هارد دیسك درایڤ (Hard Disk Drive (HDD یەكێكە لە پارچە سەرەكیەكانی كۆمپیوتەر كە بە میمۆریەكی دووەمی پۆلێن دەكرێت و توانای پاراستنتی داتای بە شێوەیەكی هەمیشەیی هەیە ، بەگشتی قەبارەی گەورەیە و توانایەكی باشی هەیە بۆ پاراستنی ڕێژەیەكی زۆر لە داتاو زانیاری ، ئەم پارچەیە بەهۆی بوونی ئەو تایبەتمەندیانەوە باسم كرد سیستەمی لەسەر دادەبەزێنرێت و تەواوی ئەو بەرنامانەش كە پاش دامەزراندنی سیستەم دادەبەزێنرێت هەر لە ناو ئەم هاردەدا دەپارێزرێت .

هارد دیسك لە چوار بەشی سەرەكی پێك دێت :

یەكەم : پەپكەكان (Platters) كە لە سێ پەپكەی لەسەر یەك پێك دێت و بە مادەیەكی مینتاڵی دروستكراوە ،

دووەم : بزوێنەرێك (Spindle) بۆ سوڕاندنی پەپكەكان كە بە دوانزە ڤۆڵت ئیش دەكات .

سێیەم : هێدێك (Read/write heads) بۆ ئەوەی داتاكان بخوێنێتەوە یان جێگیربكات .

چوارەم : بۆردێكی ئەلیكترۆنی (Electronic circles) كە بەرپرسە لە كارە لۆجیكیەكان و ئاراستەکردنی فرمان بە هێدەکە.

یەكەم : پەپكەكان چین ؟ ئیشەكەیان چیە ؟

پەپكەكان لەهەموو هاردەكاندا ژمارەیان سێ دانەیە بە شێوەیەك لە سەر یەك هەڵچنراون و كەمێك بۆشایی هەیە لەنێوان هەر یەكێك لە دوو پەپكەی دوایەكدا ، ئەم پەپكانە شەرت نیە ڕاستەوخۆ لە مادەیەکی کانزایی دروست كرابن بەڵك و دەشێت لە مادەیەكی پلاستیكیبێت بەڵام دواتر بەهۆی مادەیەكی مێنتاڵیەوە ئۆكسێنراوەو ڕوو پۆشكراوە ، ئەم كارەش لە پێناو ئەوەدا دەكرێت كە دانان و جێگیركردنی داتا بەهۆی بواری كارۆموگناتیسیەوەیە لەسەر پەپكەكان ئەگەر مادەكە پلاستیكی بێت ئەوا داتاكان جێگیر ناكرێت ، ئەو مادەیەشی كە ڕوی پەپكەكانی پێ دەئۆكسێنرێت زۆربەی جار مادەیەكی ئاسنینە یاخود هاوشێوەی ئەوە .

پەپكەكان بەخێراییەكی یەكسان دەەسوڕێنەوەو هەرسێ پەپكەكە لە خولانەوەدا جیاوازیان نیە ، خێرایی خولانەوەشی پەیوەستە بە تایبەتمەندی هاردەوە واتا هەتا خێراتربێت ئەوا تایبەتمەندی هاردەكە بەرزترەو خێرایی وەرگرتن و ناردنی داتای تێدا زیاترە .

پەپكەكان بەشێوەی بازنەیین هاوشێوەی (Compact Disk) ن لەسەر ئەم پەپكانە هێڵی دەزوی بازنەیی هەیە پێ ی دەوترێت (Track) كە لەناو ئەم هیڵە دەزویانەدا خانە خانەكراوە ناودەبرێت بە (Section) ئەم سێكشنانەش كراون بەچەندین خانەی وردەوە كە لەهەر سێكشنێكدا جێگای (512) بایت دەبێتەوە ، بێگومان هەر بایتێكیش پێك دێت لە هەشت بت و  هەر بتێكیش شوێنێكە بۆ دانانی سفر یان یەك .

دووەم : بزوێنەرەكە ئیشیت چیە لە هاردا ؟

ئەو بزوێنەرەی كە بە دوانزە ڤۆڵت كار دەكات و دەكەوێتە ناوەڕاستی پەپكەكانەوە كە بەخێراییەكی جێگیر پەپكەكان دەسوڕێنێتەوە ، تەنها كارەكەی و هیچ كارێكی تری نیە .

سێیەم : هێدەكە چیە ؟ بۆچی بەكاردێت ؟

هێندەكە هاوشێوەی پەپكەكان سێ دانەیە لەسەر هەر یەكێك لە پەپكەكان دانەیەك هەیە بەڵام ڕاستەوخۆ پەیوەستكراون بە یەكەوەو هەرسێكیان بە هەمان خێرایی بەسەر پەپكەكەدا هاتوچۆ دەكەن ، بیرۆكەی كارەكە لە نێوان هێندەكە و پەپكەكاندا ئەوەیە كە پەپكەكەكان بەخێرایی دەخولێنەوەو هێندەكەش بەچولەیەكی ئاسۆیی بەسەر پەپكەكاندا هاتوچۆ دەكات یان داتا وەردەگرێت یان داتا جێگیر دەكات ، ئەم هێدە ڕاستەوخۆ بەهۆی بواری كارۆموگناتیسیەوە مامەڵە لەگەڵ پەپكەكاندا دەكات .

چوارەم : بەشە ئەلیكترۆنیەكە چیە ؟ چ كارێك دەكات ؟

بەشە ئەلیكترۆنیەكە لە هارد دیسكدا بەرپرسیارە لە كارە لۆجیكیەكان ، واتا ئەو زانیاریانەی كە دێت و دەبێت لە هارددا جێگیر بكرێن یاخود ئەو داتایانەی كە دەبێت لە هاردەوە ڕەوانە بكرێت بۆ شوێنێكی دیاری كراو ئەم بۆردە ئەلیكترۆنیە لێكی دەداتەوەو فرمان ئاراستەی هێندەكە دەكات هەتا لەسەر هاردەكە جێگری بكات یان كاتێكیش داتایەك داوا دەكرێت بۆ پرۆسێسین یان بۆ ئاوتپوتكردن ئەوا ڕاستەوخۆ ئەم بۆردە ئەلیكترۆنیە فرمان ئاراستەی هەمان بەش دەكات هەتا داتای مەبەست لەسەر پەكەكە بدۆزێتەوەو بینێرێت بۆ بەشی دیاری كراو .

چۆن داتا لە هارد دیسكدا تۆمار دەكرێت ؟

سەرەتا دەبێت فێرخواز ئەوە بزانێت كە مامەڵەكردنی كۆمپیوتەر لەگەڵ هەموو جۆرێكی داتادا مامەڵەكردنە لەگەڵ (سفر و یەكدا) ئەم سیستەمەش پێ ی دەوترێت باینەری سیستەم م كە داتاكان هەڵدەوەشینرێت بۆ ئەو دووژمارەیە ، كە هەر ژمارەیەكیان بتێكە بەهۆی لۆكەیشنەكانەوە جێگیر دەبێت لەسەر ستۆرەیجەكان .

كاتێك فرمانێك دێت بۆ هارد هەتا داتایەك بپارێزێت ئەوا زنجیرەیەك لە داتا بەشیوەی سفر و یەك ئاراستەی هاردەكە دەكرێت و بەشە ئەلیكترۆنیەكەی هاردیش هەڵدەستێت بە فرمان دان بە هێندەكە هەتا داتاكان بەهۆی بواری موگناتیسیەوە لەسەر پەپكەكان جێگیر بكات ، دیارە لەم كاتەدا هاردەكە بەو پەڕی خێرایی خۆی دەخولێتەوەو هێدەكەش بە جوڵەیەكی ئاسۆۆی بەسەر ڕوی پەپكەكەدا هاتوچۆ دەكات و دانە دانە داتاكان دادەنرێت بە ڵام بەخێراییەكەی لەڕادەبەدەر ئەم كارە دەكرێت ، شەرت نیە لێرەدا داتاكان ڕاستەوخۆ لە شوێنێكی پەپكەكەدا جێگیر بێت بەڵكو بەپێ ی شێوەی ئیشەكەو خولانەوەی پەپكەكە هەندێك جار داتاكە دەبێت بە چەندەین پارچەوە بەڵام هێندەكە بەتەواوی ددەزانێت لە كوێدا دایناوەو دواتر بە ئاسانی دەیدزێتەوە ، هەربۆیە تەكنیكی (Fragments) بەگەڕخراوە لە هاردا هەتا ئەم بەش بەشكردنە نە‌هێڵێت و داتاكان بخاتەوە تەنیشتی یەكتر ، بێگومان دواتر بۆ هێندەكە ئاسانتر دەبێت داتان بدۆزێتەوە و بیخوێنێتەوە .

چۆن دەست دەگیرێت بەسەر داتاكانی ناو هارد دیسكدا ؟

پێشتر باسی ئەوەم كرد كە داتاكان لە ناو هارد دیسكدا بەشێوەی بواری كارۆموگناتیسی جێگیر دەكرێت بەهۆی هادەكەوە هەر ئەم هاندەش بەهەمان تەكنیك داتاكان وەردەگرێتەوەو دەیخوێنێتەوە ، جا لێرەدا بەكارهێنەر داتاكان زیاد و كەم دەكات یان دەیسڕێتەوە ، كاری ئەم هاندە ئەوەیە پاش وەرگرتنی فرمان لە لایەن بۆردە ئەلیكترۆنیكەوە شوێنی داتاكان دەست نیشان دەكات تەنها بە فرمانێك داتا دەسرێتەوە یاخود زیادی دەكات یاخود دەیگۆڕێت بۆ شتێكی تر یان شوێنەكەی دەگوازێتەوە ، ئەم كارە بە تەواوی كارئاسانی بۆكراوە پیشتر و بەكارهێنەر تەنها لەیەك كاتتدا دەتوانێت ئاگاداری ئەو كارانەبێت كاتێك كە داتاكیەی زۆر گەورە یان مام ناوەند دەگوازێتەوە یان دەسرێتەوە كاتێكی بۆ دەست نیشاندەكرێت لەسەر ساشەكەی ئەو كاتە كە دەیبینیت لەو ساتەدا ئەوەیە كە هێندەكە سەرقاڵی بەجێهێنانی فرمانەكەیە ، ئەگەرنا بۆ داتای بچوك بە ئەستەم هەست بە كارەكە دەكرێت .

فۆڕماتكردنی هارد دیسك :

هارد دیسك بە دوو شێوە فۆرمات دەكرێت جۆرێكیان پێ ی دەوترێت فێزیای كە بەهۆی بواری موگناتیسیەوە كۆمپانیاكانی بەرهەم هێنەری هاردەكە ئەو كارە دەكەن بۆ یەكەم جار پێش ئەوەی بخرێتە بازارەوە فۆڕماتێكی فیزیایی دەكەن بەهۆی بواری كارۆموگناتیسیەوە بە تەواوی خاڵی دەكەنەوە لە داتا ، هەندێك كەسیش بەهۆی سارەزایی خۆیەوە ئەم كارە دەكات ئەوەش بەهۆی موگناتیسێكی ئاساییەوە كەتێك لە كاتی كاردكردندا بێت هاردەكە ، ئەم كارەش دەبێتە هۆی ئەوەی بە یەكجاری هاردەكە خاڵی بێتەوە لەداتا و نەتوانرێت دووبارە داتاكانی ناوی بگەرێنرێتەوە ، واتا ڕێگایەكی زیرەكانەیە بەڵام وردی دەوێت ئیشەكە .

جۆری دووەم پێ ی دەوترێت فۆڕماتی لۆجیكی ئەم فۆڕماتە بەهۆی سیستەمەوە دەكرێت بە دوو شێواز جۆرێكیان كە هەموو هاردەكە فۆڕمات دەكرێت و دووبارە پارتێشن دەكرێتەوە ، ئەم كارە كاتێك دەكرێت كەسێك بیەوێت كۆمپیوتەرەكەی وەك سەرەتای كاتی دەستكەوتنی كۆمپیوتەكەی لێ بكاتەوە واتا لە كاتی فۆڕماتی گشتیدا ئەم كارەدەكات ، بەڵام ڕاستیدا تەواو سەركەوتوو نیەو بەڵكو دەكرێت داتاكانی ناوی بگەڕێنرێتەوە ، جۆرەكەی تریشی ئەوەیە كە هەرپارتیشنێك بە جیاواز بەهۆی كاری سیستەمەكەوە فۆڕمات بكەیت و خاڵی بكەیتەوە لە داتا ئەم كارەش لە پاش دامەزراندنی سیستەمەوە بە ئەنجام دەگەیەنرێت .

پارتێشن كردنی هارد دیسك :

هارد دیسك یەكیك لە سیفتە هەرەنایابەكانی بریتیە لە كردن بە چەند بەشێكەوە ئەم بەشانەش كە بە (Partitions) دەناسرێتەوە سیفەتێكی ناوازەیە بۆ جیاكردنەوەی داتاكان بەسێوەیەكی ئاسان كە بەكارهێنەر بتوانێت بە تەواوی دەستی بەسەردا بگرێت ، تایبەتمەندی ئەم پارتێشن كردنە هەر لەوەدا خۆی نابینێتەوە كە دەتوانرێت داتاكان بەش بكرێت بەڵكو لەوەشدا خۆی دەبینێتەوە كە چەندین جۆری جیاواز لە فۆڕماتین هەیە كە تایبەتمەندی پارتێشنەكەی پێ دیاری دەكرێت و دەتوانرێت بە ویستی بەكارهێنەر بگۆڕرێت ، هەندێك كات ئەم پارتێشنانە یاریدەدەرێكی زۆر باش دەبن بۆ خاڵیكردنی بەشێكی هارد دیسكەكە كە فۆرماتی دەكەین و ڕوبەڕێكی بەتاڵمان دەست دەكەوێت بۆ كارێكی تایبەتی .

سێ جۆری سەرەكی لە پارتێشن هەیە كە هەر یەكەیان سنوری بەكارهێنانی جیاوازە و دەكرێت بە پێ ی ویستی بەكارهێنەر گۆڕانكاری بكرێت تێیدا بەم جۆرە :

جۆری یەكەم ناودەبرێت بە (Primary Partition) ئەم جۆرە تا چوار بەش ڕێگەی پێدراوە كە بۆ دامەزراندی سیستەم بەكاردێت ئەگەر كەسێك بیەوێت زیاد لە سیستەمێك دامەزرێنێت لە سەر پارتێشنە جیاوازەكان باشتر وایە هەر یەكێك لەو پارتێشنانە ئەم تەیبەتمەندیەی هەبێت هەتا توشی كێشەی لاوەكی نەبێتەوە باشترین جۆری پارتێشنەو مەرجە یەك پارتێشن یان زیاتر بوونی هەبێت  .

جۆری دووەم ناودەبرێت بە (Extended Partition) كە تایبەتمەندیەكەی نزیكە لەوەی یەكەمەوە بەڵام بۆ دامەزراندنی سیستەم بەكارناهێبرێت و وەك بیرەوەریەك وایە بۆ هەڵگرتنی داتای جۆراوجۆر ، دەتوانرێت ژمارەیەكی بێ كۆتا لە پارتێشن بەم تەكنیكە دروست بكرێت .

سێیەم جۆر كە ناودەبرێت (Logical Partition) ئەمەیان بە هۆی سیستەمەوە دوای ئەوەی پارتێشنێك بە بەتاڵی دەمێنێتەوە یاخود پارتێشنێك لە جۆری دووەم هەیە دەتەوێت بیكەیت بە چەند بەشێكی ترەوە ئەوا بەم تەكنیكە دەكرێت و یاریدەدەرێكی زۆر باشە بۆ هەڵگرتنی داتاو زانیاری پاش دامەزراندنی سیستەم هەر پارتێشنێك كە بە سیستەمی (Extended) دروستكرابێت دەتوانیت ژمارەیەكی بێ كۆتا لە پارتێشنی لێ دروست بكەین بە قەبارەی جیاواز بە تەكنیكی لۆجیك .

كورتەی سودەكانی پارتێشن كردن چیە ؟

1- وا لەبەكارهێنەر دەكات زیاتر لە سیستەمێك دابمەزرێنێت ، واتا هەر پارتێشنێك سیستەمێكی تێدابێت .

2- بەردەوام شوێنێكی گەورەی بەتاڵ دەبێت بۆدانانی داتای تایبەت و پێویست .

3- داتاو زانیاریەكان لەو پارتێشنانەدا زیاتر پارێزراون كە سیستەمی تێدا نیە .

4- بەشكردنی هاردەكە یاریدەرێكی زۆر باش دەبێت بۆ هێدەكە تا داتاكان بە ئاسانی بدۆزێتەوە .

ناوی پارتێشنەكان لە چیەوە دێن ؟

ئەگەر بەشێوەیەكی ئاسایی سەرنج بدەین لە ناوی پارتێشنەكان ئەوە لە (:C) دەست پێدەكات و دواتر (:D) و پیتەكانی تر بەدوایدا دێن بەشێوەی زنجیرە ، جا لێرەدا لەوانەیە بەكارهێنەر پرسێت بۆچی هەردوو پیتی (A & B) لە ریز بەندیەكەدا نین ؟

وەڵامەكەی ئەوەیە كە پیتی (:A) تایبەتكراوە بە (Floppy Drives) كە كردویانە بەیەكەم درایڤ هەتا بتوانرێت سیستەمی لێوە لۆد ببێت چونكە وەك ستۆرەیجێك بەكاردەهێنرا جاران بۆ سیستەم یاخود بۆ ئەوەی لە رێگایەوە سیستەم دابەزێنرێت ، دواتر پیتی (:B) پاش بنیات نانی (Zip drive) تایبەتكرا پێ ی كە هاوشێوی (Floppy) بەڵام بە توانایەكی بەرزتر بنیات نرا بۆ ستۆرەیجی داتا یان سیستەم ، دواتر پاش بنیات نانی هارد دیسك كە دەتوانا سیستەمی بە هەمیشەیی تێدا جێگیر بكرێت ، ئەم دیڤایسانە كارەكەیان گۆڕا بۆ ئەوەی تەنها جارێك لە ڕێگایەوە سیستەمەكی لێوە دامەزرێنن ، ئیتر ئەو ناوەش بە پی ی ڕیزبەندەیەكە بەر یەكەم پارتێشنی هاردەكە دەكەوێت .

جۆرەكانی هارد دیسك :

بە گشتی چوار جۆری سەرەكیمان هەیە لە هارد كەلەسەر كۆمپیوتەرە كەسیەكان جێگیر دەكرێت و تەكنیكی كاركردنیان هاوشێوەیە یەكە تاڕادەیەك بەلام تواناو تایبەتمەندی هەریەكەیان جیاوازە بەم جۆرە :

یەكەم جۆر كە ناودەبرێت بە (PATA) و كورتكراوەی (Parallel ATA) جۆری یەكەمە لە هارد دیسك كە بەهۆی كەیبڵی (IDE) دەبەسرێتەوە بە مەزەبۆردەوەو لە ڕوی تایبەتمەندیەوە مام ناوەندەو تا ئێستا زۆربەمان ئەم هاردەمان هەیە لە كۆمپیوتەرەكانماندا بەتایبەتی دیكستۆپە كۆنەكان و بەشێكی زۆرێس لە لاپتۆپە كۆنەكان .

جۆری دووەم كە ناو دەبرێت بە (SATA) كە كورتكراوەی (Serial ATA) بەهۆی كەیبڵی (SATA) بە مەزەبۆردەكەوە دەبەسرێتەوە بە بەراورد بەجۆری یەكە زۆر خێراترە لە ئێستادا تەواوی لاپتۆپەكان ئەم جۆرە هاردەیان لەسەر جێگیركراوەو پێداویستی ئێستای بەكارهێنەر پڕدەكاتەوە ، لەم جۆرەدا كە بەهۆی ساتاوە داتاكان دەگوازرێتەوە خێرا ترەو ڕوبەری كەیبڵەكە زۆر بچوككراوەتەوە.

جۆری سێیەم ناودەبرێت بە (SCSI) كە كورتكراوەی (Small Computer System Interface) خێرایی و تایبەتمەندی لەهەردوو جۆرەكەی تر زیاترەو بە هۆی كیبڵێكی تایبەتەوە بە مەزەبۆردەوە دەبەسرێتەوە یەكەم جۆرە لە هاردی ئەلیكترۆنی ، ئەم جۆرە هاردە بە شێوەیەكی گشتی دەگمەنە و كەم كەس هەیە لە ئێستادا كۆمپیوتەرەكەی ئەم هاردەی تێدا جێگیر كرابێت  .

جۆری چوارەم (SSD) كە كورتكراوەی (Solid State Drives) ئەم جۆرە لە هارد هیچ پارچەیەكی بزۆكی تێدا نیە و تەواو ئەلیكترۆنیە لە وەرگرتن و ناردنی داتادا ئێجگار خێرایەو تەنها لە سمارت فۆن و هەندێك بەرهەمی ماكدا جێگر دەكرێت تا ئێستا لە هیچ كۆمپیوتەرێكی كەسیدا جێگیر نەكراوە بەهۆی زۆری لە بڕی تێچوندا .

ئایا بوونی داتای زۆر له‌ ناو هارد دیسكدا كار ده‌كاته‌ سه‌ر خێرایی كۆمپیوته‌ر ؟

هارد دیسك یه‌كه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌یه‌ كه‌ بۆ پاراستنی داتا به‌كاردێت به‌ هه‌میشه‌یی و ویندۆزی له‌سه‌ر داده‌مه‌زرێت ، به‌واتایه‌كی تر ته‌واوی ئه‌و سۆفتوێرانه‌شی پاش دابه‌زاندنی ویندۆز داده‌مه‌زرێن هه‌ر له‌ ناو ئه‌م هارده‌دا ده‌مێنێته‌وه‌ ، هارد دیسك سروشتی پێكهاته‌كه‌ی وایه‌ كه‌ توانایه‌كی دیاریكراوی هه‌یه‌ بۆ پاراستنی داتا و زانیاری ناكرێت له‌ توانای خۆی زیاتری له‌سه‌ر تۆمار‌ بكریت هه‌ر بۆیه‌ كاتێك هاردێك نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ كۆتا تواناكه‌ی بۆ گه‌شتن به‌ داتاكانی ناوی كه‌مێك جیاوازی هه‌یه‌ له‌ توانای یه‌كه‌م جاری به‌ڵام ئه‌م خاوبونه‌وه‌یه‌ به‌ ته‌واوی له‌ ئه‌ستۆی هارد دیسكدا نیه‌ به‌ڵكو ئه‌و به‌شانه‌ی كه‌ به‌رپرسن له‌ خێرایی كۆمپیوته‌ر وه‌ك (CPU) زۆربه‌ی جار هۆكاری ئه‌م خاو بونه‌وه‌ن . به‌ڵام هاردیش له‌ چه‌ند به‌شێك پێكدێت و سروشتی پاراستنی داتاش له‌ زۆربه‌ی هارده‌كاندا به‌ش به‌ش كردنی داتایه‌ ئه‌م به‌ش به‌ش كردنه‌ش هه‌ندێك جار كه‌مێك  سروشتی خێراییه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت ، به‌ڵام ئه‌و پارچه‌ به‌رجه‌ستانه‌ی كه‌ هارده‌كه‌ی لێ پێكهاتوه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك خاوبوونه‌وه‌ی لێ به‌دیار ناكه‌وێت و به‌ خیراییه ‌سروشتیه‌كه‌ی خۆیان كار ده‌كه‌ن.

كێشەكانی هارد دیسك چیە ؟ ئایا شوێن گرەوەیەك هەی بۆی ؟

هاردیسك لەبەر گەورەیی قەبارەكەی و تەكنیكی كارەكەی هەمیشە كێشە بۆ بەكارهێنەران دروست دەكەن وای لە ئەندازیارانی ئەم بوارە كردوە بیر بكەنەوە لە شوێنگرەوەیەك بۆی ، لە ڕاستیدا هارد دیسك لەبەر ئەوەی لە چوار بەشی سەرەكی تەنها بەشێكیان نەبزۆكە دەبێت بە وریایی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و هەر پیاكێشانێك یان كەوتنێك لەوانەیە بەتەواوی لە كاری بخات و نەتوانرێت دووبارە سودی لێوەربگیرێت ، سەرباری ئەوەش كە بۆ بەگەڕخستنی وزەیەكی زۆر پێویستە .

خۆشبەختانە ئێستا كۆمپانیاكانی بواری ستۆرەیجی ئەلیكترۆنی ڕێگاجارەیان بۆ شوێنگرەوەی هارد دۆزیوەتەوەو دەكرێت بە ئاسانی ستۆرەیجی ئەلیكترۆنی بۆ شوێنگرەوەیەك بۆ میكانیكیەكە دابنرێت بەڵام بەهۆی گرانی و بڕی تێچوونیەوە تا ئێستا نەبووە بە شتێكی باو و تەنها لە سمارت فۆن و تابلێتەكاندا پشتی پێدەبەسرێت كە هەم قەبارەشی بچوكەو هەم تێچووی وزەی نیەو بە ئەستەمیش كێشەی لەدەستدانی داتامان دێتە ڕێ تێیدا .

ئامادەكردنی : هۆشمەند ساڵح

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

لە دایك بووی ساڵی 1986 م و لە سلێمانی نیشتەجێم بڕوانامەی (Electronics and Computer Maintenance) و ( I C D L ) م بە دەست هێناوە ، لە ئێستاشدا خویندکاری زانستی کۆمپیوتەرم (Computer science) ، لە سەرەتای ساڵی 2002 دا بۆ یەکەم جار کۆمپیوتەرم کڕی و لەو ساڵەوە بە بەردەوامی هاوڕێ ی و هاودەمێکی هەمیشەییە بۆم ، بە ماوەی پچڕ پچڕ لە کاتە جیاوازەکاندا لەگەڵ بوارەکانی ( دیزاین و پرۆگرام سازی و وێپ داڕشتن نووسینی بابەتی ئای تی ) دا سەرقاڵبووم ، وە لە ساڵانی 2009 و 2011 دا لە بواری هاردوێردا کارم کردوە .

كۆمێنتێك بنووسە