مۆبایل ئێستا یەكێكە لە ناوە هەرە باوەكان كە كەسێك نیە ڕۆژانە زیاد لە جارێك بە زاریدا نەیەت ، ئەگەر بپرسی بۆچی بەو خێراییە گەشەی كرد بێگومان زۆر بەسادەیی دەتوانین بڵێین پێداویستیەكەی سەرەكی و گرنگ بوو كە مرۆڤایەتی لە قەیرانێكی زۆر گەورە ڕزگاركرد و لەپاش بڵاوبونەوەو بەكارهێنانی ئەم تەكنەلۆژیاوە بەتەواوی مرۆڤ چووە قۆناغێكی نوێوە كەهەرگیز پێشوو تر بەخۆیەوە نەیبینیوە ، ئەم ئامێرە بچوكە كە بە مۆبایل ناوی دەركردوە لە سەرەتای ساڵی (1991) كە دوای بەرهەم هێنانی نەوەی دووەم لە تەواوی جیهاندا بڵاوبوەوە بنەڕەتی كارەكەی بریتی بوو لە گواستنەوەی داتا لە نێوان دوو ئامێری پەیوەستكراودا لەسەرهەمان تۆڕ .

ئەگەر بە كورت لەسەر مێژووی ئەم ئامێرە بنووسین ئەوا دەبێت بگەڕێیەوە بۆ سەرەتای گەشەپێدانی ئەم تەكنەلۆژیایە كە بە نەوەی یەكەم ناونراوەو مێژوەكەی لەسەرەتای حەفتاكاندایە لەو ماوەدا ئەم تەكنیكە برەوەی پێدراوە وە بە دیاریكراوی لە ساڵی (1973) دا ئەم بەرهەمە لە ئەمریكا خرایە بواری كارەوە كەلەسەر سیستەمی (Analog) كاراكرابوو بە ناوی Analog Mobile Phone Systems (AMPS) تەكنیكەكە ناسێنرا ، دواتر لە ئەوروپاش بە هەمان سیستەم لەڕوبەرێكی فراوانتر بەناوی Total Access Communication Systems (TACS) خرایەگەڕ .

قۆناغەكانی گەشەكردنی ئەم ئامێرە پڕ بایەخە بەسراوە بەو تۆڕەوە كە پێكەوەبەستنەكە فەراهەم دەكات و لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام ئەم تۆرە لە پێشكەوتنێكی خێرادایە ، لە زانستی كۆمینۆكەیشندا قۆناغەكانی پێشكەوتنی ئەم تۆڕە بە (G) پێناسەكراوە كە كورتكراوەی وشەی (Generation) لە ئینگلیزیدا و بە كوردی بە واتای نەوە یان بنیات دێت و وادانراوە هەر قۆناغێك لەم پێشكەوتنە بە دانانی ژمارەیەك لەوەی پێشوو جیابكرێتەوە بەم جۆرە (1G 2G 3G 4G) هەروەها هەر یەكێك لەم قۆناغانەش بۆ خۆیان چەند تەكنیكێكی جیاواز لە شێوازی كار دەگرێتەوە كە هەر یەكەیان شێوەی كاریان جیایە بەڵام بنەڕەتی كارەكەیان هەر یەكە كە پێكەوە گرێدانە بەلام بە توانای جیاواز ، بەدرێژایی ماوەی گەشەکردنی ئەم نەوە یەك لە دوای یەکانە شێوەی پەخشکردن گۆڕانکاری بەسەردا دێت و لە هەر نەوەیەکدا جۆرێك لە (Antenna) بەکاردەهێنرێت و تەنانەت ڕوبەری ئەنتێناکانیش بە پێ ی داواکاری جیلەکە بچوك و گەورە دەکرێت ، سەرباری بەرزی تاوەرەکەو دوری ڕوبەری نێوان دوو تاوەر لە یەکتریەوە .

نەوەی یەکەم (1G) : لەم نەوەیەدا تەكنیكی دیجیتاڵی بوونی نیە واتا تەنها بەهۆی شەپۆلێكی ڕادیۆییەوە داتا لە نێوان وەرگر و نێرەردا ئاڵۆگۆڕی پێدەكرێت و خێرایی گواستەوەی داتا (14.6Kbps) تێپەڕ ناكات و تەنها دەنگ دەگوازێتەوە و هیچ جۆرێكی تر لە داتا بەم شەپۆلە رادیۆییەدا هاتوچۆی پێ ناكرێت ئەم قۆناغە بە (0G) دەناسرێتەوە بەشێوەیەكی سەرەكی بەهەرسێ تەكنیكی (AMPS, NMT, TACS) بەگەڕخراوە .

دوای تێپەڕبوونی ماوەیەكی زۆر بەسەر بەرهەم هێنانی یەكەم نەوە لەم تەكنەلۆژیایە زانستی دیجیتاڵی بەتەواوی جێگای بە (Analog) لێژكرد و بووە شوێنگرەوەیەكی سەد لەسەد بۆی چونكە لەسەدان لایەنەوە ئەم تەكنیكە دیجیتاڵیە لە ئەنەلۆگ لەپیش ترەو ناكرێت دوای بەرهەم هێنانی سیستەمی دیجیتاڵی پەنا ببرێتەوە بۆی ، هەر بۆیە تەكنیكی گەیاندنیش لە ئەنەلۆكەوە گوازرایەوە بۆ دیجیتاڵی ئەم هەنگاوەش بە قۆناغی دووەم یان نەوەی دووەم لە تەكنەلۆژیای گەیاندن ناودەبرێت

ئەگەر بپرسیت جیاوازی چیە لە نێوان تەكنیكی ئەنەلۆك و دیجیتاڵدا ئەوا دەڵێم :

ئەنەلۆك سیستەمێكە پشت بە تەكنیكی شەپۆلی ڕادیۆیی دەبەستێت واتا ناردنی داتاكان لە شێوەی شەپۆلێكدایە و ئامێری وەرگر و نێرەر تەنها مامەڵە لەگەڵ ئەم شەپۆلە دەكەن و دەیگۆڕن بە داتای دەنگی و ناتوانرێت جۆری تر لە داتا هاتوچۆ پێ بكات بە هۆی لاوازی لەرەلەرەكەی و دلنیا نەبوونی تەواوەتی لەسەر بڕەکەی ، بەڵام تەكنیكی دیجیتاڵی زۆر جیاوازە شەپۆلەکان بە ساتێکی ڕێک دەنێرێت و بە وردی دەست نیشان دەکرێت بوونی سفرە یان یەك و ناپرسێت ئەو شەپۆلەی داتاكان دەگوازێتەوە چیە چونكە شەپۆلەكە هەڵدەوەشێنرێت لە لایەن ئامێری وەرگرەوە بۆ (0) و (1) دواتر بە خستە تەنیشتی یەك ئەم ژمارانە بوونی داتایەك دەسەلمێنن چونكە ئەم ژمارانە سیستەمێك بەڕێ دەكات پێ ی دەڵێن باینەری كە تەكنیكی دیجیتاڵی لەسەر بنیات نراوە .

نەوەی دووەم (2G) : ئەم نەوەیەش كەبە (2G) هێما دەكرێت لەسەر سیستەمێكی دیجتاڵی و بە فرویكوێنسیەكی بەرز ڕوبەرێك پێكەوە دەبەستێتەوە ، لەڕاستیدا ڕوبەرێكی زۆر گەورە نا بەڵكو بەپێ ی ئەو فریكوێسیەی كە سیستەمەكەی لێ بنیات نراوە كە (900MHz)ەو تواناكەی سنوردارە ، ئەم تەكنیكە نوێیە زۆربەكەمی توشی (Noise) دەبێت و لەم لاینەوە بە تەواوی پارێزراوە تا ڕادەیەك بورجی گواستنەوە و وەرگرتنی فریكوێنسیەكانیش گەورەیەو دەبێت بە پێوەرێكی زانستی بەرز بكرێتەوە ، كوالیتی گواستنەوەی داتا لەم نەوە نوێیەدا هەرگیز بەراورد ناكرێت بە نەوەی پێش خۆی چونكە لەم نەوەدا ئەندازەی گواستنەوەی داتا بە توانایەكی سنوردار بنیات نراوە سەرباری گواستنەوەی دەنگ توانای گواستنەوەی تەواوی جۆرەكانی تری داتای هەیە بە توانایەكی سنوردار ، ناسراوترین جۆری داتا كە لەم نەوەیەدا بەتەواوی بڵاوبوەوە و كەوتەكار كورتە نامەیە ، كەبەتوانای (9.6 كیلۆبایت) بەردەست بوو ، هەر لەم نەوەی مۆبایلدا گەڕانی وڵاتان دەستەبەر كراوە بەهۆی ئەوەی ئەم تەكنیكە لەزۆربەی وڵاتەكاندا بەهەمان پرەنسیب لەكاردایەو جیاوازی نیە ، ناسراوترین تەكنیك لەم تەكنیكە بریتیە لە (GSM) ، لەماوەی گەشەكردنی ئەم نەوەیەدا سمارت فۆنەكان بەتەواوی بازاڕی داپۆشی چونكە لەم نەوەدا بەخێراییەكی سنوردار و بەتوانایەكی باش توانراوە ئەو ئەپڵیكەیشنانە بەگەربخرێت كە بۆ مامەڵەكردن لە ئینتەرنێدا بەكاردێن ، ئەم نەوەیە بەتەواوی سیستەمێكی دیجتاڵیەو داتا بە (01) دەگوازرێتەوە هەربۆیە ڕێ بە گواستنەوەی هەمووجۆرێك لەداتا دەدرێت بۆگواستەوە لەنێوان وەرگر و نێرەرەكاندا

پێش ئەوەی نەوەی سێیەم لەم تەكنیكە بێتە كایەوە هەر لە نەوەی دووەم دا سێ پێشكەوتنی گەورە بەرچاو دەكەوێت كە بووە هۆی ئەوەی بەسەرتاسەری جیهاندا بڵاو ببێتەوە كەلەهەر یەكێكیاندا جۆرێك لە تایبەتمەندی ناوازەو پڕبایەخ دەخرایە بواری كارەوە بۆنمونە لەماوەی گەشەكردنی ئەم نەوەیەدا سمارت فۆنەكان بەتەواوی بازاڕی داپۆشی چونكە لەم نەوەدا بەخێراییەكی سنوردار و بەتوانایەكی باش توانراوە ئەو ئەپڵیكەیشنانە بەگەربخرێت كە بۆ مامەڵەكردن لە ئینتەرنێدا بەكاردێن هەر ئەمەس وای كرد تەكنیكی (2.5G) گەشەی زیاتری پێبدرێت و شان بەشانی سمارت فۆنەكان هەنگاوبنێت بۆیە (2.5G) و (2.75G) هاتەبواری كارەوە هەر لە تەكنیكی دوونیوەوە تەكنەلۆژیای (GPS) كەوتەكار كە ئێستاش لە سمات فۆنەكاندا ئەم تەكنەلۆژیاییە جێگایەكی تایبەتی هەیەو زۆرێك لە ئەپەكان كە دروستكراون لەسەر ئەم تەكنیكە ناوبانگێكی جیهانیان پێ پەیداكردوەو یاریدەدەرێكی ئێجگار باشی بەكارهێنەرانە ، یەكێك لە تایبەتمەندیە هەرە نایابەكانی ئەم سیستەمە ئەوەیە لەسەر بنەمایەك كاردەكات ناودەبرێت بە (Packet Data) لەم تەكنیكەدا داتاكان دابەش دەكرێت بەیەكەی بچوك بچوك و دواتر لە نێرەرەوە دەنێرێت بۆ وەرگرەكە و خێرایی و كوالیتی گەیشتنی بەتەواوی مسۆگەردەبێت

لە تەكنەلۆژیای (2.5G) خێرایی وەرگرتن و ناردنی داتا لە (50kbpst) دەست پێدەكات كە دوا توانای تا (500 kbpst) بەرزكرایەوە بەهۆی تەكنیكی (GPRS) وە بەڵام لەدوا تەكنیكی دا كە كۆتایی بە تەمەنی هات واتا لە (2.75G) خێرایی گواستنەوەی داتا تا (1 mbit/s) بەرزكرایەوە و لەم بەرهەمەدا كردنەوەی پەڕەكانی ئینتەرنێت و بەرهەمەكانی مالتی میدیا بەتەواوی پاڵپشتی دەكرێت و تەواو گونجاوە لەگەڵ تەكنیكەكەدا بنەمای كار لەم نەوەیەدا بەهەرسێ جۆری (CDMA, TDMA, GPRS) بەردەستە

نەوەی سێیەم (3G) : نەوەیەكی پڕ لە خزمەتگوزاری و نوێكاریە و هەنگاوێكی ئێجگار گەورەبوو لەم بوارەدا چونكە جگە لە سیستەمی دیجیتاڵكی هەردوو سیستەمی (Broadband, Packet Data) تێدا كارایە خێرایی گواستنەوەی داتا لەم نەوەیەدا ئێجگار بەرزە ، یەكەم جار لە وڵاتی یابان ئەم بەرهەمە بەگەڕخرا لە ساڵی (2001)دا پاش دوو ساڵ لە ئەوروپاش هەمان تەكنیك خرایە بواری كارەوە و ئێستاش لە جیهاندا تەكنیكێكی نوێیە تەواوی وڵاتەكانی جیهان لەهەوڵی بەدەستهێنانی ئەم نەوە نوێیەدان ، لەم نەوەدا بەتەواوی توانای گواستنەوەی ڕەنگ و دەنگی هەیە لەیەك كاتتدا بەكوالیتیەكی بەرز ، تێچووی بەگەرخستن و بنیات نانی زۆرەو دەبێت لەسەر فریكوێنسیەكی نوێ بورجەكان دابمەزرێنرێت ئەگەرنا توشی كێشە دەبێت لەگەڵ فریكوێنسیە كۆنەكەدا یان دەبێت بە یەكجاری پشت لە تەكنیكە كۆنەكە بكرێت و سەرلەنوێ بورجەكان ڕێكبخرێنەوە لەسەر فریكوێنسیە نوێیەكە

خێرایی گواستنەوەی داتا لە (3G) لە (1.9 مێگابت) دەست پێدەكات و بە (28 Mbit/s) كۆتایی دێت ئەم تەكنیكەش هاوشێوەی نەوەی پێشوو چەند ژمارەیەكی تری لێ خرایەكار لەگەڵ ئەوەشدا هەر یەكێك لەم ژمارانە خاوەنی جۆرێك لە تەكنیك و تایبەتمەندی بون وەك (3.5G) ە (3.75G) و (3.9G) بەلام هەر لەسەر نەوەی سێیەم ئەژماردەكرێن و هەریەكێك لەم دەرچوانەش بە تایبەتمەندی و توانایەكی زۆر زیاتر لە وەی پێشووی دەخرایە بەردەست بەكارهێنەران ، لەم نەوەشدا لەسەر چەند تەكنیكێكی جیاواز ئەم خزمەتگوزرایە بەگەڕخراوە لێرەودا سێ دانە بە نمونە وەردەگرین وەك (CDMA 2000، UMTS) هەروەها (EDGE) كە هەمان سیستەمی (GPRS) كەلە (2.5G) بنیات نرابوو لێرەدا گەشەی پێدراوەو بەتەواوی تواناكەی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە

نەوەی چوارەم (4G) : جگە لە هەرسێ سیستەمەكەی نەوەی سێیەم دوو سیستەمی تریشی بۆزیاد كراوە كە ئەم نەوەی پێدەناسریتەوە یەكەم ناونراوە (All-IP) بەم پێیە بێت ئەم سیستەمە پشت بە پرۆتۆكۆلە ستانداردەكە دەبەستێت كە داتاكان ئاڵۆگۆڕ پێ دەكات لەنێوان وەرگر و نێرەردا هەربۆیە پشی بە ئای پی جێگیر دەبەستێت خێرایی گواستەوە چەندین بەرانبەرە لەم سیستەمەدا

تەكنیكی كار لەم سیستەمەدا دەكرێت بە سێ جۆرەوە هەر یەكێك لەم تەكنیكانەش توانای تایبەت بەخۆیان وەك (Wi MAX) و (LTE) كە چەند جۆرێكی لێ بنیات نراوەو هەمان تەكنیكی (UMTS) برەوەی پێدراوە كە كەمترین خێرایی داگرتن لەم تەكنیكەدا (128 Mbit/s) لەگەڵ ئەوەشدا تەكنیكی (Wi-fi) لە بەڕوبەڕیكی ئێجگار فراوان لەكاردایە ، بەگشتی خێرایی گواستنەوە لەم تەكنیكانەدا لە (100 Mbps) بەردەستە لەهەندێك وڵاتدا ( LTE Advanced) كارایە بەخێرایی داگرتن تێیدا نزیك دەبێتەوە لە (1 Gbit/s)  و خێرایی بەرزكردنەوەش (500 Mbit/s) كە خێراییەكی سەرسوڕهێنەرەو تا ئێستا لەم خێراییە زیاتر بەرهەم نەهێنراوە ، تایبەتمەندی ئەم نەوەیە بە (HSPA) پاڵپشە كە كورتكراوەی (High Speed Packet Access) خێرایی بەپێ ی كۆمپانیای دابەشكردنی هێڵەكە دەست نیشان دەكرێت و تەنانەت لە هەندێك باردا بڕی پێویستی خێرایی بە ویستی بەكاربەر دابین دەكرێت و نرخی جیاوازی لەسەر دادەنرێت  .

لەم چوار تەكنیكە زیاتر لە ئێستادا لە هیچ شوێنێكی تر تەكنیكێكی نوێ كارانیە تەنها شتێك كە ئێستا ئەندازیاری ئەم بوارە پێوەی سەرقاڵن بنیات نانی پێنجەم نەوەیە لەم تەكنیەكە كە خێرایی پێشبینیكراو بۆ داگرتن (1 Gbit/s) تێدەپەڕێنێت و وا چاوەڕوان دەكرێت لە 2018 دا لە ئەمریكا بخرێتە گەڕ و لە كوریای باشوریش لە 2020 دا ئەم تەكنیكە چالاك دەكرێت .

ئامادەكردنی : هۆشمەند ساڵح

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

لە دایك بووی ساڵی 1986 م و لە سلێمانی نیشتەجێم بڕوانامەی (Electronics and Computer Maintenance) و ( I C D L ) م بە دەست هێناوە ، لە ئێستاشدا خویندکاری زانستی کۆمپیوتەرم (Computer science) ، لە سەرەتای ساڵی 2002 دا بۆ یەکەم جار کۆمپیوتەرم کڕی و لەو ساڵەوە بە بەردەوامی هاوڕێ ی و هاودەمێکی هەمیشەییە بۆم ، بە ماوەی پچڕ پچڕ لە کاتە جیاوازەکاندا لەگەڵ بوارەکانی ( دیزاین و پرۆگرام سازی و وێپ داڕشتن نووسینی بابەتی ئای تی ) دا سەرقاڵبووم ، وە لە ساڵانی 2009 و 2011 دا لە بواری هاردوێردا کارم کردوە .

كۆمێنتێك بنووسە