کۆمپانیای سامسۆنگ لەوەتەی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووە ئەندرۆیدە ئۆریۆ 8.0 بۆ گالاکسی ئێس 8 و گالاکسی 8 پڵاس تاقیکردوتەوە، سامسۆنگ باسی لەوە کرد کە لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەم وە لە سەرەتای مانگی شوباتی داهاتوو دەست بە ناردنی وەشانی ئەندرۆید ئۆریۆ 8.0 دەکەین بۆ گالاکسی ئێس 8 و ئێس 8 پڵاس، بەڵام ئەوە ئەمڕۆ 4ی شوباتە تا ئێستا وەشانی ئەندرۆید ئۆریۆ بۆ ئەو دوو جۆرە مۆبایلە نەهاتووە.
دوێنێ بەرێوەبەری خزمەتگوزاری کڕیارانی بەرهەمەکانی سامسۆنگ وەڵامی چەند بەکارهێنەرێکی ئامێری مۆبایلەکانی گالاکسی ئێس 8 و ئێس 8 پڵاسی دایەوە لەسەر ئەوەی بۆ سەرەتای مانگی شوبات ئەندرۆید ئۆریۆ 8.0 نەگەیشتووە بۆ ئەم دوو جۆرە مۆبایلە، لە وەڵامدا ڕایگەیاند ناردنی وەشانی ئەندرۆید ئۆریۆ 8.0 بۆ کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ دواخراوە.
ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، مانای وایە ناردنی وەشانی ئەندرۆید ئۆریۆ بۆ گالاکسی ئێس 8 و ئێس 8 پڵاس دەکەوێتە دوای ڕاگەیاندنی گالاکسی ئێس 9 و ئێس 9 پڵاس، کاتێک هەر دوو مۆبایلەکە لە بازاڕەکاندا بەردەست بوون ئینجا سامسۆنگ دەست دەکات بە ناردنی وەشانی ئەندرۆید ئۆریۆ بۆیان.