات یان هانی ئەنجام دانی تاوان یان کاری بەدرەوشتی یان بڵاو کردنەوەی زانیاری پەیویست بە نهێنی ژیانی تایبەت یان خێزانی بۆ تاکەکان بڵاوبکاتەوە کە بەهەر رێگایەک بێت چەنگی کەوتبێت هەتا ئەگەر راستیش بن ، ئەگەر بە هۆی بڵاوکردنەوەیان و دابەشکردنیان سوکایەتی یان زیانیان پێ بگەیەنێت ، ئەوا بۆ ماوەیەک بەند دەکرێت ) حبس ( کە لە ( 6 ) مانگ کەمتر نەبێت و لە ( 5 ) ساڵیش زیاتر نەبێت وە بە غەرامەیەکیش سزا دەدرێت کە لە (1000000) یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (5000000) پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت یان بە یەکێک لەو دوو سزایە سزادەدرێت .

ماددەی سێیەم:
هەرکەسێک بە ئەنقەست تەلەفۆنی خانەیی ( موبایل ) یان ئامێرێکی پەیوەندی پەیوەندی کردنی تەلدار یان بێ تەل یان ئەنتەرنێت یان پۆستی ئەلیکترۆنی بۆ چارس کردنی خەڵک جگە لەو حاڵەتانەی کە لە ماددەی دووەمی ئەم یاسایەدا هاتوون ، ئەوا بۆ ماوەیەک کە لە ( 3 ) مانگ کەمتر نەبێت و لە ( 1 ) ساڵێکیش زیاتر نەبێت بەند ) حبس ( دەکرێت وە بە غەرامەیەکیش سزا دەدرێت کە لە ) 750000 ( حەفسەد و پەنجا هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە ) 3000000 ( سێ ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت یان بە یەکێک لەو دوو سزایە سزادەدرێت .

ماددەی چوار:
ئەگەر لە ئەنجامی ئەو کارانەی کە بە پێی ماددەکانی ) دووەم و سێیەم ( ی ئەم یاسایە تاوانێک کرا ، ئەو کەسەی بووەتە هۆی ئەو تاوانە دەبێتە هاوبەشی و بەو سزایەی کە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە دانراوە سزا دەدرێت .

ماددەی پێنجەم:
ئەنجامدانی یەکێک لەو تاوانانەی کە لە ماددەکانی ( دووەم و سێیەم ) دا هاتوون بە بارێکی توندکراو بۆ مەبەستی حوکمەکانی ئەم یاسایە دادەنرێت ئەگەر ئەو کەسەی ئەنجامی دەدات سەر بە هێزە چەکدارەکان یاخود لە هێزەکانی ئاساییشی ناوەخۆ بێت یاخود ئەو کەسەی سیفەتە فەرمییەکەی بەکاردێنێت یان ئەوەی ئاگاداری نهێنی کەسەکان یان خێزانی کەسەکان بێ بە حوکمی کارەکەی یاخود پیشەکەی و هەرکەسێکی ئامێری پەیوەندی غەیری خۆی بەکاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی لەو کردەوانەی ناوبراون .

ماددەی شەشەم:
پێویستە کۆمپانیای پەیوەندی کردن ، ئەوانەی کە لە هەرێمدا کاردەکەن ئەمانەی خوارەوە بکەن :
یەکەم : پلیتی مۆبایلی ئەلیکترۆنی و ئامێرەکانی پەیوەندیە ئەلیکترۆنییەکان و تەلەفۆنە گوازراوەکانی دییکە کە لەو کۆمپانیایانەوە دەرچوون بەر لە جێ بە جێ کردنی ئەم یاسایە بە ناوی ئەو کەسەی هەیەتی و هاوبەش نیە تۆمار دەکرێت و ئەمەش لە ماوەی(6) شەش مانگ دەبێ لە رۆژی تەواو بوونیەوە و هەڵوەشآندنەوەی پلیتی ئەو کەسەی کە لایەتی ئەگەر لەو ماوەیە سەردانی کۆمپانیا نەکات .
دووەم : پێشکەش کردنی هەر زانیارییەک پەیوەندی بە پلیتی بەشداربووەوە هەبێت بۆ دادگای تایبەت لە کاتی پێویستدا .
سێیەم : ئەو کۆمپانییایانەی سەرپێچی بڕگەکانی ( یەکەم و دووەم ) لەم ماددەیە دەکەن بە غەرامەیەک سزا دەدرێن کە لە ( 50000000 ) پەنجا ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە ( 100000000 ) سەد ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت .

ماددەی حەوتەم :
پێویستە لەسەر ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندی دارەکان حوکمەکانی ئەم یاسایە جێ بە جێ بکەن .

ماددەی هەشتەم :
ئەم یاسایە لە رۆژی دەرچوونیەوە جێ بە جێ دەکرێت و لە رۆژنامەی فەرمی ( وقائعي كوردستان ) دا بڵاو دەکرێتەوە .

داگرتنی تەواوی یاساکە بە PDF:
یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

دەرچووی بەشی نێتۆرکم لە "پەیمانگای زانستی کۆمپیوتەر/ سلێمانی" . بەشێوەیەکی گشتگیر تێکەڵم لەگەڵ تەکنەلۆژیا،بەتایبەت لەگەڵ سیستمی وه‌گه‌ڕخه‌رى ویندۆز و ئەندرۆید. گەیاندنی بابەتە پێویست و گرینگەکان، وە هۆشیارکردنەوە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ جیهانی تەکنەلۆژیا بەشێوەیەکی پارێزراو، ئامانجی منە.

Comments are closed.