تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بوک خزمەتگوزاریەکی تایبەتی بۆ ئەو کەسانە کاراکردوە کە بەهۆی بومەلەرزەکەی دوێنیی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەوروبەری کاریگەربوون، تا بەکارهێنەران بتوانن هەواڵی سەلامەتیان بە هاوڕێ و کەسەکانیان بدەن.
فەیسبوک خزمەتگوزاری safety check کاراکردووە، و ناونیشانی (بومەلەرزەکەی هەڵەبجە، عێراق)ی بۆ بەکارهێناوە، بەکارهێنەرانی فەیسبوک دەتوانن لە ڕێگەیەوە یەکێک لە بژاردەکانی “من سەلامەتم “ (I’m safe)یان بژاردەی من ناگرێتەوە ((Doesn’t Apply to Me هەڵبژێرن و کەسەکانیان ئاگاداربکەنەوە کە دوای بومەلەرزەکە سەلامەتن یاخود بەهۆی بومەلەرزەکەوە کاریگەر نەبوون.
هەر کەسێک بژاردەی سەلامەتی هەڵبژێرێت، هاوڕێکانی فەیسبوکی بە وریاکەرەوەیەک ئاگادار دەکرێتەوە و ئەوانیش دەتوانن هەمان بژاردە هەڵبژێرنەوە.
ئەو خزمەتگوزاریە بەشی پشتگیری هەیە، کە بەکارهێنەرانی فەیسبوک لە ڕێگەیەوە دەتوانن داوای هاوکاری بکەن یاخود هاوکاری ئەو کەسانە بکەن کە داوای هاوکاریان کردووە.
بەشێکی دیکەی خزمەتگوزاریەکەدا زانیاری و هەواڵ و وێنە و ڤیدیۆی بومەلەرزەکە بڵاوکراوەتەوە.
خزمەتگوزاری سەیفتی چێکی فەیسبوک تایبەتە بەو کارەساتە مرۆیی و هێرشانەی کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان کاریگەردەبن و بۆ ماوەیەکی کاتی کارادەبێت.