شەونم، ناوی خوازراوی كچێكی تەمەن 27 ساڵی دانیشتووی سلێمانییە، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا لە رێگەی فەیسبووكەوە پەیوەندی بە بەرپرسی رێكخراوی بزاڤەوە كردووە كە بەرپرسەكەی ماكوان كەریمە.


ماكوان كە لە نەرویج دادەنیشێ‌، چیرۆكی ئەو كچەی بۆ (رووداو) گێڕایەوە و وتی: “ئەو كچە، لەڕێگەی فەیسبووكەوە كوڕێكی ناسیوە كە خەڵكی سلێمانییە و لە وڵاتێكی ئەوروپی دەژی. كوڕ و كچەكە بوونەتە خۆشەویستی یەكدی و كوڕەكە بەڵێنی پێداوە بیخوازێ‌، كوڕەكە گەڕاوەتەوە كوردستان و سێجار چاوی بە شەونم كەوتووە، بڕێك ئاڵتوونیشی وەكو دیاری بۆ هێناوە و هەر سێ‌ جاریش كاری خراپی لەگەڵ كردووە، بەڵام كچەكە نەیزانیوە ئەو كوڕە لەو شوێنە كامێرای نهێنی داناوە”.


كوڕەكە هەر بە تۆماركردنی رابواردنەكانی لەگەڵ ئەو كچە نەوەستاوە، بەڵكو دوای گەڕانەوەی بۆ ئەوروپا، گرتەكانی بە 800 دۆلار بە ماڵپەڕێكی تایبەت بە گرتەی خراپ فرۆشتووە.


ماكوان وتی: “كوڕەكە دوای رۆیشتنەوەی، رەنگە لەگەڵ كچەدا كێشە لەنێوانیاندا هەبووبێ‌، لینكی ماڵپەڕەكەی بۆ ناردووە كە گرتەكەی تێدا بڵاوكردووەتەوە، بەوەش هەڕەشەی كردووە، دواتر كچەكە زانیبووی ماڵپەڕەكە گشتییە و خەڵك بینیویەتی، لینكی ماڵپەڕەكەی بۆ ناردم و منیش گرتەكەم بینی… شۆك بووم”.


ماكوان لەسەر داوای كچەكە پەیوەندی بە بەرپرسانی ماڵپەڕەكەوە كردووە بۆ لابردنی گرتەكە و گوتی: “پەیوەندیم پێوەكردن كە ئەو گرتەیە لاببەن، لەبەرئەوەی كچەكە لە كوردستانە و لەوێش ئەو حاڵەتە قورسە و ژیانی لە مەترسیدایە، بەڵام وتیان ئێمە ئەو گرتەیەمان كڕیوە، كارەكەشمان نایاسایی نییە، دوای گفتوگۆیەكی زۆر، رێككەوتین بە 1600 دۆلار گرتەكە بسڕنەوە، لەبەر خاتری كچەكەش لەگیرفانی خۆم پارەكەمدا”.


بە وتەی ماكوان، ماڵی كچەكە بە گرتەكەیان زانیوە و هەڕەشەی كوشتنیان لێكردووە. ماكوان گوتی: “كچەكە پێیوتم خێزانەكەشی پێیان زانیبوو، تەنانەت باوكی و براكەی ویستبوویان بیكوژن، بۆیە كچەكەمان لە ماڵەكە دەرهێنا و لە شوێنێكی پارێزراومان دانا”. ماكوان دوای هەڵگرتنی گرتە ڤیدیۆییەكە لەو ماڵپەڕە، لەگەڵ كوڕەكە قسەی كردووە و زۆر هەوڵی داوە كچەكە بخوازێت، بەڵام كوڕەكە لەو كارەی زۆر بێباك بووە و گاڵتەی بە قسەكانی ماكوان هاتووە.


كچەكە هەموو دەرگاكانی بەڕوودا داخرابوون، بەڵام دەزگای بزاڤ توانی ئەو كچە لەو مەینەتییە رزگار بكات. ماكوان وتی: “كارمەندێكی دەزگاكەمان بەڵێنی دا بیخوازێت، منیش بەو مەرجە رازی بووم كە نابێت ئەو كوڕە رۆژێك لە رۆژان ئەو بابەتە بە رووی كچەكەدا بداتەوە. ئێستاش ئەو دوو كەسە بە یەكەوە زۆر ئاسوودەن”.


s:Rudaw

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

ماڵپەری تێك ئای ، یەكەمین و گەورەترین ماڵپەری تەكنەلۆژیە لە كوردستان و عێراق ، تیایدا چەند شارەزایەكی بواری تەكنەلۆژی خزمەتگوزاریە تەكنەلۆژیەكان وەكو هەواڵ و وانە و فێركاری بە زمانی كوردی و بە شێوەی خۆڕایی پێشكەش بە ئارەزوومەندانی تەكنەلۆژی دەكەن .

Comments are closed.