دروستكردن و بنیات نانی هۆكارێك بۆ بەستنەوەی مرۆڤەكان پێكەوە مێژوێكی دێرینی هەیە كە بەسراوە بە مێژووی مرۆڤەوە و چەندین بیرۆكە بۆ پێكەوە بەستن لە نێوان مرۆڤەكاندا بەكارهاتووە هەر سەردەمێك بۆ سەردەمێكی تر ئەم تەكنیكی پێكەوەو بەستنە گۆڕاوەو بە پێ ی گۆڕانی سەردەم و گەشەكردنی ئاستی زیرەكی مرۆڤەكان جۆر و تەكنیكی پەیوەندی كردنەكە گۆڕاوە ، ئێستا كە ئاستی زیرەكی مرۆڤ گەشتوەتە ڕادەیەك بەشی هەرە زۆری مرۆڤەكان پێكەوە گرێ دراون بە جۆرێك جیهان لە سنورێكی ئێجگار بچوكدایە لە ئاستی پێكەوەبەستندا ، یەكێك لەو هۆكارانەی كە لەسەرەتای بنیات نانیەوە تا ئێستاش بوەتە هاوڕییەكی هەمیشەیی مرۆڤەكان تەلەفۆنە لەو ڕۆژەوە بنیات نراوە تا ئێستا مرۆڤ زیاتر هۆگری دەبێت و زیاتر دەبێتە هاوڕێ ی بەجۆرێك هیچ كەسێك نیە پێویستی بەم ئامێرە نەبێت لە ئێستادا .
مێژووی بنیات نانی ئامێری دەنگ گوێزەرەوە :
زانستی دەنگ زانستێكی كۆنە و زاناو فەیلەسوفی یونانی (فیساگۆرس) لەسەر ئەم زانستە قسەی كردوە و توانیویەتی بۆ یەكەم جار یاسایەكی بیركاری بۆ نۆتە و دەنگەكان دابنێ بە پێ ی لەرەلەرێكی دیاری كراو ، گواستنەوەی دەنگ هەتا سەدەی نۆزدەش بە هچ شێوەیەك بیری لێنەكراوەتەوە بەڵكو بەهۆی ئامێری تەلەگرافەوە دەتوانرا نامەی شێوەی وێنەیی بە سیگناڵی پچر پچڕ بنێررێت و وەربگیرێت و بە پی ی ڕێساو یاسایەكی دیاری كراو لێك بدرێتەوە ئەمەش باشترین هۆكاری گواستنەوەی پەیام بووە ، لە ڕاستیدا هاوسەردەم چەند زانایەك هەوڵی جۆراوجۆریان داوە تا بتوانن ئەو بیرۆكەیە بگەیننە ئەنجام كە دەنگ بەهۆی وایەرەوە بگوازنەوە چونكە لەو كاتەدا كارەكە ئێجگار دژوار بووە لێرەدا دەتوانم ناوی چەندین زانا و كەسایەتی بهێنم كە بەشێوەی جیاواز هەوڵیان داوە لەوبوارەدا تا زانای گەورەی ئەمریكی بە ڕەگەز بەریتانی (ئەلێكساندەر گراھام بێڵ) لە ساڵی (1876) دا توانی ئامێرێك گەشە پێبدات كە گواستنەوەی دەنگی بەهۆی كارۆموگناتیسیەوە ڕێكدەخست ئەم بیرۆكەیە یەكەم جار بوو پێشنیار بكرێت و بە تەواوی گونجاو بوو لەگەڵ زانستی سەردەمدا لە كاتێكدا پێشتر (Electrical telegraph) هەبوو كە كاری گواستنەوەی سیگناڵی بەشێوەی وێنەیی بە ئەنجام دەگەیاند ئەم كە ئامێرەش لە لایەن زانای ئیسپانی (فانسیسكۆ سیلفا) لە ساڵی (1804) گەشەی پێدرابوو بەڵام كارەبایی بوو دواتر و زانای ڕوسی (Paul Schilling) لە ساڵی (1832) دا وای لە ئامێرەكە كردبوو كە گواستنەوەی سیگناڵ بەهۆی كارۆموگناتیسیەوە بێت ، گراهام بێڵیش بیرۆكەی كارەكەی لەم ئامێرەیانەوە وەرگرتووە بەڵام نەك بۆ ناردنی سیگناڵی وێنەیی بەڵكو بۆناردنی دەنگ بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ بە بەكارهێنانی تەكنیكە كارۆموگناتیسیەكە ، لە داهێنانە نوییەكەدا كە (Telephone) ە بە شێوەیەك سەرنج ڕاكێش و بەتوانا بوو بە تەواوی تەلەگراف لەبیركرا و تەلەفۆن شوێنی گرتەوە .
دەنگ چۆن بە تەلەفۆندا دەگوازرێتەوە ؟
ئەو لەرەلەرەی دەنگ كە مرۆڤ دەتوانێت بیبیستێت یاخود دروستی بكات لە نێوان (200 هێرتز) بۆ (4 كیلۆ هێرتز) دایە هەر بۆیە تەلەفۆن كە بنیات نرا كار لەسەر گواستنەوەی دەنگ دەكات لە نێوان (300 هێرتز بۆ 3 كیلۆ هێرتز) هەتا بتوانێت بێ كێشە دەنگەكە بگوازێتەوە ، هەرچەندە تەواو نەتوانراوە ئامانجەكە بپێكێت بەڵام بەڕادەیەك نزیكە لە دەنگە بنەڕەتیەكە كە تا ئێستا نەبوەتە كێشە بۆ مرۆڤ ، ئەگەر دەنگێك لەخوار یاخود لەسەرو ئەو لەرە لەرەوەبێت كە ئاماژەم پێداوە ئەوا پێ ی دەوترێت (out band signal) بێت مرۆڤیش ناتوانێت بەهۆی تەلەفۆنەوە ئەو دەنگانە بنێرێت یان ببیستێت ، هەربۆیە لە كاتی تەلەفۆن كردنیشدا كەمێك دەنگی قسەكەر دەگۆڕێت بەڵام تا ئێستا نەبوەتە كێشە بۆ مرۆڤ .
ئامێری تەلەفون :
ئامێری تەلەفون وەك ئەوەی ئێستا لەبەر چاوە ئامێرێكە لەبنەڕەتدا بۆ گواستنەوەی دەنگ بەكاردێت لە نێوان دوو كەس یان زیاتردا كە هەمان تەكنەلۆژیا بەكاردەهێنن و لەسەر هەمان هێڵن ، بیرۆكەی كارەكەی گواستنەوەی دەنگە بە شیوەیەكی ڕاستەوخۆ لە نێوان دوو ئامێرەكەدا كە بە وایەر پێكەوە بەسراون و بەهۆی ئەو تایبەتمەندیەوە كە ئامێرەكە هەیەتی دەنگ وەردەگرێت و دەیگۆڕێت بۆ سیگناڵێك كە توانای گواستنەوەی هەبێت بە وایەرەكەدا و دواتر لە وەرگرەكەوە كارێك دەكات ئەو سیگناڵە وەرگیراوە دەگۆڕێتەوە بۆ دەنگێك كە بە نزیكەیی هەمان دەنگە بنەرەتیەكەیە و بە تەواوی گوێگر لێ ی تێدەگات ، ووشەی تەلەفون لە بنەڕەتدا یۆنانیە لە دوو بڕگە پێكدێت كە بڕگەی یەكەمی (Tele) بە واتای (لە دوورەوە) دێت و بڕگەی دووەمی (Phone) بە واتای (دەنگ) دێت .
پێكهاتەكانی تەلەفون چین ؟
ئامێری تەلەفون سادەترین ئامێرە كە لەهەر ماڵیكدا هەبێت بەجۆریك تا ئێستا ئامێرێك دروست نەكراوە هێندە سادەبێت و هێندە بە توانابێت ، پێكهاتەی ئامێرەكە تەنها سێ بەش بووە لە سەرەتادا ئەویش وەرگر و نێرەر سویچێك دواتریش پەپكەیەكی ئاراستەكردنی بۆزیادكرا لە ئێستاشدا جگە لەو چوار بەشە سەرەكیە بەهۆی بەئەلیكترۆنی بوونەوە بەدەیان تایبەتمەندی تری بۆ زیاد كراوە كە بووەتە پێكهاتەی گرنگ لە ئامێرەكەدا ، پێكهاتە سەرەكیەكانیش ئەمانەن :
یەكەم (Microphone) : نێرەرێكی دەنگیە كە دەنگی قسەكەر دەگۆڕێت بۆ شەپۆلی كارۆموگناتیسی و پێكهاتەیەكی سادەی هەیە كە تەنها پێكدێت لە وردەی كاربۆنی لەناو پێكهاتەیەكدایە كە یەكێكە لەجەمسەرەكانی وایەرەكەیە و دەجوڵێت هۆكاری جوڵەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ڕوبەرێكی تەنكی بزۆك بەهۆی دەنگەوە كە ناودەبرێت بە (Diaphragm) جەمسەری دووەمی وایەرەكەیە و كاتێك دەنگێك بەرەو ڕووی دێت دەنكە كاربۆنیەكان دەلەرێنێتەوە بەپێ ی بڕی دەنگەكە واتا بەرز و نزمی دەنگەكە و ئەو لەرەیەش دەبێتە زیاد كەم كردنی توانای ئۆمیە وە مامەڵەكردن لەگەڵ زیادكردن و كەم كردنی بڕی بەرگریەكەی ئەمەش وای لێ دەكات ووزەی تێپەڕ بوو زیاد و كەم بكات ئەم زیاد و كەم كردنەش بریتی دەبێت لە شەپۆلە دەنگیەكە .
دووەم (Speaker) : وەرگرێكی دەنگیە بەپیچەوانەی نێرەرەوە ئیش دەكات بەوەی ڕاستەوخۆ شەپۆلی كارۆموگناتیسی دەگۆڕێت بۆ دەنگی مرۆڤ واتا دەنگە نێراوەكە ، هاوشیوەی گوێ ی مرۆڤ تەبڵەیەكی هەیە بەپێ ی دەنگ دەلەرێتەوە ، پێكهاتەكەشی بریتیە لە ناواخنێكی موگناتیسی كە دوو هەڵپێچراوی كانزایی بە پیچەوانەی یەكەوە لەخۆگرتووە كە هەر یەكێكیان جەمسەرێكی وایەرەكەی پێوە پەیوەست كراوە كەلەبەرانبەریدا پێكهاتەیەك هەیە پێ ی دەوترێت (Armature) كە لەكاتی پێ گەشتنی دەنگەكەدا تەشویش ناهێڵێت و كارێك دەكات دەنگەكە با پاكژی بگاتە گوێ لە ناویشدا هەردوو وایەرەكە دراون لەیەك .
سێیەم (Hook switch) : سویچێكەش كە ڕێ بە دروستكردنی پەیوەندیەكە دەدات یاخود ڕای دەگرێت تەنها بە بەرزكردنەوەی یاخود دانانەوەی هاندەكە ، جگە لەوەش بە بەرزكردنەوەی هاندەكە ئەو زەنگە ئاگاداركردنەوەش دەبرێت كەلەهەموو ئامێرێكی تەلەفوندا پەیوەستكراوە بە هاندەكەوە ، ئەم سویچەش پاش ماوەیەكی كەم لە داهێنانی تەلەفون لەلایەن زانای هەنگاری (Tivadar Puskás) لە ساڵی 1892 دا بۆی زیاد كرد و كردی بە دەروازەیەك بۆ چونە ناو تۆڕەكە یاخود پچڕاندنی تۆڕەكە .
چوارەم (Frequency Generator) : پێكهاتەیەكی بنەڕەتە لە تەلەفۆنداو بۆ كاری پەیوەست بوون لەسەرەتادا (Rotary) بوو كە بازنەیەكی پێوانەكراوە ژمارەكان بەسوڕاندنی ئەو بازنەیە داغڵ دەكرا و بۆ دەست نیشانكردن و ئاراستەكەردنی پەیوەندیەكە تەنها ڕێگا بوو بەڵام ئێستا بوو بە (Buttonn) دوگمەی ژمارەكان كە بۆردێكە كە لە دوگمە پێكهاتووە بۆ جیبەجێكردنی دەست نیشانكردنی لەرەلەرێك كە ئێمە بە داغڵكردنی ژمارەیەكی دیاری كراو جێ بەجێ ی دەكەین .
پێنجەم (Hybrid coil) : سێ هەڵپێچراون لەسەر سێ ناواخنی جیاواز كە كاریگەریەكی ئێجگار گەورەیان هەیە لە ئامێری تەلەفۆندا بەوەی ڕێ دەدات بە بەكارهێنەر لەیەك كاتتدا قسەبكات و گوێشی لە قسە بێت واتا (Full duplex) ە ، ئەم پێكهاتەیە هەر بە بواری كارۆموگناتیسی كاردەكات و هەردوو هێڵی هاتوو ڕۆشتووی تێدا كۆدەكرێتەوە و دەكەویتە نێوان وەرگر و نێرەرەوە ، كاتێك ئەم پێكهاتەیە بوونی نەبێت ئەوا دەنگی قسەكەر ڕاستەوخۆ دەگەڕیتەوە بۆ گوێ ی خۆی ناهێلیت دەنگی بەرانبەر بگات پێت .
شەشەم (Ringer) : پێكهاتەیەكی ترە لە تەلەفۆندا كە لەڕاستیدا گرنگیەكی تایبەتی هەیە بەڵام پێكهاتەیەكی سەرەكیش نیە ئەویش زەنگ لێدەرێكە كە بازنەیەكی كارەبایی سادەی هەیەو بە تەزوێكی كەمی (ACC) چالاك دەبێت لە كاتێكدا كە كەسێك ئەو ژمارەیەی تۆی داخڵ كردبێت بێگومان ژمارەكەش لەرەلەرێكە كە زەنگەكەی لەسەر چالاك دەبێت و بەهەڵگرتنی هاندەكە كۆتایی دێت .
مێژووی تەلەفۆن جۆرەكانی :
لە ساڵی (1876)دا زانا (گراهام بێڵ) لە ئەمریكا داوای كرد ئەستۆپاكی داهێنانی پێ ببەخشرێت بەرامبەر ئەو ئامێرەی كە دایهێناوە و سەرەتا ناوی نابوو (Talking Telegraph) كەدواتر ناوەكەی گۆڕی بۆ تەلەفۆن ، بێگومان ئەستۆپاكی وەرگرت و بوو بە خاوەنی ئەو داهێنانە و لە ساڵی (1877) دا كۆمپانیایەكی دامەزراند بۆ ئەو بوارە بە ناوی (Bell Telephone Company) و سیستەمێكی پەڕەپێدا بە ناوی (Bell System) لەساڵی (1889) دا بۆیەكەم جار تەلەفۆنی لەناوكۆشكی سپیدا جێگیركرد و دواتر هەموو ئەمریكا و بەشێك لە كەنەدای بەو سیستەمە پێكەوە گرێدا ، كۆمپانیاكەی ئێستاش بە ناوی كۆمپانیای (AT&T) ناوبانگی دەركردوەو گەورەترین كۆمپانیای گەیاندنە لە سەرتاسەری جیهاندا و تا ئێستا چەندین داهێنانی ناوازەی پێشكەش بەمرۆڤایەتی كردوە لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كۆمپانیاكە تا ساڵی (19700) سێ جۆری زۆر دیار و بەرچاوی لە تەلەفۆنی جێگیر دروستكردوە و پێكهاتەكانی تەلەفۆنەكەش بە پێ ی سەردەم گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە بەجۆریك لە هەر جۆرێكیاندا زیاد لە داهێنەرێك بیرۆكەكەیان تێدا جێگا كردوەتەوە جۆرەكانیش وەك :
تەلەفون لە جۆری (Candlestick) :
ئەمە یەكەم جۆری تەلەفونە كەلەسەر مێزێك دادەنرێت و وەرگر و نێرەرە هەر یەكەیان دوو پێكهاتەی جیاوازن و نێرەرەكە جێگیرە و لەبەردەم قسەكەردا دادەنرێت بەڵام وەرگرەكە بە ویستی بەكارهێنەر دەجوڵێنرێن دەنرێت بەگوێ وە و لەسەر سویچەكە دادەنرێتەوە كاتێك پەیوەندیەكە كۆتایی دێت و كاتیكیش دوای زەنگ لێدان بۆ گرێدانی پەیوەندیەكە لەسەر سویچەكە هەڵدەگیرا و بەگوێ وە دەنرێت و ئەویش شێوە هاندێكە و لەسەر توڵێكە وەك (شوێنی مۆم) وایە لەسەر مێزێك دانراوە كە لە بنەكەكەشیدا بازنەیەكی پیوانەكراو دانراوە بۆ داخڵكردنی ژمارەی كەسی بەرانبەرە و لە لایەن (Almon Brown) وە لە ساڵی (1891) وە داهێنرا ، ئەم جۆرە لە تەلەفون بەشێوەیەكی گشتی لە ساڵی (1890 وە هەتا 1940) باو بووە .
تەلەفون جۆری (Rotary dial) :
پاش ئەوەی كۆمپانیاكان دەستیان كرد بە بەرهەم هێنانی ئامێری تەلەفون لە ساڵی (1930) بەدواوە جۆری یەكەم لە تەلەفون بەتەواوی وازیان لەبەرهەم هێنانی هێنا و هەردوو پێكهاتەی (Speaker) و (Microphone) كران بە یەك و (Handset) دروستكرا و لەسەر سویچەكە دادەنراو بەرز دەكرایەوە كە بازنە بزۆكە پێوانەكراوەكەی (Rotary dial) لەسەر بوو بەم كارەش ئامێری تەلەفون بچوك كرایەوە ، ئەم شێوە لە تەلەفون ماوەیەكی زۆری نەخایاند و بەهۆی گلەیی كردنی بەكارهێنەران لە بەكارهێنانی پەنجەیان و سوڕاندنی بازنە بزۆكەكە ئەوا تەكنیكی (Push-button) هاتە كایەوە .
تەلەفونی جۆری (Push-button) :
ئەم جۆرە لە تەلەفون لە ساڵی (1963) بۆ یەكەم جار كۆمپانیای (AT&T) وە خرایە بەردەست بەكارهێنەران كیبۆردی تایبەتی (DTMF) بەكارهێنا كە كورتكراوەیەكە بۆ (Dual-tone multi-frequency signaling) و ستانداردێكی جیهانیە و لە سفر بۆ نۆ لەگەڵ دوو دوگمەی تردا (ئەستێرە و هاش) بەشێوەیەكی ستاندارد جێگیركراون و بە تەواوی بووە جێگای گرنگی پێدانی بەكارهێنەران بەهۆی ئاسانی لەبەكارهێنان و خێرایی لە جێبەجێكردندا سەرباری ئەوەی ژمارەكان هەر یەكەیان پێناسەیەك بوو بۆ لەرەلەرێكی دیاری كراو ، بەڵام لەم جۆرە تەلەفونەشدا شێوە كلاسیكیەكەی تەلەفۆنی (Rotary) هەر وەك خۆی مایەوە لەگەڵ بەكارهێنانی ڕەنگە جۆربەجۆرەكان .
تۆڕی تەلەفۆن چۆن دامەزراوە و لەسەر چ بنەمایەك كار دەكات ؟
تەلەفۆن تەنها لە بنەڕەتتدا بەهۆی (Cable) دەگوازرێتەوە ئەم كارەش تا ئێستا هەمان تەكنیكە و تاكە دڵنیاكەرەوەیە كە بەردەوام لەسەر هێڵی گەرم بمێنیتەوە ، تۆڕی تەلەفۆن بە خزمەتگوزاری جیهانی PSTN)) كە كورتكراوەی (Public Switched Telephone Network) لەكاردایە ڕابەرایەتی تۆڕی پەیوەندی تەلەفۆنی ((CSP كە كورتكراوەی (Communications Service Provider) جێبەجێكاری سەرەكی داڕشتنی ستانداردە نێودەوڵەتیەكانە ئەمەش كۆمپانیایەكە كەسەرەتا لە ساڵی (1880) دا لە لایەن سێ كەسەوە بنیات نراوە هەردوو زانای گەورەی جیهانی (گراهام بێڵ) و (تۆماس ئەدیسۆن) و هەروەها كەسێك ترە بەناوی (Allen Gower) كە لەساڵی (1885) دا كۆچی دوایی كردوە ، ئێستا لە هەموو شوێنێكی دنیادا هاوشێوەی هەیە بۆ دابین كردنی هێڵی تەلەفۆن ، وە هێڵی تەلەفۆن هاوشێوەی تۆڕی ئینتەرنێتە كەڕێ دەدات بەسەدان و هەزاران ئامێری تەلەفۆن لەسەر بنەمای سویچین پێوەی پەیوەست بن ، ئەم تەكنیكە بە هیچ شێوەیەك شیاوی گۆڕانكاری نیە تەنانەت پاش دامەزراندنی چەندین تەكنیكی هەوایی و بێ تەل بەڵام لە كۆتاییدا دەبێت پەنا ببرێتەوە بە هێڵی وایەر هەتا بەمسۆگەری و بەو پەڕی خێراییەوە بگوازرێتەوە ، ئەم تۆڕە لەبنەڕەتتدا بەهۆی تەكنیكی گواستنەوەی ووزە بەشێوەی لەرەلەری ئەنەلۆگی كاردەكات و پاش دروست بوونی ترانزستەر و بەرهەم هێنانی تەكنیكی دیجتاڵی ئیتر تۆڕەكە وردە وردە گەشەكردنی بەخۆوە بینی بە تایبەتی پاش ساڵی (1960) لەڕوی تۆڕەوە گەورەترین گۆڕانكاری هاتە كایەوە و ڕوبەری پێكەوە بەستن و ئازادی لە بەكارهێنانیدا سنورە نێودەوڵەتیەكانی تێپەڕاند ، خۆی لە بنەڕەتدا دامەزراندنی هێڵێكی تەلەفۆن لە سنورێكی دیاریكراودا كارێكی ئاسانە و هەر كەسێك لە ماڵی خۆشیدا دەتوانێت ئەم كارە بكات بە تەنها بەستنەوەی دوو ئامێری تەلەفۆن كردن پێكەوە و بوونی سەرچاوەیەكی شەش تا دوانزە فۆڵتی (DC) بە توانای سی میلی ئەمپێری یاخود بە پێ ی ئەو ئامێرەی كە تۆ بەكاری دەهێنیت كە لەوانەیە خۆی شوێنی تایبەت بە ووزەی هەبێت و كارەكە بەو پەڕی ئاسانیە بەڕێ دەكرێت ، كاتێكیش لە نێوان هەردوو ئامێرەكەدا بەرگریەكی (300) بۆ (400) ئۆمی دەبەسرێت ، بەڵام ئەگەر بتەوێت پەیوەست بیت بە تۆڕە گشتیەكەوە ئەوكاتە چی بكەین ؟
لە هەموو جیهاندا كۆمپانیایەكی نیشتمانی هەڵدەستێت بە دابین كردنی ئەو هێڵە نیشتمانیە بە بڕێكی كەمی تێچوون هەر كەسێك دەتوانێت پەیوەست بێت پێیەوە ، بە بەژداری كردنی هەر كەسێك دەبێتە خاوەنی ناسنامەیەك كە هیچ كەسێكی تر ئەو نازنامەی نیە و دووبارە نابێتەوە ، ئایا ئەم ناسنامەیە چیە ؟
ئەم ناسنامەیە بریتیە لە چەند ژمارەیەك كە لە نێوان (0 تا 9) دایە و هەر یەكێك لە ژمارەكان تایبەت كراوە بە شتێك بۆ نمونە ژمارەی یەكەم دووەم و سێیەم هێمای ئەو شارەیە تێیدا دەژیت و ژمارەی دووەم ژمارەی ئەو بەشەی شارەكەیە بۆ نمونە ڕۆژهەڵات یان ڕۆژئاوا و ژمارەی دواتر ژمارەی كۆڵانەكەتانە هەتا دوا ژمارە كە پێناسەیەك دەبێت بۆ خودی هێلەكەی تۆ ، ئەم ژمارەیەش بە هیچ شێوەیەك دووبارە نابێتەوە و لە هەر شوێنێكەوە ئەو ناسنامەیە لێ بدرێت ڕاستەوخۆ پەیوەندیەكە گرێ دەدرێت ، لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە ئایا چۆن ئەم هەموو ژمارەیە تێكەڵ نابن ؟
لە ڕاستیدا ژمارەكان لەبەر ئەوەی دووبارە نابنەوە كەواتە هەموو هێڵێك بۆ بەكارهێنان خاوەنی لەرەلەرێكی خۆیەتی بە لێكدانی ئەو ژمارانە لەیەكتر كە ژمارەی تەلەفۆنەكەتە ژمارەی ئەو لەرەلەرەت دەست دەكەوێت كە ئامێرەكەی تۆی پێ دەناسرێتەوەو هەر ئەو لەرەلەرەش كەتۆ پێت وایە ژمارەیەكە بۆ تەلەفۆنەكەت ، لەڕاستیدا ئەو ژمارەیە پێناسەیەكە بۆ كاركردنی هێڵەكەت .
هێڵی تەلەفۆن كاتێك دەگات پێت بەدوو وایەر دێت و ڕاستەوخۆ بە ئامێرەكەوە دەبەسرێت لەوانەیە لە دووری سەد مەترێك زیاتر یان كەمتر بۆكسێك هەبێت كە وایەرەكانی تۆی پێوە پەیوەست كراوە هەر لەم بۆكسەوە كاری جیاكردنەوە بۆ هێڵەكان دەستەبەركراوەو هەركەسەو خاوەنی هێڵێكی تایبەتە تا دەگاتە گۆڕێنەری ناوەندی ، ئەو دەنگەی تۆ دەینێریت و ئەو دەنگەی وەری دەگریت بەهۆی وایەرەكەوە بەسراویشە بە پێكاتەیەكەوە بەناوی (Digital Contractor) كە كاری سویچین دەكات ، كاری سویچینیش لەسەرەتای بەرهەم هێنانی تەلەفۆندا دەبوایە كارمەندێك ئەو كارەت بۆ ڕێك بخات بەڵام بەپێ ی كات ئەو تەكنیكە بوو بە ئۆتۆماتیك و لە ئێستادا خودكاری ئاراستەی ئەو ژمارەیە دەكرێیت كە مەبەستە پێوەی پەیوەست بیت .
گرنگترین ئەو گۆڕانكاریانەی كەلەنێوان نەوە سەرەتاییەكان و نوێیەكانی تەلەفوندا ڕویداوە ؟
یەكەم : لە تەلەفونە سەرەتاییەكاندا گەورەترین كێشە گەڕاندنەوەی دەنگی قسەكەر بوو بۆ گوێ ی خۆی كاتێك قسەی دەكرد ، بەڵام لە تەلەفۆنە نوێیەكانی دواتردا ئەم كێشەیە چآرەسەر كرا بەهۆی دانانی كۆیلێكەوە (Duplex Coil) و چیتر دەنگ نەدەگەڕایەوە بۆ گوێ ی قسەكەرەكە ، لە تەلەفۆنە نوێیەكانیشدا بەهۆی دانانی تەنها (bridge ) یان (Chip) یاخود تەنها (IC) ی بچوكەوە كەلە پێكهاتەی وردی ئەلیكترۆنیدایە كێشەكە بەتەواوی بنبڕكراوە .
دووەم : لە تەلەفۆنە سەرەتاییەكاندا كاتێك بەكارهێنەر بیویستایە پەیوەندیەك ئەنجام بدات ئەوا بە بەرز كردنەوەی ئەو پێكهاتەی كە دەنگی دەگواستەوە گڵۆپێك لە بدالە (گۆڕێنەر) دادەگیرسا كە ناوەندێك بوو بەناوی (Telephone exchangee) و كارمەندێك دەبوایە بهاتایەتە سەرهێڵ لەگەڵ تۆدا و تۆش داوای ژمارەیەكی دیاریكراوت دەكرد و ئەویش تۆی بەهۆی بوونی چەندین شوێنی لێدانی وایەرەوە ئاراستەی داواكراوەكە دەكرد ، بەڵام لە ئێستادا ئەو كارە خودكاریە و هیچ كەسیك نیە لەنێوان تۆ و داواكراوەكەدا ، بەڵكو ئۆتۆماتیكی بەهۆی دەزگایەكی ناوەندی ئەلیكترۆنی گەورەوە خۆكارانە ئاراستەی ئەو ژمارەیە دەكرێیت كە داوات كردوە .
سێیەم : گواستنەوەی شەپۆلەكان بە سیستەمی ئەنەلۆگ و بەجۆرێك لە (Cable) دا دەگوازرانەوە كە ئێستا كەمترین بەكارهێنانی هەیە چونكە توانای گواستنەوەی داتای تێدا سنورداربوو ، بەڵام لە تەكنیكی نوێدا هێڵێكی تایبەت بۆ ماڵان تا وێزگە بچوكەكان بەكاردێت و لەوێشەوە بۆ وێزگە گەورەكان جۆرێك لە كەیبڵی فرەتاڵ بەكاردێت و لە كۆتاییدا بە هێڵی تیشكی (Fiber Optic) و تەكنەلۆژیایی دیجتاڵی هەموو جیهانی پێكەوە گرێ دراوە وە ئەو سیستەمەی بەكاردەهێنرێت بۆ گواستنەوەی داتاكەو بە تەواوی دیجیتاڵیە و پشت لە گواستنەوەی شەپۆلی ئەنەلۆگ كراوە .
چوارەم : لەكاتی بە ئامانج گرتنی ژمارەیەكدا لە ئامێرە كۆنەكاندا بە پەنجەیەك پەپكە بزۆكەكە دەگەڕێنرا هەتا ژمارەی مەبەست و دواتر دەستی لێ هەڵدەگیرا دەگەڕایەوە شوێنەكەی خۆی ، ئەم كارە تەنها 10 هێرتز لەرەلەری ئاراستە دەكرد و كارەكە تا رادەیەك ورد نەبوو وە تەنها لە ژمارە (0 تا 9) دەكرا بەئامانج بگیرێت و پێ ی دەوترا (Pulse dialing) ، بەڵام لە تەكنیكە نوێیەكەدا كە بە (Touch-tone dialing) ناودەبرێت دەتوانرێت تەنها لەسەر یەك دوگمە دوولەرەلەری جیاواز ئاراستە بكرێت بەتەنها یەك جار دەست داگرتن لەسەری .
تێبینی : لە ڕۆژی یانزەی مانگی شەشی ساڵی (2002) دا كۆنگرێسی ئەمریكی بڕیاریدا شەرەفی داهێنانی تەلەفۆن ببەخشێتە كەسێكی بەڕەگەز ئیتاڵی بەناوی (ئەنتۆنیۆ میوچی) كە لە ساڵی (18899) داو لە تەمەنی هەشتاویەك ساڵیدا كۆچی دوایی كردوە ، گوایا ئەم كەسە بە بەراورد بە (ئەلێكساندەر گراھام بێڵ) بیست ساڵ پێشتر ئەم داهێنانەی كردوە بەڵام بەهۆی كەم دەرامەتیەوە نەیتوانیوە بیخاتە بەرچاو .
سەرچاوەکان :
- https://en.wikipedia.org/wiki/Telephone
- http://antiquetelephonehistory.com/blog.php
- https://en.wikipedia.org/wiki/Candlestick_telephone
- https://en.wikipedia.org/wiki/Push-button_telephone
- https://en.wikipedia.org/wiki/Alexander_Graham_Bell
- http://www2.iath.virginia.edu/albell/introduction.html
- https://en.wikipedia.org/wiki/Bell_Telephone_Company
- https://en.wikipedia.org/wiki/History_of_the_telephone
- http://searchnetworking.techtarget.com/definition/PSTN
- http://www.tkk.fi/Misc/Electronics/circuits/telephone_ringer/
- http://electronics.howstuffworks.com/cordless-telephone.htm
- http://inventors.about.com/od/bstartinventors/a/telephone.htm
- http://www.moultonco.com/new/semnotes/telecomm/tlfpics.htm
- http://bgr.com/2013/12/13/telephone-timeline-a-brief-history-of-the-phone/
- https://www.youtube.com/watch?v=LMuwIBez-kM
- https://www.youtube.com/watch?v=76HGIJivWNs
- https://www.youtube.com/watch?v=OWPwgDd9_UA
بەشێکی تر لە سەرچاوەکان بە عەرەبی و فارسی بوون کە لێرەدا ئاماژەم پێ نەکردوە لە چونکە ئەوانیش خۆیان لەسەرچاوە بنەڕەتیەکەوە وەریان گێڕاوە کە بە ئینگلیزی و ئەلمانیە ، هەر بۆیە سەرچاوە عەرەبی و فارسیەکان سودەکەی وەک وەرگێرانە نەک پێناسەیەکی زانستی و ئاکادیمی .