تەكنەلۆژیای (WiMAX) كە كورتكراوەیەكە بۆ (Worldwide Interoperability for Microwave Access) تەكنیكێكی نوێیە بۆ وەشاندنی ئینتەرنێتی بێ وایەر لە ڕوبەرێكی فرواندا بەجۆرێك مەوداكەی گەورە تربێت لەو مەدوایەی كە تەكنیكی (ISDN) و (DSL) دابینی دەكەن بەهۆی وایەرەوە ، ئەم تەكنەلۆژیایە سەرەتا لەسەر پێوەری ستانداردی (IEEE 802.16) بنیات نراوە بەخێرایی گواستەوەی داتا 30 بۆ 40 مێگابت لە چركەیەكەدا بەڵام لە ئێستادا و لەسەر پێوەری (IEEE 802.11) ئەم تەكنەلۆژیایە بەخێرایی (100) مێگا بت لەچركەیەكدا داتا دەگوازێتەوە لە باری ئاساییدا ، وە بەم دواییانە لە هەندێكی باری تایبەتتدا توانرا خێرایی بگەیەنرێتە یەك گێگابت لە چركەیەكدا .

تەكنەلۆژیای وای ماكس تەواو هاوشێوەی وای فایە بەڵام ڕووبەری كارەكەی ئێجگار فراوانترە و لەلایەن چەند كۆمپانیایكەوە بەهاوبەشی بنیات نراوە وەك (Intel ، Fujitsu ، Nokia ، Cisco ، Proxim) و مەبەست لەیەككگرتنی ئەم كۆمپانیا زەبەلاحانە لەو كاتەدا دروستكردنی تەكنیكێك بوو لە پێناو پەخشكردنی ئینتەرنێت بوو لە مەودایەكی فراواندا و ئەویش بە بەكارهێنانی تەنها ئەنتێنایەك یاخود دوو یان سێ لە شارێكی گەورەدا ، بەڵام ئەم كارەیان لە دوای بەرهەم هێنانی (4G LTE) لەبازاڕدا توشی كەم بوونەوەی خواست بوو لە لایەن كڕیارانەوە و وردە وردە پاشەكشەی كرد .

تەكنیكی كاركردن لە وای ماكسدا لەسەرچی بەندە ؟

لە وای ماكسدا بۆ هەر ڕوبەرێك نەخشەیەك دەكێشرێت كە بە تەواوی ئەو ڕوبەرە بگرێتەوە كە پەخشەكەی تێدا بڵاودەكرێتەوە ئەم كارەش ئەگەر بەیەك ئەنتێنا بەڕێ نەكرا ئەوا دەكرێت دوان و سیان و چوار بەكاربهێنرێت ، كاتێك ئەم ئەنتێنایانە دادەمەزرێنرێت ئەوا پەیوەست دەكرێن بەیەكەوە لەسەر لەرەلەرێكی تایبەت و پەخشی ئینتەرنێتەكەش لەسەر لەرەلەرێكی جێگیر دادەنرێت كە بەهۆی ناوەندێكەوە مەمەڵە لەگەڵ ئەم خاڵانەدا دەكرێت كە ناودەبرێت بە (ASN GW) كە كورتكراوەی ((Access Service Network Gate Way ئەم كارەش بەهۆی سیستەمێكی دیجتاڵیەوە ڕێكدەخرێت كە ناوەندێكی تەواو پارێزراوە بەناوی  (RADI US) كە كورتكراوەیە بۆ (Remote Authentication Dial In User Service) كە تێیدا ڕێ بەبەكارهێنەرێك دەدرێت داغڵی تۆڕەكە ببێت و دڵنیاببێتەوە لەوەی كە ڕێپێدراوە بۆ بەكارهێنان هەروەها لە كاتی گۆڕینی شوێنەكەیدا بێ ئەوەی توشی پچران ببێت سەرچاوەی پەخشەكەی لە ئەنتێنایەكەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەنتێنایەكی تر كە لێوەی نزیك دەبێتەوە ، ئەم كارەش زۆر بەخێرایی دەكرێت و بەكارهێنەر ئاگای  لە كرداری گواستنەوەكە نیە تەنانەت ئەگەر لە كاتی قسەكردنیشدابێت توشی پچڕان نابێت .

تایبەتمەندیەكانی تۆڕی وای ماکس چیە ؟

یەكەم : توانای گواستنەوەی داتای ئێجگار زۆرە كە دەكاتە سەرو سەد مێگابتەوە لە چركەیەكدا بەتایبەتی لەكاتی ئاڵۆگۆڕكردنی بابەتی میدیاییدا لەنێوان دووكەسدا دەگاتە 280مێگابت ، ئەم تەكنیكە بەجۆرێك ڕێكخراوە لە سەرچاوەكەوە تا دەگاتە وەرگر هیچ لە تواناكەی كەم ناكات .

دووەم : وای ماكس لەسەر تۆڕی جۆراو جۆر بەگەردەخرێت و دەتوانرێت بەچەندین شێوە و دیزاینی جیاواز بخرێتە خزمەتی بەكارهێنەرانەوە و دەست بەسەر بڕی ناردن و وەرگرتنی داتادا بگیرێت بۆ بەژداربوانی بەئاسانی .

سێیەم : توانای پارستنی داتا لە كاتی ناردن و وەرگرتنیدا ئێجگار بەهێزە بە دەگمەن توشی كەلێن دەبێت سیستەمەكە هەربۆیە بەیەكێك لە سیستەمە هەرە سەركەوتووەكان ئەژماردەكرێت بە تایبەتی لە كاتێكدا تەكنیكی (Advanced Encryption Standard) بۆ پارێزگاری كردن لە داتا بەكاردێت تێیدا .

چوارەم : سانایی لە پەیوەست بوون بە تۆرەكەوە بەهەر هۆكارێك بێت ، پێویست بە سۆفتوێرێكی تایبەت ناكات هەتا پەیوەندیەكەت بۆ دروستبكات بەڵكو ڕاستەوخۆ بەهۆی بوونی كارتێكی وای ماكسەوە پەیوەستبوونەكە سەركەوتوو دەبێت .

پێنجەم : بڕی تێچوون لە دامەزراندن و بڵاوكردنەوەی تۆڕەكەدا زۆر كەمە چونكە پێویست بە ژمارەیەكی زۆر لە ئەنتێنا نیە سەرباری بوونی چەند ئامرازیكی كەم بۆ دروست كردن و وەشاندنی فریكوێنسی ئاماژەپداو بێ ئەوەی لە ڕوی ئەندازەییەوە پێویست بە تیمی زۆر شارەزابكات .

شەشەم : ڕوبەری بڵاوبوونەوەی تۆڕەكە زۆر فراوانە بەجۆرێك لەوانەیە شارۆچكەیەك تەنها یەك ئەنتێنای بەس بێت خۆ ئەگەر پێویستی بەزیاتریشبێت ئەوا پەیوەندیەكی توند و تۆڵ دروست دەبێت لەنێوان ئەنتێناكاندا بۆ بڵاوكردنەوەی خزمەتگوزاریەكە بێ پچران .

حەوتەم : بەشێوەیەك دیزاین كراوە تەنها لەو ڕوبەرەدابیت كە پەخشەكەی تێدا بڵاوكراوەتەوە بەهەر شێوەیەك بێت تۆڕەكەت بە تەواوی پێ دەگات بێ ئەوەی پێویست بكات ڕوت خۆت وەرگێریت یان ئامێری وەرگرتنەكە بگۆڕیت ، واتا هیچ بەربەستێكی ماددی ناتوانێت ڕێگیری لەبڵاوبوونەوەی پەخشەكە بكات .

هەشتەم : دەتوانرێت تۆرەكە تایبەتمەندبكرێت بە ڕوبەرێكی دیاری كراو یاخود دامەزراوەیەكی دیاری كراو كە هیچ كەسێك نەتوانێت پەیوەستبێت پێوەی تەنها ئەو كەسانە نەبێت كە ڕێگایان پێدراوە لە رێگای ئایپیەوە .

چۆن وای ماكس وەردەگیرێت ؟ ئایا دەكرێت لە ڕێگای مۆبایل و لاپتۆپەوە پێوەی پەیوەست بین ؟

تەكنیكی وای ماكس تەكنێكێكی نوێیە بەتەواوی جیاوازە لە وای فای واتا ناكرێت بەهەمان ئامرازی وای فایەكە ئەم تەكنیكە وەربگیرێت و داغڵی تۆڕەكە ببین هەربۆیە ئەگەر مۆبایل بەكاربهێنیت ئەوا دەبێت مۆبایلەكە خاوەنی ئامرازێكی تایبەت بێت بە وەرگرتنی ئەم تۆڕە بەڵام ئەگەر لاپتۆپ بەكاربهێنیت ئەوا ڕاستەوخۆ دەكرێت ئامرازێكی شێوە كارتی بۆ زیاد بكەیت یاخود بەهۆی یو ئێس بیەوە تایبەتمەندیەكە بۆ لاپتۆپەكە زیاد بكەیت ، بەم دواییەش ئامرازێكی شێوە مۆدیۆم بنیات نراوە كە تۆڕەكە وەردەگرێت و دواتریش پەخشی دەكاتەوە لە ڕوبەرێكی دیاری كراودا ئەم كارەش بۆ ناو دەزگایەك یان دامەزراوەیەك یان ماڵێك سوودێكی ئێجگار باشی هەیە سەرباری ئەوەی كەسێك خاوەنی مۆبایلبێت و بیەوێت بەم هێڵەوە پەیوەستبێت ئەوا تاكە ڕێیە بۆی چونكە هەتا ئێستا لە هیچ سمارت فۆنێكدا پارچەیەك نیە بۆ وەرگرتنی تۆڕێكی وای ماكس بەڵام بەشێوەیەکی ئاسایی کۆمپانیا خۆی ئامێرێکی شێوە مۆدیۆم دەدات بە بەژدابوانی کە زۆر بەئاسانی تۆڕەکە وەردەگرێت و هەر لەناو ئەو مۆدیۆمەشدا سیستەمێکی سۆفت ئامادەکراوە کە وا لەبەکارهێنەران دەکات بە تەواوی دەستبگرێت بەسەر توانای هێڵەکەیدا و گەڵێک هۆکاری تریشی تێدا دابین کراوە .

جیاوازی چیە لە نێوان وای فای و وای ماكسدا ؟

یەكەم : خیرایی گواستنەوە لە وای ماكسدا ئێجگار بەرزە بە بەراورد بە وای فای و رووبەری كاری وای ماكس دەگاتە 8000 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشە لەكاتێكدا ڕوبەری كاری (Wi-Fi) تەنها (60) پێیە .

دووەم : لەیەك كاتتدا بەسەدان و هەزاران بەكارهێنەر دەتوانن پەیوەست بن بە سەرچاوەكەوە بێ ئەوەی تووشی خاوبوونەوە ببێت لەگواستنەوەی داتادا لە كاتێكدا وای فای ئەم تایبەتمەندیەی نیەو توشی خاوبوونەوە دەبێت بەهۆی زۆری پەیوەستبوانەوە بە سەرچاوەكەوە .

سێیەم : توانای گواستنەوەتی وای فای لەبەرزترین توانادا گەشتوەتە 54 مێگابت كە نوێتیرین تەكنیكی تێدا بەكارهێنرابێت لە كاتێكدا وای ماكس خێراییەكەی لە ئێستادا گەشتوەتە 1 گێگابت لەچركەیەكدا .

چوارەم : ئەو لەرەلەرەی كە وای ماكس كاری لەسەر دەكات بە دوو پلانە یەكەم 2 تا 11 گێگاهێرتزە و لەدووەم پلانیشدا 10بۆ 66 گێگا هێرتزە ، بەڵام ئەوپەڕی لەرەلەر لە وای فایدا تەنها 5 گێگاهێرتزە .

( ® WiMAX Forum ) چیە ؟ چ پەیوەندیەكی هەیە با تەكنەلۆژیای وایماكسەوە ؟

WiMAX Forum یانەیەكە لەگەڵ سەرهەڵدانی وای ماكسدا بنیات نراوە ، وەك ڕێكخراوێكی قازانج نەویست وایە تەنها كارەكەی ئەوەی كارئاسانی دەكات بۆ بەرەو پیش بردنی سیستەمەكە و مەرج و راسپاردەی پەیوەستبوون بە تۆڕەكەوە ڕێكدەخات ، یانەیە ئەندامەكانی زیاتر ئەوكەسانەیە كەخۆیان لە كۆمپانیای بەرهەم هێنەری وای ماكسەوە بەژدارن هەربۆیە بەپێ ی پێداویستی تۆڕەكە سۆفتوێر یاخود ڕێنمایی باوەڕپێكراو بڵاو دەكەنەوە سەبارەت بە نوێترین تەكنیكی وای ماكس و بەتەواوی زانیاریەكانیان دروست و باوەڕپێكراون ، هەر ئەم یانەیە وەك یەكەیەكی پاڵپشتی بۆ تەكنەلۆژیای وای ماكس لەكاردان و هەنگاوی باشیان ناوە لە پێناو بڵاوكردنەوەو ناساندنی بە بەكارهێنەران ، هەر ئامێرێكی نوێ كە دروست دەكرێت لەسەر تۆڕی وای ماكس چالاك كرابێت ئەوا ئەم یانەوەیە وەك تۆڕێكی پاڵپشتی بەهۆی سۆفتوێری ناساندنەوە كارەكەیان دەست پێدەكات و هەڵدەستن بە شیكاركردنی سۆفتوێرەكەو وەرگرتنی پێدانی متمانە بە بەرهەم هێنەرانی هەتا هیچ زیانێك بە بەكارهێنەران نەگات لە ڕێگای بەكارهێنانی سۆفتوێرەكانەوە كە پەیوەستە بە تۆڕەكەوە .

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

لە دایك بووی ساڵی 1986 م و لە سلێمانی نیشتەجێم بڕوانامەی (Electronics and Computer Maintenance) و ( I C D L ) م بە دەست هێناوە ، لە ئێستاشدا خویندکاری زانستی کۆمپیوتەرم (Computer science) ، لە سەرەتای ساڵی 2002 دا بۆ یەکەم جار کۆمپیوتەرم کڕی و لەو ساڵەوە بە بەردەوامی هاوڕێ ی و هاودەمێکی هەمیشەییە بۆم ، بە ماوەی پچڕ پچڕ لە کاتە جیاوازەکاندا لەگەڵ بوارەکانی ( دیزاین و پرۆگرام سازی و وێپ داڕشتن نووسینی بابەتی ئای تی ) دا سەرقاڵبووم ، وە لە ساڵانی 2009 و 2011 دا لە بواری هاردوێردا کارم کردوە .

Comments are closed.