لە پێشدا پێویست بە پرۆگرامێک دەکات کە توانای مامەڵە کردنی هەبێت لەگەڵ کۆد، لە ڕاستیدا ئاسانترین پرۆگرامەکانی وەک Notepad لە ویندۆز، یان TextEdit لە سیستەمی Mac. لە نێو سیستەمەکانی دیکەی وەک لینوکس دەتوانرێت پرۆگرامێکی سادەی وەک gedit بەکار ببرێت. هەموو پرۆگرامەکانی سەرەوە پێداویستی نووسینی کۆدی هتمل جێبەجێ دەکەن، لە هەندێکیان توانای ڕەنگ کردن و دەستنیشان کردنی تاگیان هەیە بۆ ئاسانتر کارکردن لەگەڵ کۆدەکانی هتمل لە کاتی نووسینیان.

ئەگەر پێت وایە پرۆگرامی ئاسایی نێو سیستەمەکەت ئامرازێکی باش و درووست نییە بۆ نووسینی کۆدەکانی هتمل، دەتوانی کرتە لە هەر یەکێک لە بەستەرەکانی خوارەوە بکەیت و بەپێی جۆری سیستەمەکەت پرۆگرامی دیکەی هاوشێوە دابمەزرێنیت.

لیستەی بەناوبانگترین پرۆگرامەکانی دەقنووس

http://en.wikipedia.org/wiki/List_of_text_editors

پەڕەیەکی هتمل وەک هەر جۆرە پەڕەیەکی دیکە لەسەر وێب بە چەند دێڕ کۆدێک پێناس دەکرێت بۆ ئەوەی لە کاتی کردنەوەی لە وێبگەڕدا وەک HTML پێناس بکرێت و وێبگەڕ بە درووستی پیشانی بدات.
یەکەم هەنگاو لە پێناس کردنی پەڕەیەکی HTML بریتییە لە Declare کردنی پەڕەی ناوبراو، بە Declare کردن مەبەستمان ئەوەیە کە بە وێبگەڕ ڕادەگەیەنین کە پەڕەکەمان بریتییە لە پەڕەیەکی داڕێژراو بە زمانی HTML. چۆنیەتی ناساندنی پەڕە لە وەشانەکانی HTML دا جیاوازیی بەسەردا هاتووە، بەربڵاوترین وەشانەکانی HTML لەسەر وێب وەشانی HTML4.1,XHTML و HTML5 ـن. لە خوارەوە نموونەی Declare کردن لە نێو هەر یەکێک لەو وەشانانە نموونە کراون.

پەڕەیەکی HTML بە شێوەیەکی ئاسایی لە کۆمەڵێک یەکە / Elements پێکدێت، هەر Element ـێک لە خۆیدا لە تاگ Tag و تایبەتمەندی Attributes پێکهاتووە. بەردەوامبە لە خوێندنەوە بۆ ڕوونکردنەوەی زۆرتر…

هەموو نموونە  گشتییەکانی کۆدەکانی ئەم زنجیرە بابەتە لەسەر بنەمای وەشانی نوێی HTML5 دەنووسرێن. ئەو کاتانەی کە پێویست بە نموونە کردنی کۆدی وەشانی بکات، کۆدی وەشانەکانی دیکە دەنووسین لەگەڵ ئاماژە دان بە وەشانی بەکاربراو.

پێناس کردنی پەڕەیەکی هتمل
XHTML/HTML،

<!DOCTYPE html PUBLIC "-//W3C//DTD XHTML 1.0 Transitional//EN" "http://www.w3.org/TR/xhtml1/DTD/xhtml1-transitional.dtd">
<html xmlns="http://www.w3.org/1999/xhtml">
<head>
<title>ناوی پەڕە</title>
</head>
<body>

</body>
</html>

HTML5

<!DOCTYPE html>
<html>
<head>
<title>ناوی پەڕە</title>
</head>
<body>

</body>
</html>

شیکردنەوەی نموونەکانی سەرەوە،
هەردوو نموونەی وەشانەکانی XHTML و HTML5 لە دێڕی یەکەمدا پەڕە پێناس دەکەن وەک پەڕەیەکی HTML، لە وەشانی نوێدا تاگی پێناس کردن ئاسانتر و کورتر کراوەتەوە. هەر پەڕەیەکی وێبی داڕێژراوە بە HTML لە بەشی سەرەوە و بەشی ناوەڕۆک پێکدێت.

بەشی سەرەوە head

لە بەشی head دا کە بە تاگی <head> دەکرێتەوە و بە تاگی </head> دادەخرێت ئەو کۆد و ڕێکخستنانە دەردەکەون کە زۆرتر بۆ وێبگەڕ گرینگن و دەقێک نابن کە خوێنەری پەڕە بیبینێت. لە بەشی head دا دەکرێت ڕێنمایی وێبگەڕ بکرێت کە چۆن بەشی <body> کە ناوەڕۆکی پەڕە لە خۆ دەگرێت چۆن پیشان بدرێت.  بۆ نموونە لە بەشی head دا دەکرێت ناوی پەڕە بنووسرێت، هەروەها ئەگەر پەڕگەی تایبەت بە CSS هەبێت لە بەشی head دا بە پەڕەی ناوبراوی HTML دەبەسترێتەوە.

لە بەشی head دا تاگەکانی meta یان Meta Tags دادەنرێن. Meta Tags زانیاریی لە خۆ دەگرن سەبارەت بە پێکهاتەی پەڕە کە زۆرتر بۆ وێبگەڕ گرینگرە بۆ ئەوەی بە درووستی پەڕە پیشان بدات. لە Meta Tags دا زانیاریی وەک، نووسەری پەڕە/بابەت، ڕێکەوتی درووستکردن، وشە گرینگەکان/ کلیلەوشە، پێناسەیەکی پەڕە و چەندین جۆرە زانیاریی دیکە بنووسرێت. لیستەی تەواوی Meta Tags لە خوارەوەی ئەم پەڕەیە هەیە.

بەشی  ناوەڕۆک body

بەشی body هەموو ناوەڕۆکی پەڕە لە خۆ دەگرێت، وەک دەقی ئاسایی، وێنە، ڤیدیۆ و هەر شتێکی دیکە کە بویسترێت لە پەڕەدا ببینرێت.  ئەم بابەتەی کە دەیخوێنیتەوە لە نێوان تاگی کردنەوەی <body> و تاگی داخستن دا </body> نووسراوە.

ئامادەكردنی : وێبچن

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات
شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

ماڵپەری تێك ئای ، یەكەمین و گەورەترین ماڵپەری تەكنەلۆژیە لە كوردستان و عێراق ، تیایدا چەند شارەزایەكی بواری تەكنەلۆژی خزمەتگوزاریە تەكنەلۆژیەكان وەكو هەواڵ و وانە و فێركاری بە زمانی كوردی و بە شێوەی خۆڕایی پێشكەش بە ئارەزوومەندانی تەكنەلۆژی دەكەن .

Comments are closed.