پرۆگرام سازی یاخود بوون بە پرۆگرامەر كارێكی ئاسان نیە بەڵكو دوا لوتكەی شارەزابوونە لە زانستی كۆمپیوتەر و كەسێك كە هەڵگری ئەم نازناوەیە بە تەواوی پێ ی دەوترێت كەسێكی شارەزایە و ئەم نازناوەش لە خۆرایی نایەتە بوون بەڵكو پێویست بە ئەزموونێكی دوورو درێژ دەكات هەتا دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم دەكات  چونكە پرۆگرامەر كەسێكە كە زمانی قسەكردنی ئاسایی مرۆڤ دەگۆرێت بۆ زمانێكی فرمان ئامێز و وا لە پارچەكانی كۆمپیوتەر دەكات بە ویستی بەكارهێنەر هەڵبسوڕێت .

پرۆگرامەر هەر ئەوەنیە كە شارەزایی یەكێك لە زمانەكانی پرۆگرام داڕێژی بێت گۆڕاوەكان بناسیتەوە بتوانیت میسۆد بنوسیت بەڵكو دەبێت خاوەنی بیرۆكەبێت و بتوانێت داهێنان لە بوارەكەیدا بكات بنیات نەربێت نەك تەنها فێربێت و تەواو .

كەسانی بلیمەت لەم بوارەدا كەسانێكی سەرشێتن بە دەگمەن بلیمەتێك لەم بوارەدا دەدۆزیتەوە كە ژیانی ڕۆنەچووبێت لە بوارەكەدا ، كەوایە پرۆگرامەر كەسێكی عاشقە بە بوارەكەی و بەشێك یان زۆربەی لایەنەكانی ژیانی فەرامۆش دەكات لە پێناو بنیات نانی پرۆژەیەكدا و چەندین رۆژ و مانگ و ساڵ لە بنیاتنانیدا بەسەر دەبات بێ ئەوەی نائومێدبێت ، ئەم كارە شەرت نیە بەهۆی كەسێكی زیرەكەوە بكرێت نەخێر هەرگیز وانیە بەڵكو لەوانەیە هەموو كەسێك خاوەنی ئەم بەهرەبێت بەلام مەرجی كاركردن لە بواری پرۆگرام نووسیدا بوونی ئارامگرتنێكی دورودرێژە ، لەبەر ئەوەی كارەكە تا رادەیەك لە خۆبردوی دەوێت هەندێك جار ئەم كارە بەهۆی تیمێكەوە دەكرێت هەتا بتوانرێت باشترین بەرهەم بهێنرێتە بوونەوە .

چۆن كەسێك دەتوانێت هەنگاوی یەكەم لەم بوارەدا ببڕێت ؟

ئەو كەسەی خولیای پرۆگرامینە دەبێت سەرەتا بخوێنێت ئەزمونێكی دورو درێژ وەربگرێت لە یەكێك لە زمانەكانی پرۆگرام دارێژیدا چونكە ناكرێت و ناشێت بێ پێشەكی كەسێك ببێت بە پرۆگرامەر چونكە مامەڵەكردنی مرۆڤ لەگەڵ هاردوێرەدا تەنها لەرێگای سۆفتوێرەكانەوەیە كە پرۆگرامەرەكان بنیاتی دەنێین ئەم كارەش لەخۆڕا بنیات نانرێت بەڵكو دەبێت كەسێكی پرۆگرامەر شارەزایی كاری پارچە بنیاتنەرەكانی كۆمپیوتەر ببێت و بزانێت بە چ جۆرێك مەمەڵەی لەگەڵدا دەكات .

كەسێك كە بیەوێت ببێت بە پرۆگرامەر لە چ زمانێكەوە دەست پێبكات ؟

زۆربەی ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت ببن بە پرۆگرامەر راستەوخۆ بیرلەوە دەكەنەوە كام زمانە ئاسانە لەوەوە دەست پێ بكەن و یەكەم هەنگاو هەڵبێنن بەلام لەراستیدا زمانی پرۆگرام دارێژی جیاوازیەكی ئەوتۆ نیە لە نێوانیاندا هەموویان هەر بۆ یەك مەبەست بەكاردەهێنرێت و تا رادەیەكیش هەمان تەكنیك بەكاردەهێنن بەڵام بە پێ سەردەم گۆرانكاری لە توانای بەرنامەكەدا كراوەو بەردەوام لە پێش خستندایە تەنانەت ئەگەر كەسێك بەتەواوی شارەزای زمانێك ببێت ئەوا دوو تا سێ هەفتەی بەسە بۆ ئەوەی بەتەواوی بگوازێتەوە سەر زمانێكی تر و بتوانێت هەمان كارەكانی پێشووی دووبارە بكاتەوە لە زمانە نوێیەكەدا .

ئایا هیچ زمانێك هەیە ئاسان بێت بۆ فێربوون ؟

هەموو زمانەكانی پرۆگرام دروستكردن بە پێ ی بەكارهێنەرەكە ئاسانی و گرانی بەكارهێنانی دەگۆڕێت بۆ نمونە من جاڤام پێ ئاسانە و كەسێكی تر سی شارب ، ئەم قسەیەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كەسەكان بە پێ ی حەز و خولیای خۆیان دەتوانن بڕیاربدەن حەز بە تەكنیكی كام زمانە دەكەن بۆ بەكارهێنان شێوەی نووسینەوەی كۆدەكان لەهەر زمانێكدا جیاوازە و هەر زمانێك خاوەنی تەكنیكی تایبەت بەخۆیەتی ، ئەمەو سەرباری ئەو زمانانەی کە بۆ وێب پرۆگرامین بەکاردێت کەمێك تەکنیکی کاریان جیاوازە و کەسێك بیەوێت ببێت بە وێب پرۆگرامەر ئەوا هەندێك تایبەتمەندی تر دەبێت بزانێت کە بۆ پرۆگرامەری دیسکتۆپ زۆر گرنگ نیەو پێویستی پێ ی نابێت .

ئایا هیچ ڕێگایەك هەیە بۆ فێربوون جگە لە كۆد نوسین ؟

نەخێر ، زمانی بەرنامە سازی مەرجەكەی فێربوون و تێگەشتنە لە كاری كۆدەكان و گۆراوەكان ئەگەرچی كەسێكیش تەواوی ئامرازەكانی زمانیك بزانێت بۆ بەرنامە نووسین و شارەزایی تەواویشی تێدا پەیداكردبێت هێشتا هەر پێویستی بە بیرۆكە هەیە هەتا بتوانێت بەرنامە دروست بكات و داهێنانی تێدا بكات .

چۆن دەتوانین دەست پێ بكەم بۆ ئەوەی فێری كۆدەكان ببم ؟

سەرەتا دەبێت زمانێك بكەیت بە ئامانج و بتەوێت لەو زمانەدا شارەزایی پەیدا بكەیت ، بۆیە پێویستە مێژووی بەرنامەكان شارەزابیت و تەكنیكی هەریەكێكیشیان لەبەرچاو بگریت هەتا توانا و وزەی خۆت بۆ یەكێك لە زمانەكان یەكلایی بكەیتەوە و مەرجە لە خالی سفرەوە دەست پێبكەیت و نابێت بچوكترین هەنگاو بە ئاراستەی هەڵەدا بنێیت و دەبێت بە تەواوی خۆت یەكلایی بكەیتەوە بۆ فێربوونی تەنها زمانێك لە یەك كاتتدا .

چ شتێك زۆر یارمەتی دەرە بۆ ئەوەی بەتەواوی فێری زمانێكی پرۆگرام سازی ببم ؟

بێگومان تاقەت و وزەی خۆت بۆ كارەكە باشترین هۆكارە بۆ خێرا فێربوون بەڵام شتێك كە هەمیشە دەبێت فێرخواز لە یادی بێت ئەویش پراكتیزە كردنە واتا هەر چۆن بوەو بە هەرشێوەیەك بێت دەبێت ڕۆژانە چەندین جار بەرنامەیەك بنوسیتەوە هەتا بەتەواوی دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم دەكەیت و بتوانێت هەر لە هەمان بەرنامەوە شتی نوێ بەرهەم بهێنیت و زیادەی بخەیتە سەر و تایبەتمەندی نوێ ی بۆزیاد بكەیت .

بەشێوەیەكی زانستی لە ئاستی پرۆگرام سازیدا چەند مەرج و ڕاسپاردەیەك دانراوە بۆ بوون بە پرۆگرامەر بەم جۆرە :

یەكەم : خولێكی دورو درێژ یاخود مام ناوەند لەم سێ بوارەدا وەربگرە :

1- فێربوونی لۆجیك و سیستەم باینەری .

2- بیركاریەكی سەرەتایی و مام ناوەند .

3- سەرەتایەك دەربارەی زمانێك وەك (C++/ Java/ Python ) فێربە .

دووەم : دەبێت شارەزاییەكی بنەڕەتی لەیەكێك لە بەرنامەكانی داتابەیس پەیدا بكەین بەلایەنی كەم بزانیت تەیبڵ چیەو كوێری چیەو چۆن پێكەوە گرێ دەدرێن نمونە باوەكانی بەرنامەكانی بواری داتابەیسیش وەك :

1- مایكرۆسۆفت ئەكسس .

2- مای ئێس كیو ئێڵ سێرڤەر كە نمونەیەكی هەر زۆرباشە بۆكاری پرۆگرامین .

سێیەم : هەر لەسەرەتاوە دەبێت بڕیار بدەیت كە دەبیتە چ جۆرێك لە پرۆگرامەر ئاخۆ چ مەبەستێكت هەیە لەوەی پرۆگرام دروست بكەیت و نابێت بە پێ ی دەست كەوت كارە هەڵبژێریت بەڵك و دەبێت بە پێ ی حەز و خولیا هەڵبژرادن دەست نیشان بكەیت ، مەبەستەكانی پرۆگرام داڕێژیش بە گشتی بەم شێوەیە :

1- ئایا دەبیت بە وێب پرۆگرامەر یان دروستكردنی ئەپلیكەیشنەكانی دیسكتۆپ و وێب یان كار لەسەر بنیاتنانی ئۆپەرەیتین سیستەم دەكەیت دروستكردنی یان گەشەپێدان یاخود بەرنامە بۆ سمارت فۆنەكان بنیات دەنێیت .

2- دروستكردن بەرنامە بۆ بەگەڕخستنی دیڤایسە جیاوازەكان كە خۆی دەبینێتەوە لە دروستكردنی سیستەم و سۆفتوێر هەروەها پێشخستنی بەرنامە سەرچاوە كراوەكان و بنیاتنانی وەرگێڕی نێوان زمانەكان .

3- كەسێك كە لە هەڵەی بەرنامەكان بكۆڵێتەوەو لە چارەسەركردندا كەسێكی ئامادەبێت و بیرۆكەی نوێ لابێت بۆ كەم كردنەوەی زۆری فرمانەكان بۆ كەم لە هەر بەرنامەیەكدا .

چوارەم : هەر زمانێكی پرۆگرام داڕشتن بە تەكنیكێك كار دەكات و ئامرازەكانی ئاسانكاری لەهەر بەرنامەیەكدا جیاوازە هەربۆیە چەند بنەمایەك لەهەر زمانێكدا هەبێت بە زمانێكی پێشكەوتوو لەقەڵەم دەدرێت  ، دەبێت پرۆگرامەر بە وردی بزانێت كاری ئەم بنەمایانە چیەو چ ئاسانكاریەك بۆ بەكاربەر دەكات بۆچی دەبێت شارەزابێت تێیدا وەك :

1- ئامرازی (procedural) بۆ كێشانی نەخشەكاری بەرنامەی مەبەست بۆ نووسینی .

2- ئامرازی (object oriented) ئەم تەكنیكە لە زمانە پیشكەوتوەكاندا هەیە كە بەتەواوی ئاسانكاری دەكات بۆ پرۆگرام نووس هەتا لە تەنها قاڵبێكەوە سەدان فرمان وەرگرێتەوە .

3- ئامرازی (functional programming paradigms) بایەخدان بە نووسینەوەی كورترین هاوكێشەی بیركاری بۆ دەستكەوتنی خێراترین ئەنجامی پرۆسێسین كردن .

پێنجەم : بەكارهێنان و شارەزابوونێكی ورد لە گۆڕاوەكان و بەكارهێنانی بەردەوامی ئامرازە بنەڕەتیەكانی ناو زمانەكە بۆ خێرا ڕاپەراندنی كارەكان وەك (if else / switch case) و (while do , do while) لە شوێنی گونجاودا تێكەڵكردنیان لە ناو یەكدا و بنیات نانی هەندێكی یاری سادە كەلەسەر دیسكتۆپ جێگیر دەكرێت و تاقی دەكرێتەوە ڕاستەوخۆ تا هەست بكەیت كارەكە دژوار نیەو دەكرێت تۆش ببیت بە پرۆگرامەر .

شەشەم : پاش تێگەشتن لە زمانێكی پرۆگرام داڕێژی و بنیات نانی چەند نمونەیەكی سادە هەوڵ بدرێت هەمان نمونە بە زمانێكی تری پرۆگرام داڕشتن بنیات بنێت هەتا لە توانای بەرنامەكە دڵنیابیت و پێش ئەوەی بە تەواوی بچیتە ناو داڕشتی بەرنامەی ئاڵۆزەوە شارەزایی لەسەر خاڵە لاوازەكانی زمانەكە پەیدا بكەیت ، لێرەدا شتێك زۆر گرنكە بە شێوەی زنجیرە دەبێت بەكاربەر ڕابێت لەسەر زمانەكان نابێت باز بدات بۆنمونە ئەگەر تۆ شارەزایی لە زمانی (سی) هەبێت ئەوا دەبێت بۆ قۆناغی دووەم ببیت بە بەكاربەری (سی پلەس پلەس) نەك ڕاستەوخۆ لە سی شارب و جاڤادا خۆت ببینیتەوە ئەگەرنا ناتوانیت زاڵ بیت بەسەر فرمانە زۆرەكانی زمانە نوێیەكاندا ، خۆ ئەگەر راستەوخۆش لە یەكێك لە زمانە هەرە پێشكەوتوەكانی سەردەمیشەوە دەست پێ بكەیت وەك جاڤا ئەوا هیچ كێشەی نیە و دەتوانیت بە ئاسانیش ببیت بە پرۆگرامەرێكی سەركەوتوو بەڵام ئیتر پێویست ناكات بگەڕێیتەوە بۆ زمانی سی و هاوشیوەكانی .

حەوتەم : باشترە وانەیەكی گرافیكی بە تەواوی بنەماكانیەوە بخوێنرێت هەتا لەكاتی ڕازاندنەوەی ڕوكاری بەرنامەكەدا نمونەیەكی سەرنج ڕاكێش بنیات بنێیت و بەكارهێنەر بەلای خۆیدا ڕابكێشێت سەرباری فێربوونی دانانی شوێنی فرمانەكان لە ڕوكاری بەرنامەكەدا .

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تێك ئای، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات

شەیر بكە بۆ هاوڕێیانت

دەربارەی نوسەر

لە دایك بووی ساڵی 1986 م و لە سلێمانی نیشتەجێم بڕوانامەی (Electronics and Computer Maintenance) و ( I C D L ) م بە دەست هێناوە ، لە ئێستاشدا خویندکاری زانستی کۆمپیوتەرم (Computer science) ، لە سەرەتای ساڵی 2002 دا بۆ یەکەم جار کۆمپیوتەرم کڕی و لەو ساڵەوە بە بەردەوامی هاوڕێ ی و هاودەمێکی هەمیشەییە بۆم ، بە ماوەی پچڕ پچڕ لە کاتە جیاوازەکاندا لەگەڵ بوارەکانی ( دیزاین و پرۆگرام سازی و وێپ داڕشتن نووسینی بابەتی ئای تی ) دا سەرقاڵبووم ، وە لە ساڵانی 2009 و 2011 دا لە بواری هاردوێردا کارم کردوە .

Comments are closed.