ئارەزوو لە دەوام گەڕایەوە، رۆژێكی ساردبوو، بەڵام بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەكەی ئەحمەدی هاوژینی، هەواڵی گەرمی نێو خزم و كەسوكاری بوو. ئەحمەدی تەمەن 42 ساڵ، كە 16 ساڵە لەگەڵ ئارەزوو هاوژینن، كەوتووەتە داوی باندێكی مەغریبی كە خۆیان بە لەشفرۆش بە ئەحمەد ناساندبوو. ئەحمەد رازی نەبوو بچێتە ژێر باری داواكاریی باندە مەغریبییەكە، بۆیە ئەوانیش گرتەی رووتی ئەحمەدیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردەوە.

باندێك كە خۆیان وەك مەغریبی ناساندووە و نوێنەریشیان لە هەرێمی كوردستان هەیە لەڕێگەی چەند كچێكی لەشفرۆشەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، چەندین كەسایەتی و بازرگان و بەرپرسیان لەخشتە بردووە، بەبێ ئاگاداریی خۆیان وێنەیان دەگرن، دواتریش هەڕەشەی بڵاوكردنەوەیان لێدەكەن، ئەگەر پارەیان بۆ نەنێرن. هەندێك لەو كەسانەش لەپێناوی لەكەدارنەبوونی كەسایەتی خۆیان، تاوەکو ئێستا بە سەتان هەزار دۆلاریان داوەتە باندەكە.

ئارەزوو شۆك بوو بە بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی هاوژینەكەی، بەڵام هێشتا متمانەی بە ئەحمەد هەیە. ئارەزوو بە (رووداو)ی گوت “ئێستاش باوەڕ ناكەم، چونكە خەڵك دەستی بە سینگییەوە دەگرت كە ئەحمەد سڵاوی لێدەكردن، ئەو پیاوێكی زۆر بەڕەوشتە”.

ئەحمەد یەكێكە لەو دەیان پیاوەی كە بەهۆی تەكنەلۆژیاوە تووشی گرفت بووە. ئارەزووی هاوژینی، باسی چۆنیەتی پێوەبوونی هاوژینەكەی بە تۆڕی ئەو باندەوە دەكات و دەڵێت “ئەحمەد بۆیگێڕامەوە كەسێك لە فەیسبووك داوای هاوڕێیەتی لێكردم، منیش قبوڵمكرد، پاش چەند رۆژێك داوایكرد ڤیدیۆ بكەمەوە، بەڵام كاتێك ڤیدیۆكە كرایەوە، كچێكی جوان و وروژێنەرم بینی، هەڵیخەڵەتاندم”.

وەك ئارەزوو باسیدەكات دوای چەند رۆژێك كەسێك لەڕێگەی فەیسبووكەوە پەیوەندی بە ئەحمەدەوە دەكات و پێیدەڵێت “من پیاوم، خاوەنی كۆمەڵە كچێكم و ئەو كارانەیان پێدەكەم، ئێستا تۆش كەوتیتە ئەم تەڵەیە، گرتەی ڤیدیۆیی تۆم گرتووە، بۆیە ئەگەر هەزار دۆلار بۆ ناونیشانەكەم نەنێری، گرتەكەت بڵاودەكەمەوە. دواتر پارەكەی بۆ دوو هەزار دۆلار لەسەر زیاد كرد”.

ئەحمەد، ئارەزوو لەو رووداوە ئاگادار دەكاتەوە، بە گوتەی ئارەزوو “كاتێك ئەمە بەسەر هاوژینەكەمدا هات، ئەو ئاگاداری كردمەوە ئەو كەسەی لە فەیسبووك وەریگرتووە پیاو بووە و وامزانیوە كە دەمناسێت، بەڵام ژن دەرچووە، دواتر منیش وەك هەر مرۆڤێكی دیكە كەوتوومەتە هەڵە”.

ئارەزوو ناشیشارێتەوە كە ئەحمەد دەیەویست ئۆتۆمبێلەكەی بفرۆشێت، چونكە رۆژ لەدوای رۆژ ئەو كەسە پارەكەی لەسەر زیاددەكرد “بەڵام من نەمهێشت ئۆتۆمبێلەكەی بفرۆشێت، چونكە دەمزانی ئەگەر ئەو پارەیە بدات یان نەدات ئەو كەسە گرتەكە هەر بڵاودەكاتەوە”.

هاوژینەكەی ئەحمەد دەشڵێت “لەو رۆژەوەی گرتەی ڤیدیۆیی هاوژینەكەم بڵاوبووەتەوە، هەمووان دەیانەوێت گرتەكە ببینم، بەڵام هەرگیز سەیری ناكەم، ئەویش لەبەر خاتری دوو منداڵەكەم، نامەوێت ژیانیشمان بەهۆی گرتەیەكی ڤیدیۆییەوە تێكبچێت”.

چەند جارێك هەوڵی خۆكوشتنی داوە

ئارەزوو كە ئێستا لە ئەحمەد خۆشبووە دەڵێت “بە ئەحمەدم گوتووە لەبەر خاتری خودا و منداڵەكان لێت خۆشدەبم، هاوژینەكەشم دوای ئەو رووداوە زۆر پەشیمانە و بەردەوام داوای لێخۆشبوون لە خودا دەكات”.
هاوژینی ئەحمەد دەشڵێت ئێستا بەهیچ شێوەیەك ناوێرین ئەحمەد بەتەنیا بەجێبهێڵین، چونكە چەند جارێك هەوڵی خۆكوشتنی داوە. ئەم ژنە داوا لە حكومەت دەكات، سانسۆرێك لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ماڵپەڕەكان دابنێ، “تاوەکو هەزارەها خێزانی كورد لێکنەترازاون”.

50 هەزار دۆلاری داوەتە باندەكە

شیروان، گەنجێكی تەمەن 33 ساڵە و سەڵتە. یەكێكی دیكەیە لە قوربانییانی ئەو جۆرە باندانە. شیروان هەشت مانگ لەمەوبەر كەوتووەتە داوی باندێكی لەشفرۆشی، كە ئامانجیان پەیداكردنی پارەیە. وەك خۆی دەڵێت “بۆ شەهوەتێكی كاتی، پەنجا هەزار دۆلارم دانا”.

شیروان زیاتر لە 10 ساڵە پاسەوانی بەرپرسێكی هەرێمی كوردستانە، بە مووچەكەی توانیبووی خانووێك بكڕێت، ئەو بە نیازبوو كاتێك ساڵێك بەسەر مردنی باوكی تێدەپەڕێ،‌ ژن بێنێ‌، بەڵام دەكەوێتە داوی ئەو باندە و ناچاردەبێ‌ خانووەكەی بفرۆشێ‌.

شیروان باسی ئەو شەوە دەكات كە هەڵخەڵەتێنراوە “هاوڕێیەكم پێشتر ناونیشانی پەیجێكی فەیسبووكی بۆ ناردبووم، گوتی ئەم پەیجە راستە و دەتوانی لەگەڵ كام كچی جوانە قسە بكەیت، منیش حەزم لێبوو، كاژێر یەكی نیوەشەو بوو، لە ماڵەوە بووم، لایكی پەیجەكەم كرد، دوای 20 خولەك لە پەیجەكەوە نامەیەكم بۆ هات، بە عەرەبی نووسرابوو حەز دەكەی بمبینی، منیش عەرەبی نازانم، بۆیە نووسیم (نعم بالكوردی)، پەیجەكە بەناوی (لیال أحمد) بوو، دواتر بە نامە پێیگووتم ڤیدیۆ بكەرەوە و تەلەفۆنی بۆ كردم، ئیدی هەموو شتێك روویدا”.

شیروان نایشارێتەوە كە كچێكی زۆر جوان قسەی لەگەڵ كردووە “كچەكە گوتی خەڵكی مەغریبم و تەمەنم 15 ساڵانە، ئەوەندە جوان بوو ئامادەبووم هەموو شەوێك تەلەفۆنی بۆ بكەم و قسەی لەگەڵ بكەم. 10 رۆژ هەموو شەوێك قسەم لەگەڵ دەكرد”.
شیروانیش بەهەمان شێوەی ئەحمەد دواتر بە ژمارەیەك كە كۆدی مەغریبی لەسەر بووە داوای لێدەكرێت كە لەڕێگەی كەسێكی دانیشتووی سلێمانییەوە بڕی 100 هەزار دۆلاری بۆ بنێرێت، ئەگەرنا ڤیدیۆكەی خۆی لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەبینێتەوە.

شیروان دەڵێت “سەرەتا وامزانی بە درۆ وامپێدەڵێت، بەڵام دواتر كە گرتە ڤیدیۆیەكەی خۆمی نیشاندامەوە، لە شوێنی خۆم سڕبووم، هێندەی نەمابوو جەڵتە لێم بدات، من لە خۆم نەترسام، بەڵام دوو خوشكم لە زانكۆن، خەمی ئەوانم بوو خەڵك بڵێن ئەمە گرتەی ڤیدیۆیی براكەتانە، بۆیە ناچار خانووەكەم بە 30 هەزار دۆلار فرۆشت و 12 هەزار دۆلاریش بەرپرسەكەم بۆی دام، جگە لەوەش 8 هەزار دۆلاری دیكەشم بە قیست داوە”.

شیروان دەشڵێت “ئێستا ناوێرم ژمارەكەم بگۆڕم، زوو زوو نامە دەنێرێ و دەڵێت، ناتەوێت لەگەڵم بیت؟ بۆیە لێی دەپاڕێمەوە بەس بۆئەوەی گرتە ڤیدیۆییەكەم بڵاونەكاتەوە، چونكە ئەوكات ناچار دەبم خۆم بكوژم”.

ناوێرن پەیوەندی بە پۆلیسەوە بكەن

سەرچاوە ئەمنییەكان دەڵێن ئەوان ئاگاداری ئەو جۆرە باندانەن، بەڵام ئەوانەی دەكەونە داوی ئەو باندانەوە لەترسی كەسایەتی خۆیان پەیوەندی بە پۆلیسەوە ناكەن.

سەرچاوەیەكی ئەمنی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (رووداو)ی گوت “چەندین كەسایەتی و بازرگان و بەرپرس كەوتوونەتە داوی ئەو جۆرە باندانەوە. یەكێك لەو بازرگانانەش كە ڤیدیۆكەی لەلای ئەو باندەیە، تاوەكو ئێستا زیاتر لە 500 هەزار دۆلاری لەلایەن باندەكەوە لێوەرگیراوە. هێشتاش مانگانە داوای پارەی زیاتری لێدەكەن و ئەویش ناچارە بۆیان بنێرێت”.

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

ماڵپەری تێك ئای ، یەكەمین و گەورەترین ماڵپەری تەكنەلۆژیە لە كوردستان و عێراق ، تیایدا چەند شارەزایەكی بواری تەكنەلۆژی خزمەتگوزاریە تەكنەلۆژیەكان وەكو هەواڵ و وانە و فێركاری بە زمانی كوردی و بە شێوەی خۆڕایی پێشكەش بە ئارەزوومەندانی تەكنەلۆژی دەكەن .

Comments are closed.