بێگومان لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بەشەودا هیچ كات بەراورد ناكرێت بە لێخوڕینی رۆژ، زۆرێك لەو حاڵەتانەشی كە دروستدەبن، سەرەڕای كەم بوونەوەی رێژەیی ئۆتۆمبێل لەسەر جادەكان، لە شەواندایە.

ئاستی بینین لە شەواندا تەواو كەم دەبێتەوە، شۆفێر بە ئاسانی ناتوانێت پێشی خۆی لە مەودایەكدا ببینێت كە فریای كاردانەوەی پێویست بكەوێت، جگە لەوەش دیاری كردنی مەودای خۆت و ئۆتۆمبێلەكانی تر لێتەوە لەشەودا كارێكی ئاسان نییە، ئەمە جگە لەوەی ئەگەر كێشەیەكی تەندروستی هەبوو لە چاودا، ئەمانە هەمووی پێكەوە هۆكارگەڵی سەرەكی رووداوەكانی شەوانەن.

لێرەدا كۆمەڵێك خاڵ باس دەكەین، ئەگەر كاریان پێبكرێت، دەكرێت ببنە هۆی كەمكردنەوەی رووداوەكان:

– لەگەڵ تاریك داهات لایتەكانت هەڵبكە، بەوەشدا چاوت زووتر لە مامەڵە كردن لەگەڵ كەم بوونەوەی رۆشناییدا رادێت، هەروەها خۆت پیشانی ئۆتۆمبێلەكانی دیكە دەدەیت،  چاوەڕێ‌ مەكە تا تەواو تاریك ببێت.

– خێرایی كەم بكەرەوە، وەك باسكرا، مەودای بینین لە شەودا بۆ ئاستێكی مەترسیدا دێتە خوارەوە، زۆرجار شۆفێر فریای كاردانەوە ناكەوێت لە كاتی دروستبوونی رووداوێكی نەخوازراو، بە پێچەوانەی رۆژ كە مرۆڤ بە شیوەیەكی ئاسایی تا (200) مەتری پێشی خۆی ببینێت، بە كەم كردنەوەی خێرایی بۆ خوار (100) كیلۆمەتر/سەعات، ئەگەری رووداوەكان لەسەر خۆت كەم دەكەیتەوە.

– ئاگاییت زیاتر بێت، لە شۆفێری كردنی شەوانەدا دەبێت ئاگاییت لە چواردەوری خۆت زیاد بكەیت، تا بتوانیت خۆت لە ئەگەرە نەخوازراوەكان لابدەیت.

– پێش لێخوڕینی شەوانە ئیسراحەتی تەواو وەرگرە، زۆرێك لە شۆفێران هاتووچۆكانیان زیاتر لە شەواندایە، بە تایبەتی شۆفێری بار هەڵگرەكان، ماندوێتی و خەولێكەوتن، هەزاران رووداوی نەخوازراوی لێدەكەوێتەوە، لێكۆڵینەوە زانستییەكان ئەوەیان سەلماندووە، كاتێك مرۆڤ ماندوو بێت، كاردانەوەی بۆ ئەگەرەكانی بەردەمی كەم دەبێتەوە، ئەگەر خەویشی بێت ئەوە حاڵەكە خراپتر.

– پەنجەرەكانت بكەرەوە دەنگی تەجیلەكەت بەرز بكەرەوە، تا بتوانیت زاڵ بیت بەسەر باوێشك و ماندووێتیدا.

– چاویلكەی تایبەتی شەوانە لە چاو بكە، لە ئێستاداشدا ئەو جۆرە چاویلكانە لە بازاڕدا زۆرن كە رۆشنایی لە قاڵب دەدەن و رێكی دەكەنەوە، بەڵام كار ناكەنە سەر ئاستی بینینی شەوانە.

– زیاتر خۆت رابهێنە، بەردەوام لە هەوڵی راهێناندا بە، تا بتوانیت ئەزموونەكانت لەو بارەیەوە زیاد بکەیت.
ئامادەكردنی : دڵشاد حەمە

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

ماڵپەری تێك ئای ، یەكەمین و گەورەترین ماڵپەری تەكنەلۆژیە لە كوردستان و عێراق ، تیایدا چەند شارەزایەكی بواری تەكنەلۆژی خزمەتگوزاریە تەكنەلۆژیەكان وەكو هەواڵ و وانە و فێركاری بە زمانی كوردی و بە شێوەی خۆڕایی پێشكەش بە ئارەزوومەندانی تەكنەلۆژی دەكەن .

Comments are closed.