خزمەتگوزاری پەیوەندی و نامەناردنی وەتسئاپ بڕیاری دا بە قەدەغەکردنی خزمەتگوزارییەکە بۆ کەسانی خوار تەمەن ١٦ ساڵ لە وڵاتانی سەربە یەکێتی ئەوروپا.
پێشتر بەکارهێنەران دەبوو لانی کەم تەمەنیان ١٣ ساڵ بووایە تا بتوانن خزمەتگوزارییەکە بەکاربهێنن، بەڵام بڕیار نوێیەکە بەرزی کردووەتەوە بۆ ١٦ ساڵ ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو یاسا نوێیانەدا دێت کە بڕیارە یەکێتی ئەوروپا مانگی داهاتوو سەبارەت بە تایبەتی و پاراستنی داتا ڕایان بگەیەنێت.
خزمەتگوزاری وەتسئاپ لەلایەن فەیسبوکەوە خاوەنداری دەکرێت، لەکاتی بەکارهێناندا داوای سەلماندنی تەمەن دەکات، بەڵام هێشتا دیار نییە کە بەپێی بڕیارە نوێیەکە سەلماندنی تەمەن چۆن دەبێت.
یاساکانی پاراستنی داتای گشتی یەکێتی ئەوروپا (GDPR) لە ٢٥ی مانگی داهاتووەوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە و دەسەڵاتی زیاتر دەداتە بەکارهێنەران بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو زانیاریانەی کە کۆمپانیاکان بەکاریان دەهێنن.
خزمەتگوزاری وەتسئاپ لەلایەن فەیسبوکەوە خاوەنداری دەکرێت و لە ساڵی ٢٠٠٩دا لەلایەن برایان ئاکتۆن و ژان کومەوە دروستکراوە، هەروەها لە ئێستادا نزیکەی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن بەکارهێنەری هەیە.
سەرچاوە :: ئێن ئاڕتی