تێک ئای بەردەوامە لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژە خۆبەخشییەکان و ئەمجارەشیان کیبۆردێکی کوردیی ستاندراد دەخاتە بەردەم بەکارھێنەرانی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت، بە ئومێدی ئەوەی ببێتە کیبۆردیی سەرەکیی سەرجەم دام و دەزگا حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان، و دەزگا میدیایییەکان.

پێشتر لە ماڵپەڕی تێک ئای کیبۆردی کوردیی سەرچیا بڵاوکرایەوە، کە کیبۆردێک بوو بۆ نووسینی کوردی بە شێوەی (Fullpad) واتە نووسینی سەرجەم پیتەکانی کوردی بێ داگرتنی دوگمەی شیفت، و لەگەڵ چەند تایبەتمەندییەکی تر.

ئێستاش بەخۆشحاڵییەوە کیبۆردێکی نوێ بە ناوی تێک ئای ڕادەگەیەنین، کە لەلایەن سەرچیا خورشیدەوە پەرەی پێدراوە.

جیاوازیی سەرەکیی ئەم کیبۆردە لەگەڵ کیبۆردی سەرچیا لە شوێنی پیتەکاندایە، شوێنی پیتەکان و نیشانەکانی کیبۆردی سەرچیا لەسەر بنەمای کیبۆردی عەرەبی بوو، بەڵام ھی ئەمەیان لەسەر بنەمای کیبۆردی ئینگلیزییە.

سەرجەم پیت و نیشانەکانی نێو ئەم کیبۆردە ستانداردن و ئەوانەن لەلایەن شارەزایانی زمانەوە قبولکراون،دوو کێشە کە ڕێگری و گرفتی زۆریان بۆ زمانی کوردی دروستکردووە، بەکارھێنانی نیشانەکانی (ک و ك) و (ھ و ھـ) بووە بۆ یەک دەنگ، لەم کیبۆردە نیشانەکانی (ک (U+06a9) و ھ (U+06be)) دانراون، بەو پێیەی باشتر لەگەڵ زمانی کوردی دەگونجێن. سەبارەت بە شوێنی پیتەکان، وەک وترا کیبۆردەکە لەسەر بنەمای کیبۆردی ئینگلیزی داڕێژراوە، ئەمەش وا دەکات بتوانرێت کیبۆردەکە لەسەر ھەموو کۆمپیوتەرێک کاری پێ بکرێت، لەبەرەوەی سەرجەم کیبۆردەکانی جیھان سەرەڕای پیتەکانی زمانی وڵاتەکە، پیتە ئینگلیزییەکانیشی لەسەرن. لە کیبۆردەکە ئەو پیتانە کوردییانەی ھاودەنگن لەگەڵ پیتە ئینگلیزییەکان یان نزیکن لە ھەمان شوێن دانراون، وەک: ۆ بەرانبەر Oو ب بەرانبەر B و س بەرانبەر S و …، بۆ پیتەکانی تریش ھەوڵدراوە شوێنی گونجاو بدۆزرێتەوە، لەوانە: Uبۆ ئـ و Y بۆ ێ. ئەو پیتانەی تریش کە ماونەتەوە لە دەستەڕاستی کیبۆردەکە دانراون، وەک: ش، ج، ڕ و ڵ. لە کیبۆردەکە تەنیا سێ پیتی کوردی ھەن کە پێویستیان بە داگرتنی دوگمەی شیف دەبێت، ئەوانیش (ع، غ و ح)ن لەبەرەوەی ھەر یەک لەم پیتانە بەکەمی لە نووسینی کوردی بەکاردێن، ئەوا نابنە کێشە لەبەردەم خێراییی نووسینی کیبۆردەکە.

بۆ زیاتر بەرچاوڕوونی لەگەڵ فایلی دامەزراندن دوو وێنە ھاوپێچکراون، کە دەتوانن لەڕێیانە ئاشنای شوێنی پیتەکان ببن. بەو ھیوایەی کیبۆردەکە ببێتە کیبۆردی سەرەکی بۆ زمانی کوردیی ناوەندی (سۆرانی)، و ببێتە جێی ڕەزامەندیی خەڵکی کورد لە سەرتاسەری دونیا. بەو ھیوای بتوانرێ کیبۆردەکە فراوان بکرێت بۆ سیستەمه‌كانی ئەندرۆید و ماک و ئای ئۆ ئێسیش، تا لەڕێیەوە ئاسانتر و باشتر بتوانین دەقە کوردییەکانمان بنووسین.

کلیک بکە بۆ دابەزاندنی فایلی دامەزراندی کیبۆردەکە

ڕێنماییی دامەزراندن: –

دوای دابەزاندنی فایلە زیپەکە، بڕۆ نێو فۆڵدەری (techeye).

– گەر کۆمپیوتەرەکەت ٣٢ بت بێت، فایلی (Techeye_i386) بکەوە، و بۆ ٦٤ بتیش فایلی (Techeye_ia64).

– دوای چەند چرکەیەک لە کلیک کردن، لە تاسکبار ویندۆیەک دەبێتەوە، کلیکی لەسەر بکە، پاشان (Yes) دابگرە، دوای چەند چرکەیەکی تر پەنجەرەیەکت بۆ دەبێتەوە و پێت دەڵێت کیبۆردەکە بەسەرکەوتوویی دامەزرا.

تێبینی: دوای دامەزراندن، کیبۆردەکە بە شێوەیەکی خۆکار زیاد دەبێت لە بەشی زمانەکان، و دەچێتە سەر زمانی عەرەبی (قەتەڕ).

بۆ بینینى كیبۆردى سه‌رچیا ، لێره‌ كلیك بكه‌

16709595_1279949842087306_829826619_o 16731572_1279949838753973_774567642_o

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

ماڵپەری تێك ئای ، یەكەمین و گەورەترین ماڵپەری تەكنەلۆژیە لە كوردستان و عێراق ، تیایدا چەند شارەزایەكی بواری تەكنەلۆژی خزمەتگوزاریە تەكنەلۆژیەكان وەكو هەواڵ و وانە و فێركاری بە زمانی كوردی و بە شێوەی خۆڕایی پێشكەش بە ئارەزوومەندانی تەكنەلۆژی دەكەن .

Comments are closed.