له‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو کۆمپانیای سامسۆنگ هه‌ردوو به‌رهه‌مه‌ نوێیه‌که‌ی ( +Galaxy S8/S8 ) له‌ وڵاتی کۆریای باشوور به‌رده‌ست کرد بۆ کڕینی پێشوه‌خت، ئه‌وه‌ی مایه‌ی دڵخۆشیه‌ بۆ کۆمپانیاکه‌ و هه‌وادارانی ئه‌وه‌یه‌ که‌ دوو مۆبایله‌که‌ ڕیکۆردی پێشووی کۆمپانیاکه‌یان شکاند له‌ ڕووی زۆرترین فرۆشه‌وه‌ له‌ که‌مترین کاتدا و، ته‌نها له‌ ماوه‌ی 2 ڕۆژدا زیاتر له‌ 550 هه‌زار دانه‌یان لێ فرۆشرا!

ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ ساڵی ڕابردوو نه‌وه‌ی پێشووی گالاکسی له‌ زنجیره‌ی S که‌ ( گالاکسی  S7/S7 Edge )ـن، زۆربه‌ی بازاڕه‌کانی ئه‌وروپا و ئاسیا و ئه‌مریکایان ڕاماڵی به‌ زۆری فرۆشه‌کانیان، به‌ڵام ئه‌م دووه‌ له‌ 2 ڕۆژی سه‌ره‌تای به‌رده‌ست کردنیان بۆ کڕینی پێشوه‌خت ته‌نها 100 هه‌زار دانه‌یان لێ فرۆشرا.

پاش ئه‌وه‌ له‌ مانگی 10 ی ساڵی 2016، کاتێك ( گالاکسی Note 7 ) که‌ به‌رده‌ست کرا بۆ کڕینی پێشوه‌خت، توانی ڕیکۆردی ( S7/S7 Edge ) بشکێنێت و له‌ دوو ڕۆژی سه‌ره‌تادا 200 هه‌زار دانه‌ی لێ فرۆشرا، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ دواتر بارودۆخه‌که‌ گۆڕا و سامسۆنگ له‌م قازانجه‌ بێ به‌ش بوو، ته‌نانه‌ت به‌ زه‌ره‌رێکی گه‌وره‌ به‌سه‌ریدا شکایه‌وه‌، چونکه‌ ده‌رکه‌وت که‌ به‌شێك له‌ ( Note 7 )ـه‌کان کێشه‌ له‌ باتریه‌کانیاندا هه‌یه‌ و مه‌ترسی ته‌قینه‌وه‌یان لێ ده‌کرێت له‌کاتی بارگاوی کردنه‌وه‌دا، بۆیه‌ کۆمپانیاکه‌ ناچار بوو ته‌واوی یه‌که‌کانی ( Note 7 ) که‌ خرابوونه‌ به‌رده‌ستی به‌کارهێنه‌ران بکێشێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ جاری یه‌که‌مدا مۆبایله‌کانی کشانده‌وه‌ و دووباره‌ خستیه‌وه‌ بازاڕه‌وه‌ و پێی وابوو که‌ کێشه‌که‌ی چاره‌سه‌ر کردووه‌، به‌ڵام ده‌رکه‌وت که‌ هێشتا کێشه‌که‌ به‌ته‌واوی بنه‌بڕ نه‌کراوه‌ و چه‌ند حاڵه‌تێکی ته‌قینه‌وه‌ی تر ڕوویاندا، بۆیه‌ کۆمپانیا ناچار بوو به‌ یه‌کجاری ( Note 7 ) له‌ بازاڕه‌کاندا بکێشێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش زیانێکی دارایی گه‌وره‌ی له‌ کۆمانیاکه‌ دا که‌ به‌ نزیکه‌ی 17 ملیار دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌کرێت.

سامسۆنگ بۆ قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ی زیانه‌ داراییه‌کانی پشتی به‌ ( +S8/S8 ) به‌ست، که‌ هه‌ر له‌ دوو ڕۆژی سه‌ره‌تادا هیوایه‌کی گه‌وره‌یان به‌ سامسۆنگ به‌خشی بۆ کردنی قازانجێکی خه‌یاڵی له‌م دوو به‌رهه‌مه‌، چونکه‌ ڕیکۆردی زۆرترین فرۆشی کۆمپانیاکه‌ی له‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژدا شکاند به‌ فرۆشتنی زیاتر له‌ 550 هه‌زار دانه‌، که‌ ئه‌مه‌ش سێ هێنده‌ و نیوی له‌ ڕیکۆردی پێشوو زیاتره‌ که‌ 200 هه‌زار دانه‌ بوو.

به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م ئاماره‌ دڵخۆشکه‌ره‌ش، هێشتا پێویسته‌ چاوه‌ڕێی داواکاریه‌کان له‌ وڵاتانی دیکه‌ بکه‌ین، به‌ تایبه‌تی له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، که‌ بازاڕێکی گه‌وره‌ی ساغ کردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی سامسۆنگه‌، هه‌روه‌ها ئه‌م دوو به‌رهه‌مه‌ نوێیه‌، له‌ دوو به‌رهه‌می پێش خۆیان ( Galaxy S7/S7 Edge ) گرانبه‌هاترن، که‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌مه‌ کار له‌ ڕێژه‌ی فرۆشتنیان بکات، هه‌روه‌ها بوونی چه‌ند مۆبایلێکی دیکه‌ که‌ به‌ ڕکابه‌ری ( +S8/S8 ) داده‌نرێن، وه‌کو : ( LG G6 , Sony Xperia XZ Premium , HTC U Ultra, Huawei P10/P10 Plus )، که‌ کۆمه‌ڵێك مۆبایلی ئاست به‌رزن و ده‌شێت کار له‌ ڕێژه‌ی فرۆشتنی ( +S8/S8 ) بکه‌ن، بۆیه‌ هیچ گه‌ره‌نتیه‌ك نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ پێمان وابێت سامسۆنگ ئه‌مساڵیش هاوشێوه‌ی ساڵانی ڕابردوو گه‌وره‌ترین به‌شی بازاڕی مۆبایله‌هۆشمه‌نده‌کان داگیر ده‌کات.

Galaxy S8+ & S8

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

من لێرەم بۆ ئاڵوگۆڕ کردنی زانیاریەکانمان لە نێوان من و ئێوەدا، بەڵکو بتوانین سوودێکی بچووك بە یەکتر بگەیەنین.

Comments are closed.