بەرنامەی (Adobe InDesign) یەكێكە لەو بەرنامە هەرە ناودار و پڕبایەخانەی كە بنیات نراوە لە لایەن كۆمپانیای ئەدۆبەوە بەمەبەستی دروستكردنی بەرهەمە نووسراوەكانی وەك گۆڤار و ڕۆژنامە و پەرتوك و پۆستەر یان بابەتی ڕیکلامی ، سەرباری توانای بنیات نانی هەر شێوەیەکی هەیە لەتێکەڵەیەك لە نووسین و وێنە و تەواوی شێوازە ریكلامیەكان كە لە كاری میدیاییدا سوودی لێوەردەگیرێت ، ئەم بەرنامەیە هاوشێوەیە لەگەڵ بەرنامەی (QuarkXPress) كە بەرنامەیەکی ناودارە و بۆ هەمان مەبەست بنیات نراوە لە ساڵی 1987 وە بڵاودەكرێتەوە لە ئێستادا 11 دەرچووی هەیە .
ئین دیزاین بەرنامەیەكە كە هاوشێوەی بە ئەستەم دەدۆزرێتەوە لە توانادا بەرهەمی ئەزموونێكی دورو درێژی كۆمپانیای ئەدۆبە كە ئەمەی لێ بنیات ناوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەرهەمە میدیاییە دیجیتالیەكاندا كە تێكەڵەیەك بنیات دەنێت لە وێنە و تێكست بەرهەمی میدایی دەنگ و ڕەنگ ، ئەم بەرنامەیە تا ئێستا 19 دەرچووی لێ بنیات ناوە كەلەسەر هەردوو سیستەمی ماك ئۆ ئێس ویندۆز بەردەستە ، ئەوەی وای كردوە ئەم بەرنامەیە بە پێشەنگی بمێنێتەوە لەم بوارەی خۆیدا ئەو توانایە كە بەرنامەكە هەیەتی لە ڕوی كوالیتی و پێشخستنەوە كە كۆمپانیای ئەدۆب بە هەمیشەیی نوێگەری تێدا دەكات ، سەرباری بەگەرخستنی بەرنامەكە لەسە هەردوو سیستەمی ماك ئۆ ئێس و ویندۆزی مایكرۆسۆفت .
چی بە بەرنامەی ئەدۆبی ئین دیزاین دەكرێت ؟
1- دەكرێت گۆڤار كتێب ڕۆژنامە یان پۆستەر و چوارچێوەی ریلكامی پێ دروست بكرێت بە بەرزترین كوالیتی .
2- بەتەواوی دەتوانرێت دەست بگیرێت بەسەر بەرهەمەكانی وێنەدا سەرباری ڕێكخستنی تێكست بە باشترین شێوە .
3- بەهۆی پاڵپشتی لە سیستەمی یونی كۆد دەتوانرێت بە تەواوی تایبەتمەندیەوە ڕاست بۆچەپ بنووسێت بەهەرفۆنتێكیش كەمەبەستت بێت .
4- ڕێكخستنی كۆتایی دێرەكان لە هەموو جۆرەكانی تێكستتدا بە تایبەتی عەرەبی و هاوشێوەكانی .
5- پاڵپشتی لە سیستەمی (layers) كە چەند چینێك دەتوانرێت لەسەر یەك ڕێكبخرێت هەر وەك ئەوەی لە فۆتۆشۆپدا بوونی هەیە .
6- بەرهەمەكانی تری ئەدۆب لەم بەرنامەدا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و دەتوانرێت بەكاربهێنرێتەوە .
7- بەرهەمی بەرنامەی (QuarkXPress) لە ئین دیزایندا بەگەردەخرێتەوە بۆ گۆڕنكاریكردن و تایبەتمەندی پێدانی .
8- كاركردن لە ئین دیزایندا تارادەیەك نزیكە لەهەر بەرنامەیەكی تری ئەدۆبەوە هەر بۆیە دەتوانرێت بە ئاسانی دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم بكرێت .
مێژووی بەرهەم هێنانی بەرنامەكە :
بەرنامەی ئین دیزاین خۆی یەكەم جار بەم ناوەوە لە ساڵی 1999 دا بڵاوكرایەوە بەڵام بیرۆكەی كارەكەی بەرنامەیەكە بەناوی (PageMaker) كە لەلایەن كۆمپانیای ئەلدوسەوە بنیات نراوە كە حەوت دەرچووی لەم بەرنامەیە بنیات نا بۆ هەمان مەبەست دواترینیان (PageMaker 7.0) بوو كە ئێستا تەنها لەسەر ویندۆزی ئێكس پی دادەمەزرێت و لەو دەرچووە بەرەوسەر ناتوانرێت بەگەربخرێت ، كۆمپانیای ئەدۆب ئەم كۆمپانیای كڕیویەتیەوە لە ساڵی 1994 دا ، هەربۆیە بەهۆی پێشخستنی ئەو بەرنامەوە بەڵام بەڕوكارێكی جیاواز توانی ئین دیزاین بەرهەم بهێنێت هەتا بتوانێت هەمان مامەڵە لەگەڵ تێكست و وێنەدا بكات و بە شێوەیەكی سەرنج ڕاكێش تێكەڵیان بكات دیارە تەواوی تایبەتمەندیەكانی پەیچ مەیكەر لەم بەرنامە نوێیەدا بوونی هەیە و بگرە باشتریش دەتوانرێت كۆنترۆڵی بكات ، بێگومان بەرنامەی (Page Maker) هەر هەمان كاری ئین دیزاینی دەكرد بەڵام لە توانادا زۆر جیاوازن بە تایبەتی لە كاتی ئێكسپۆرتكردنی بەرهەمەكەدا ئین دیزاین بەچەندین تایبەتمەندی سەرنج ڕاكێشەوە كارەكە بە ئەنجام دەگەیەنێت .
ئەدۆبی ئین دیزاین و مامەڵەكردن لەگەڵ پاشگرەكاندا :
ئین دیزاین پشتگیری هێنانی ژمارەیەكی زۆر لە پاشگرە میدیاییەكان دەكات بۆ ناو بەرنامەكە تەواوی بەرهەمەكان میدایی ڕەنگ و دەنگ و وێنەیین كە دەگاتە 26 جۆری جیاواز لە پاشگر ، لە وێنەشدا تەواوی جۆرەكانی وێنە پاڵپشت دەكات بۆ هێنانە ناو كاری بەرنامەكە تەنانەت بەرهەمەكانی تری هاوشێوەی خۆی وەك ئەدۆبی فۆتۆشۆپ و ئێلیستریتۆر و چەندانی تریش فایلی كارەكەیان بە هەمان تایبەتمەندیەوە دەهێنێتە ناو كاری بەرنامەكەوە بۆ ڕێكخستن و كاركردن تێیدا .
دەربارەی جۆرەكانی تێكست ئەوا باشترین شێوە بۆ هێنانی تێكست بوونی بەرنامەی (Adobe InCopy) كە یاریدەدەرێكی ئێجگار باشە بۆ هێنانی نووسین لەم بەرنامەدا دەتوانرێت بەهەمان ئەو تایبەتمەندیانەی كەبەسەر تێكستەكەدا هێنراوە لەبەرنامەی ئین كۆپیدا لە ئین دیزایندا بێ ئەوەی هیچ یەك لە تایبەتمەندیەكانی لەدەست بدات ، سەرەڕای بەرهەمەكانی ئۆفیسی مایكرۆسۆفتیش كە بەشێوەیەكی زۆر سەرنج ڕاكێش لاپەڕەیەك یان چەندین لاپەڕە لە تێكست لە وۆردێكەوە دەگوازرێتە ناو كاری بەرنامەكە سەرباری بوونی ئامرازی تایبەت بە ڕێكخستن و مامەڵەكردن لەگەڵ تێكستكەدا كە هەمان ئامرازی ڕێكخستنەكانی تێكستە لە فۆتۆشۆپدا .
بەرنامەی ئیندیزاین بەیەكێك لەو بەرنامانە دادەنرێت كە بۆ یەكەم جار مامەڵەكردنی لەگەڵ فۆنتەكانی یونی كۆد دا خستە بەردەستی بەكارهێنەرنا كە بەكارهێنەرانی وەك كورد و چەندین نەتەوەی تر كە زمانەكەیان لە بەرهەمەكانی هاوشێوەی ئیندیزایندا پاڵپشت نەدەكرا ڕزگار كرد و ئەمەش هۆكارێكی هەر زۆر باش بوو بۆ ڕاكێشانی بەكارهێنەران لە زمانە جیاوازەكانی جیهانەوە بەلای بەكارهێنانی ئەم بەرنامەدا .
بە پێ ی دەرچوەكانی بەرنامەكە پاشگری فایلی ئین دیزاین گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە تەنانەت لە دەرچووە نوێیەكاندا ناتوانرێت بەرهەمی دەرچووە كۆنەكانی بەرنامەكە بەگەربخرێت ، ئەوەی كە ڕاستەوخۆ لە لاپەڕەیەكی نوێوە دەستمان پێ ی دەگات بۆ هێنانە ناو بەرنامەكەوە لە نوێترین دەرچوی دا سێ جۆری زۆر بڵاوە وەك :
یەكەم (indd) كە پاشگرێكە بۆ بەرهەمەكانی خۆیی كورتكراوەی (InDesign document) وەك هەر بەرنامەیەكی ئاسایی دووبارە دەتوانێت تەواوی پێكهاتەكانی ناوی دەستكاری بكاتەوەو دواتر بەهەمان پاشگر یان پاشگری نوێوە بیپارێزێتەوە .
دووەم (indl) ئەمەش پاشگرێكە بۆ كۆكراوەیەك لە بەرهەم كورتكراوەی (InDesign Library) كە دەتوانرێت كۆمەڵێك بەرهەمی پێ ئێكسپۆرتبكرێت یان بهێنرێتە ناو بەرنامەكەوە بۆ كاركردن تێیدا .
سێیەم (indb) كۆتا پاشگری هێنانە بۆ ناوبەرنامەكە كە كورتكراوەی (InDesign Book) دەتوانرێت كتێبێك كە بەم پاشگرە پارێزرابێت بهێنرێتە بەرنامەكەو گۆڕانكاریە پێویستەكانی تێدا بكرێت و بە پاشگرێكی نوێوە بپارێزرێت .
دەربارەی ئەوەی بەرهەمەكان بە چ جۆرە پاشگرێك بەرهەمەكە ڕاستەوخۆ دەپارێزرێت لە (Save As) وە ، ئەوا دوو جۆری زۆر بڵاو هەن كە دووبارە بەرنامەكە دەتوانێت گۆڕانكاری تێدا بكاتەوە بە تایبەت بۆ ئەوە بنیات نراوە تا بەكارهێنەر جیاوازی بكات لە نێوان دوو بنەڕەتی كاری بەرنامەكەدا چونكە یەكێك لە تایبەتمەندیەكانی ئەم بەرنامەیە بوونی چەندین قاڵبی جیاوازە كە تەنها ئەوەی دەوێت تێكست و وێنەكان داخڵ بكەیت و تەواو ئیتر خۆی شێوە گۆڤارێكە یاخود بڵێین شێوە كتێبێكە و ئەمەش بنەڕەتێكی كارە بۆ هەندێك دامەزراوە كە لەسەر یەك تێمپڵێت كار دەكەن و تەنها ڕەنگەكەی دەگۆڕن .
جۆری یەكەم (indd) هەر وەك ئەوەیە كە دەمان هێنایە ناوبەرنامەكەوە ، بەڵام دووەم بریتیە لە (indt) كە بۆ ناردنی بەرهەمەكەیە بەشێوی قاڵبێك كە تەنها بنچینەیەكە بۆ كارێك و دواتر بابەتەكانی لەسەر ڕێك دەخرێت ئەگەر بەكارهێنەر ویستی لەسەریش بێت دەتوانێت گۆرانكاریشی تێدا بكات .
دەربارەی ئەوەی ئایا بە چ فۆڕماتێك بەرهەمەكان پێدەگات ؟
ئەوا دەكەوێتە سەر ویستی بەكارهێنەر كە یانزە جۆری جیاوازە لە پاشگر هەر یەكێكیان تایبەتمەندێتی جیاوازە بەڵام بۆ ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت بەرهەمەكە چاپ بكەن ئەوا (PDF) گونجاوترینە بۆ كەسانێكیش كە بیانەوێت بەرهەمەكە لە تۆڕی ئینتەرنێتدا بڵاوبكەنەوە ئەوا دەكرێت بە (SWF) بیپارێزن كە بەرهەمێكی فلاشیەو شێوەیەكی جوان و نایاب دەدات بە بەرهەمەكە لەكاتی بینیندا ، هەروەها دەكرێت بە شێوەی وێنە بەپاشگری (JPG) بهێنرێتە بەرهەم سەرباری بوونی جۆرەكانی تر بۆ وێب سازان كە بە پاشگری (HTML) بۆ بەرنامەی (Dreamweaver) بەتەواوی گونجاوە لە دووبارە داڕشتنەوەیدا .